سیاسەتی یاداوەریی، سیاسەتی خودنەفرەتیی

Draw Media

2024-03-17 16:45:04



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

دوێنێ، ١٦ ی مارت، یادی تاوانە گەورەکەی ھەڵەبجە بوو، تاوانی ھێرشە ژەھراوییە کارەساتبارەکەی ساڵی ١٩٨٨.  ڕۆژانی ئایندەش یادی پەلامارەکانی ئەنفالە. مێژووی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم مێژوویەکی پڕ تاوان و کارەساتی گەورەیە. ئەو تاوانانە لە پەلامارەکانی ئەنفالدا گۆڕان بۆ تاوانی لەناوبردنی دەستەجەمعیی چنراو و پلانبۆدانراو و رێکخراو. ئەو پرسیارەی دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵە بەسەر ئەم پەلاماردانە بەربەریی و کوشندانەدا دەشێت و پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە: ئایا بە ڕاستیی جینۆساید بووە بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئێمە؟ ئایا تاوانی ھەڵەبجە و پەلامارەکانی ئەنفال، وێرانکردنی ھەزاران گوند و شارۆچکەی کوردستان، کوشتن و ڕاگواستنی ملیۆنان مرۆڤ لە ژینگەی رەسەنی خۆیان و وێرانکردنی ئەو ژینگەیە، بوون بە بەشێک لە شوناسی نەتەوەیی ئێمە؟ وردتر بپرسم: ئایا ”یاداوەریی گشتیی“ ئێمە بووە بە یاداوەرییەکی نەتەوەیی، یان ئەویش یاداوەریەکی پارچەپارچە و بەشبەش و ناکۆکە و لە دەرەوەی لانی ھەرەکەمی کۆگیریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدایە؟

بەر لە ھەمووشتێک پێویستە لەو ڕاستییە سادەیەوە دەستپێبکەین کە”یاداوەریی گشتیی“، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، بوە بە کایەیەکی ئەکادیمی گرنگ و زیاد لە زانستێک لە زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان لەناویدا کاردەکەن. چەندان لێکۆڵینەوەی نوێ، لە چەندان بواری جیاوازدا سەبارەت بە فۆرمە جیاوازەکانی یاداوەریی گشتیی ئەنجامدراوە و ئەنجامئەدرێن. بە داخەوە بە دەگمەن نەبێت شتێکی ئەوتۆ لەم بوارە تازەیە بۆناو دونیای ڕۆشنبیریی و ئەکادیمی ئێمە نەگواستراوەتەوە. لە ڕووی مێژووییەوە رەنگە، کۆمەڵناسی فەرەنسی، ئێمیل دورکھایم. یەکەمین زانای کۆمەڵایەتی بێت کە گرنگی بە یاداوەریی دابێت و وەک شێوازێکی تایبەت لە پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە باسیکردبێت خاڵی گرنگ لای دۆرکھایم پێداگرتنە لەسەر ئاکاری کۆمەڵایەتییانەی یاداوەریی. لای ئەم کۆمەڵناسە یادکردنەوە ھەم مانای پەیوەندیکردن بە ڕابردووەو و ھەم مانای چۆنیەتی تێگەیشتن لەو ڕابردووە و چۆنیەتی راڤەکردنیشی. ھەردوکیشیان رۆڵی گەورە لە سازدان و دروستکردنی شوناسی کۆیی و دەستەجەمعیی کۆمەڵگادا، دەبینن.
دورکاھیم خۆی چەمکی ”یاداوەریی گشتیی“ بەکارناھێنێت، بەڵام قوتابیەکەی، ماوریس ھابلواج، ئەم چەمکە دادەھێنێت و دەیخاتە بواری کارکردنی تیورییەوە. ئەم کۆمەڵناسە پێماندەڵێت لەپاڵ ”یاداوەریی تاکەکەسیی“دا یاداوەرییەکی دیکەش ھەیە کە ناوی” یاداوەریی گشتیی“ لێدەنێت.
یاداوەریی گشتیی دروستکراوێکی کۆمەڵایەتییە، ھەمیشە گروپێکی کۆمەڵایەتیی یان چەند گروپێک، دروستیدەکەن، لەوانە بۆ نموونە، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، ھونەرمەندان، مێژوونووسان، ھتد... ئەم کردەی دروستکردنەش بەناو باسکردن و  پێداگرتن لەسەر ھەندێک رووداو و پەراوێزخستن و لەبیرکردنی ھەندێک ڕووداوی تردا تێدەپەڕێت. ئەمەش مانای ئەوەی ھەمیشە لە پشتی کردەی دروستکردنی یاداوەریی گشتییەوە، سیاسەتێکی دیاریکراوی یاداوەریی کاردەکات.
یاداوەریی گشتیی تەنھا ھێما بۆ پەیوەندیکردن بە ڕابردووەوە ناکات، بەڵکو شێوازی ئەو پەیوەندییانەش نیشانئەدات کە کەسەکان بە ئێستاوە و بەوەی لە ئێستادا ھەیە و ڕووئەدات، گرێئەدات. ھەموو پەیوەندییەک بە ڕابردووەوە بەشێکە لە پەیوەندیی بە ئێستاوە. زۆرجار ناشیرینییەکانی ئێستا ڕابردوویەکی ناشیرن و شکۆکانی ئێستاش ڕابردوویەکی شکۆدار دروستدەکات. بەم مانایە یاداوەری گشتیی یاداوەریەکە سایکۆلۆژیای باڵادەستی ئێستا و وێنە و ھێما و رەمزە باڵاەستەکانی ئێستا، ھێڵە گشتییەکانی دادەڕێژن. یاداوەری گشتیی ھاوکات لەناو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا رووئەدات و ئەو ژینگەیە رۆڵ دەبینێت لەوەدا چۆن لەو ڕابردووە و ڕووداوەکانی تێبگەین و چۆن بیانبینین و یادیانبکەینەوە.

بە کورتییەکەی ئەو ھێزە سەرەکییەی کە رۆڵ لە چیەتیی یاداوەری گشتییدا دەبینێت، ئێستایە، ئەوەیە لە ئێستادا ڕووئەدات. ئەوە ”ئێستا“یە کەسەکان بەرەو ئەوە دەبات چۆن بیر لە ڕابردوو بکەنەوە و چۆن ڕاڤەی بکەن و چ مانا و نرخ و بەھایەکی پێببەخشن. ئەمەیە وادەکات لە سەردەمی جیاواز و لای گروپی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ڕابردووی جیاواز دروستبکرێت. یادکردنەوەی ئەو ڕابردووەش بەپێی دۆخی ئێستا گۆڕانی بەسەردادێت و ڕووداوەکان لەو ئێستایەدا سەرلەنوێ ڕاڤەدەکرێنەوە و مانا و بێمانایی تایبەتیان پێدەبەخشرێت.

بەم شێوەیە، دەکرێت یاداوەریی گشتیی، لە ڕێگای یادکردنەوەی ڕووداوەکانەوە،  بۆ دروستکردن و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بۆ پاڵپشتیکردنی ھەستی ئینتیماکردن بۆ سەرزەمین و مێژوویەکی ھاوبەش، بەکاربھێنرێت. دەشێت لە قازانجی ھەستکردن بە شکۆ و بەھێزکردنی ھاریکاریی لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بەدەمەوەچونی ھێزە جیاوازەکان بۆ یەکتری کاربکات. لەم ڕووەوە ئارنست رێنان، زمانناسی فەرەنسیی، بەر لە دوو سەدە لەمەوپێش، پێی لەسەر ئەوە دادەگرێت کە یادکردنەوەی ھەندێک بەشی ڕابردو و لەبیرچونەوە و لەبیرکردنی ھەندێک بەشی تری، دەتوانێت ڕۆحیەتی ھاودەردیی و ھاریکاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەھێزبکاتت. یاداوەریی گشتیی دەشتوانێت شەرعیەت بەم ھێز یان بە ئەویتر، بەم یان ئەو دەسەڵات ببەخشێت.

بەڵام یاداوەریی گشتیی دەتوانێت رێک پێچەوانەی ئەو کارانە ئەنجامبدات و  وەک ئامرازێک کاربکات بۆ قووڵکردنەوە و گەورەکردنی دابەشبوون و لێکترازان و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵایەتیی. دەتوانێت وەک ھێزێک کاربکات بۆ نەھێشتنی لانی ھەرەکەمی کۆگیریی ناوەکیی، ھەڵوەشاندنەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی.

ئەوەی من لەم نووسینە و لە چەند نووسینێکی دیکەدا بەرگریم لێکردوە و بەرگریی لێدەکەم سیاسەتە جیاوازەکانی یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمە ھێزێکە نەک تەنھا بۆ دابەشبوون و لەناوبردنی ھەر کۆگیریی و ھاودەردییەک، بەڵکو بۆ ئاستی ڕقبوونەوە لە یەکتریی و تەنانەت ڕقبوونەوە لە خود خۆیشی بەرزبۆتەوە. یاداوەریی گشتیی لە دونیای ئێمەدا گۆڕاوە بۆ ژێرخان و ماتۆری پشتی دیاردەی خودنەفرەتیی، کە یەکێکە لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەریی و میدیایی ئێمە.

بە بۆچوونی من یاداوەریی گشتیی لەمرۆکەی دونیای ئێمەدا یاداوەریکی بەشبەش و پارچەپارچەیە. ھەر گروپێکی کۆمەڵایەتیی یاداوەرییەکی تایبەت بەخۆی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕابردوو دروستکردوە. ئەو پەیوەندییەش ئەو فۆرمە جیاوازانەی یاداوەریی بەیەکترییەوە گرێئەدات رق و پەلامار و تاوانبارکردن و بێنرخکردنی یەکترییە.

 یاداوەری گشتیی لە دونیای ئێمەدا بە ڕادەیەک بەش بەش و پارچەپارچەیە، بە رادەیەک لە ئێستایەکی پڕ لە ناشیرینیی و بێدادیی و ڕقەوە، دروستدەبێت، کە خودنەفرەتی گۆڕیوە بۆ گوتاری باڵادەست. ناشیرینییەکانی ئەمرۆکەی درێژکردۆتەوە بۆ ڕابردوو، تاوانەکانی ئەمڕۆکەی گۆڕیوە بۆ لۆژیکی ناوەکیی کارکردنی مێژووی ئێمە. ھەرکەسێک حەوسەڵەی ھەبێت لەم دیدگا تایبەتەوە سەیری بەشی ھەرەزۆری ئەوەی ڕۆژانە لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو دەنووسرێت و دەگوترێت، بە ئاسانی ئەم دیاردەی خودنەفرەتییە دەبینێت و ئەزموونی دەکات.

ئیشکردنێکی تةندروستانەی یاداوەری گشتیی پێویستی بە کۆمەڵێک بکەرە خەریکی پاراستنی ئەو یاداوەرییە بێت، پاراستن لە رێگای بەیاننامەدەکردن و خوتبەی سیاسیی بێمانا و درۆی ھەزاربارە و رێکخستنی بۆنەی حیزبیی تایبەتەوە نا، کە زۆرینەی کۆمەڵایەتیی وەک ناشیرنیکردنی زیاتری ئێستا دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، بەڵکو لە ڕێگای بینینی قووڵایی تاوان و کارەساتەکان و تەرجەمەکردنی ئەو قووڵاییە و گەورەیی ئەو پەژارە و برینانەوە کە دروستیدەکەن، بۆ کردەی مێژوویی ڕاستەقینە ناکۆک و دژ بە لۆژیک و سیاسەتی دروستکردن و بەردەوامیدان بەو تاوان و کارەساتانە. بۆ نموونە پەلاماردانی چەکدارانەی کورد لە تاوانی ھەڵەبجە و ئەنفالدا، کە مەبەست لێیان لەناوبردنی سەرتاسەریی بوو،  دەبوایە رێگربێت لەوەی کورد جارێکی دیکە لەناوخۆیدا رێگە  لە دابەشبوون و پارچەپارچەبوون و پەلاماردانی چەکدارانەی یەکتری، بگرێت.

لە دوای ھەڵەبجە و ئەنفالەوە ئەمە نەک رووینەدا، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی ئەنجامدرا. شەش ساڵ دوای ھەڵەبجە و ئەنفال ھێزەکانی پارتی و یەکێتی پەلاماری یەکتریاندا و ساڵانێکی درێژی شەڕێکی ناوخۆیی خوێناویان دەستپێکرد، کە تیایدا ھەزاران کەس کوژران و ھەرێمەکەشی بە کردەوە گۆری بۆ دوو ئیمارەتی سیاسیی ناکۆک و دژبەیەک. تاڵانکردنی سەروەت و سامانی مادیی کوردستان لە سەردەمی ئەنفالدا بیرۆکەی تاڵانکردنی لەدوای ئەنفالەوە لە مێژووی ئێمەدا نەک بنبڕنەکرد، بەڵکو لۆژیکی حوکمڕانیی ھێزە کوردییەکانی دوای ڕاپەڕین، درێژکراوەی ھەمان لۆژیکی تاڵاکردنی سەردەمی ئەنفالە.

بەمجۆرە رق لە حوکمڕانیی کوردیی، بە تایبەتی ڕق لە پارتی و یەکێتی، گۆڕاوە بۆ ڕق لە مێژووی کوردستان و لە ڕابردووی بەرگریکردنی ئەو کۆمەڵگایە لە خودی خۆیشی. خودنەفرەتیی گۆڕینی ئەم ڕقە سیاسییە ئێستاییەیە بۆ ڕقێکی وجودی لە کوردبوون خۆی وەک فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوون لە جیھاندا. ئەو یادوەرییە گشتییەی لە ئێستادا دروستدەکرێت لەزیاد لە ئاستێکیدا یاداوەریی نەفرەتکردنە لە کوردبوون خۆی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand