Draw Media

وه‌زیر رێنماییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

وه‌زیر رێنماییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌

2024-02-15 09:39:43


(دره‌و):
وه‌زیری رۆشنبیری دواجار ئه‌و رێنماییه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ تێیدا دیاریكردنی پێوه‌ره‌كانی ناوه‌ڕۆكی میدیاكانی دابووه‌ ده‌ست حكومه‌ت، ئه‌مه‌ دوای ئه‌و شه‌پۆله‌ ناره‌زایه‌تییه‌ هات كه‌ له‌باره‌ی رێنماییه‌كه‌وه‌ دروستبوو. 
حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی هه‌رێمی كوردستان به‌فه‌رمی رێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٣ تایبەت بە (ڕێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان) هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. 
ئه‌م رێنماییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردوودا شه‌پۆلێك ناڕه‌زایه‌تی میدیاكاران و نوسه‌رانی به‌ڕووی كابینه‌ی مه‌سرور بارزانیدا ته‌قانده‌وه‌، كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ پاشه‌كشێی بژێوی خه‌ڵكداو خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، رێوشوێنی بۆ كۆتوبه‌ندكردنی ئازادی بڵاوكردنه‌وه‌و قسه‌كردن دانابوو، به‌شێكی ره‌خنه‌كان ئاڕاسته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی كران، به‌وپێیه‌ی وه‌زیری رۆشنبیری سه‌ربه‌ یه‌كێتییه‌. 
ئه‌وكات (دره‌و) له‌سه‌ر ئه‌م رێنماییه‌، دیبه‌یتێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان و شاره‌زایانی بواری یاسا رێكخست، دكتۆر سامان فەوزی مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە یاسای راگەیاندن له‌ دیبه‌یته‌كه‌دا لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی رێنماییه‌كه‌ی له‌م خاڵانه‌دا كورتكرده‌وه‌:
•     پەرلەمان نه‌ماوه‌ یاساییەك دەربكات بۆ رێكخستنی كاری میدیا، حكومەت فرسەتی هێناوە بۆ دەركردنی ئەم رێنماییە. 
•    دەبێت دەستەیەكی سەربەخۆ هەبێت ئەو رێنماییانە دەربكات نابێت سەربە حكومەت بێت، خەلەلەكە لەوێوەیە كە وەزارەتی رۆشنبیری ئەو كارە بە ئەركی خۆی دەزانێت لەكاتێكدا میدیا دەسەڵاتی چوارەمە نابێت لەژێر رەحمەت و ركێفی دەسەڵاتی دووەمدا بێت، ئەی ئێمە ناڵێین جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان ئەوە كەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانە. 
•    لە رێنمایەكەدا ناونیشانەكان شتێكە بەڵام ناوەڕۆكەكە بووە بە شتێكی دیكە لە رووی شكڵیەوە ئیشكالیەتی زۆرە، بابەت هەیە ئیتیكیە بەڵام لەم رێنماییەدا وەكو یاسا مامەڵەی لەگەڵ كراوە كە ئەمەش گرفتە.
•    بەپێی مادەی نۆیەم، ئەم رێنماییە بواری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنوسان ناگرێتەوە، بەڵام ئەی بۆ دوایی پێناسەی رۆژنامەنووس دەكات، تێناگەین مەبه‌ستی چیە؟ 
•    زیاتر لە 100 ساڵە لەفەرنسا مۆڵەتی رۆژنامەگەری نەماوە، ئاخر شوێن كوردستان بوو كە لە یاسای رۆژنامەگەریدا مۆڵەتی نەهێشت، هەرچەندە بۆ تەلەفزیۆن جیاوازە، دەڵێت مۆڵەت لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیریە بەڵام دوای رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوە ئیشكالیەتی زۆر درووست دەكات.
•    رسوماتێكی زۆر دانراوە، لە مادەی حەوتدا سەتەلایت (40) ملیۆن دینار، تەلەفزیۆن (20) ملیۆن، رسوماتی كۆمپانیاكانی پەخش (30) ملیۆن دینارە، ئەمە لێدانە لە میدیای ئازاد كە ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە بدات.
•    لە مادەی چوارەم بڕگەی چوار باس لە پەنابردن بۆ ناوزڕاندن و جنێودان و بێزاركردن دەكات، كەس نازانێت مەبەستی لە بێزاركردن چیە؟ ئەو چەمكانە تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت. 
•     مادەی چوارەم بڕگەی 17 باس لەوە دەكات پێوەرەكانی ناوەڕۆكی میدیایی، فەرمانگەی میدیاو زانیاری سەربە حكومەتی هەرێم دەری دەكات، ئەمە كێشەی گەورەیە، واتا حكومەت بە میدیاكان بڵێ چیبكەن و چی دابەزێنن.
•     لە مادەی 11 دا دەڵێت بۆردێك درووست دەكرێت لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و رۆشنبیری و فەرمانگەی میدیاو زانیاری بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێنماییە، واتا حكومەت خۆی رێنماییەكە بەسەر رۆژنامەنووساندا جێبەجێ دەكات.
•    لە مادەی 13 بڕگەی دووەم باس لە داخستنی ئامرازی بڵاوكردنەوەی ئەلكترۆنی و پەیجی تۆڕی كۆمەڵایەتی، ئەمە سزایەكی زۆر توندەو وەكو ئیعدام وایە بۆ رۆژنامەگەری.
•      لە مادەی 12 بڕگەی 12، دەڵێت ئاشكراكردنی دۆكیۆمێنتەكانی حكومەتەوە مۆڵەتی بڵاوكردنەوەی گشتی نیە، واتا لەمەودوا نابێت هیچ بەڵگەو دۆكۆمیۆمێنێكی حكومەت بڵاوبكرێتەوە هەموو ئەوانەی گەندەڵی و خراپەكاری ناو حكومەت نابێت بڵاوبكرێتەوە.
•     لە رێنماییەكەی وەزارەتی رۆشنبیری چارەسەری بۆ میدیای سێبەر ئەوانەی كەسی پشتیانەوە دیار نیەو كارەكتەری پشتیەوە نازانرێت كێیە، تەشهیر دەكات و پەلاماری ئەم و ئەو دەدات، كە دەبوو لەهەمو زیاتر چارەسەری بۆ ئەو بابەتەی تیا بوایە بەهیچ جۆرێك باسی ئەوەی نەكردووە. 
•    لەنێوان رەتكردنەوەو هەڵوەشاندنەوەو هەمواركردنی ئەم رێنماییەی وەزارەتی رۆشنبیریدا من لەگەڵ ئەوەم ئەو رێنماییە بەتەواوی رەتبكرێتەوە لەبەر ئەوەی نازانی دەستكاری كوێی بكەیت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand