له سلێمانییه‌وه مانگرتن دژی بڕیاری حكومه‌ت ده‌ستیپێكرد
2024-03-17 07:17:31
(دره‌و):
له مانگی سێ‌دا، له سلێمانی مانگرتن بۆ موچه‌ی مانگی دوو ده‌ستیپێكرد، حكومه‌ت بڕیاریداوه تا به‌غداد هه‌موو پاره‌ی موچه نه‌نێرێت، ده‌ست به دابه‌شكردنی موچه نه‌كات، یه‌كێتیی دژی ئه‌م بڕیاره‌یه، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێ بڕی (374 ملیار) دینار كورتهێنانی هه‌یه بۆ خه‌رجی موچه.
به‌هۆی دواكه‌وتنی دابه‌شكردنی موچه‌وه، له‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ده‌وامیان راگرتووه. له‌دواین كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمدا كه رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، حكومه‌ت بڕیاریدا ده‌ست بۆ ئه‌و پاره‌یه نه‌بات كه وه‌زاره‌تی دارایی عێراق خستویه‌تیه سه‌ر ژماره حسابی حكومه‌تی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بڕیاریداوه خۆی په‌یوه‌ندی به محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه بكات بۆئه‌وه‌ی بڕی ته‌واوه‌تی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت.
بڕیاری حكومه‌ت بۆ راگرتنی پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی موچه به‌و بڕه پاره‌ی كه به‌غداد ناردویه‌تی، ناكۆكی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی دروستكردووه، یه‌كێتیی ده‌ڵێ ئێمه له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی موچه‌داین، وه‌زیری دارایی‌ش كه سه‌ربه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه ره‌تیده‌كاته‌وه له كۆبونه‌وه‌ی حكومه‌تدا وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیی دژی دواخستنی دابه‌شكردنی موچه بووبن.
دوێنێ وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم وتی: بە هەر رێگەیەک بێت بەمنزیکانە موچە دابەشده‌كرێت".
وه‌زیری دارایی عێراق چه‌ندجارێك هۆشداری به حكومه‌تی هه‌رێم داوه بۆ موچه‌ی مانگی سێ، به‌بێ كردنه‌وه‌ی ژماره حسابی بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له بانكه فیدراڵییه‌كان چیتر پاره بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نانێرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كه رۆژی 21ی شوبات به بڕیارێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكردووه به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات له‌رێگه‌ی بانكه فیدراڵییه‌كانه‌وه، چه‌ندرۆژی رابردوو بڕیارێكی تری ده‌ركردووه‌و وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی پابه‌ندكردووه، تا ئه‌وكاته‌ی پرۆسه‌ی كردنه‌وه‌ی ژماره حسابییه‌كان ته‌واو ده‌بێت، ده‌بێت به‌شێوه‌ی كاش پاره بۆ فه‌رمانبه‌ران بنێریت.
چەند رۆژێکە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی (560 ملیار) دیناری موچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم دابەشی ناکات دەڵێت کورتهێنانی (374) ملیار دینارمان هەیەو دەبێت بەغداد بینێرێت، ئەوکات دەستبەدابەشکردنی موچە دەکەین.
زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی رابردوودا تێپه‌ڕده‌بێت، هێشتا دەستنەکراوە بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات.