Draw Media

كورد به‌شدارو عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆت ده‌كه‌ن

كورد به‌شدارو عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆت ده‌كه‌ن

2024-02-04 18:21:29


راپۆرت: دره‌و
سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆی ده‌كات، هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان لایه‌نه‌كان نه‌كراوه‌، عه‌ره‌ب و توركمان دانیشتنه‌كه‌ بایكۆت ده‌كه‌ن، یه‌كێتیش وه‌كو براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتنی نه‌كردووه‌، به‌ڵام دڵخۆشه‌ به‌وه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مڕۆی كۆبونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ پارتی نوسراوه‌ "پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنرێت"، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا. 

كه‌ركوك ئاماده‌كاری بۆ سبه‌ینێ ده‌كات
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی پارێزگای كه‌ركوك به‌ڕێوه‌بچێت، راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك دانیشتنه‌كه‌ی بۆ سبه‌ینێ دواخست. ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كارمه‌ندانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ستیان كرد به‌ ئاماده‌سازی بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ. به‌ڕێوه‌چوونی كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ له‌كاتێكدایه،‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێكی كۆتایی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان. 
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی تا ساتی نوسینی ئه‌م راپۆرته‌ ده‌ست (دره‌و) كه‌وتوون، له‌ دانیشتنی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا، نوێنه‌رانی (یه‌كێتی + پارتی+ بابلیۆن) به‌شداری ده‌كه‌ن كه‌ به‌تێكڕا (8) كورسی ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ردا نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆتی ده‌كه‌ن و به‌مشێوه‌یه‌ نیسابی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كه‌ ته‌واو نابێت و ده‌بێت دوابخرێت تا ئه‌وكاته‌ی هه‌موو پێكهاته‌كان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆستی پارێزگارو دوو جێگره‌كه‌ی هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگارو جێگره‌كه‌ی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن.  
به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ كه‌ركوك، له‌كۆی (16) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ته‌نیا خۆی (5) كورسی بردوه‌ته‌وه‌، براوه‌كانی تری هه‌ڵبژاردن ئه‌مانه‌ن: 
•    هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامە‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت‌)
•    بەرەی توركمانی: 2 كورسی
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 كورسی
•    هاوپه‌یمانی قیادە: 2  كورسی (ئه‌مه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات‌و هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی ‌و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ر لەخۆدەگرێت)‌
•    هاوپه‌یمانی عروبە: 1 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ وه‌سفی عاسی سه‌رۆك هۆزی عوبێد سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌خۆده‌گرێت)
•    بابلیۆن: 1 كوسی "كۆتا"ی مه‌سیحی (ره‌یان كلدانی له‌چوارچێوه‌ی ریككه‌وتنێكداو به‌ پشتیوانی یه‌كێتیی ئه‌م كورسییه‌ی برده‌وه‌) 
هه‌فته‌ی رابردوو ئیبراهیم كاڵن سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا "میت" گه‌یشته‌ پیرمام و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی بینی، هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان له‌ناو یه‌كێتییه‌وه‌ كه‌ (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌م سه‌ردانه‌دا سه‌رۆكی "میت" به‌ مه‌سعود بارزانی راگه‌یاندووه‌، دوو كورسییه‌كه‌ی پێكهاته‌ی توركمان له‌ كه‌ركوك (به‌ره‌ی توركمانی) له‌گه‌ڵ پارتی ده‌بێت و رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی یه‌كێتیی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌م هه‌وڵه‌ی توركیای له‌گه‌ڵ پارتی له‌باربردووه‌، بۆ توركیا كه‌ركوك بایه‌خی ستراتیژی هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌وه‌ی شاره‌كه‌ پێكهاته‌ی توركمانی تێدایه‌، توركیا له‌ یه‌كێتیی نیگه‌رانه‌، زیاتر له‌ 10 مانگه‌ گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی راگرتووه‌، یه‌كێتیی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی سنوری سلێمانی كردووه‌ به‌ په‌ناگه‌ بۆ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)، سه‌رباری ئه‌مه‌ له‌ناو دابه‌شكارییه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراقدا یه‌كێتیی له‌ به‌ره‌ی ئێرانه‌وه‌ نزیكه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی پارتی له‌سه‌ر هێڵه‌كه‌ی توركیاو ئه‌مریكایه‌.  
ئه‌مڕۆ وه‌فدی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سه‌ردانی سلێمانی كرد، له‌ ده‌باشان له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی كۆبووه‌وه‌، ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ هیچ رێككه‌وتنێكی تێدا نه‌كرا، تاكه‌ ده‌ستكه‌وتی یه‌كێتیی له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ بوو توانی له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، پارتی قایل بكات به‌وه‌ی بنوسرێت "پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك دابنرێت". 
به‌م نوسینه‌ یه‌كێتیی ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر پارتی بكات به‌ماڵ پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك ده‌بێت كورد بێت، واتا پارتی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی عه‌ره‌بی و توركمانیدا رێككه‌وتن ناكات بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك، به‌بێ یه‌كێتیی.
به‌مدواییه‌ له‌ناو سوننه‌كانه‌وه‌ ده‌نگوباس بڵاوبووه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانێكی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك بۆلای مه‌سعود بارزانی، به‌ڵام پارتی ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ی نه‌ ره‌تكرده‌وه‌و نه‌پشتڕاستیشی كرده‌وه‌.
یه‌كێتیی له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی له‌ده‌ستداوه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ رێككه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا كه‌ له‌ ته‌موزی 2019 ده‌ستبه‌كاربوو، یه‌كێتیی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی به‌سته‌وه‌ به‌ به‌شداریكردنی له‌ حكومه‌ت، به‌ڵام پارتی نه‌چووه‌ ژێر باری رێككه‌وتنه‌كه‌و كاره‌كه‌ درێژه‌ی كێشاو دواجار په‌رله‌مانی عێراق له‌ژێر فشاری خۆپیشاندانه‌كانی تشرینی 2019دا، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئیتر هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ یه‌كێتیی نه‌مایه‌وه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و به‌ هاوكاری پارتی پۆستی پارێزگار له‌ راكان جبوری وه‌ربگرێته‌وه‌. 
له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ هێزه‌كانی عێراق گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌یان له‌ سنوره‌كه‌ كرده‌ ده‌ره‌وه‌، پارتی هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی بۆسه‌ر یه‌كێتیی رێكخست، تۆمه‌تباری كرد به‌ خیانه‌تی نیشتمانی و، ئه‌وكات ره‌تیده‌كرده‌وه‌ له‌ كه‌ركوك هیچ جۆره‌ لێكتێگه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی بكات، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌، پارتی كه‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ده‌یوت كه‌ركوك داگیركراوه‌و باره‌گاكانی ناگه‌ڕینێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك، به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 18ی كانونی یه‌كه‌می رابردوو باره‌گاكانی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت خۆش بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان پارتی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م پێویستی به‌ یه‌كێتیی ده‌بێت بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و نوێكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌  یاساییه‌كان، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ یه‌كیتیی له‌رێگه‌ی دادگای فیدراڵی عێراقه‌وه‌ تانه‌ی له‌ یاساكه‌ی داوه‌و ده‌ره‌نجامی دادبینییه‌كان وای نیشان ده‌ده‌ن سكاڵا یاساییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌. 
سه‌رباری ئه‌مه‌، به‌پێی راپۆرتێك كه‌ (دره‌و) له‌باره‌ی سیناریۆو ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك كردویه‌تی، پارتی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی رێككه‌وتن نه‌كات، بژارده‌كانی به‌رده‌می بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌دا لاواز ده‌بێت، چونكه‌ له‌كۆی (16) كورسی ئه‌نجومه‌ن ته‌نیا (2) كورسی بردووه‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتنێكی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان، روبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تی ته‌خوینكردن ده‌كاته‌وه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر پارتی خۆی به‌ یه‌كێتیی كرد، به‌وپێیه‌ی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك زیاتر له‌وه‌ی گوتاری پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌كانیان به‌رزكردبێته‌وه‌، گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردیان هه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ بۆ پارتی بژارده‌ی به‌هێز ئه‌وه‌بێت یه‌كێتیی پۆستی پارێزگار وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام كاندیدی پۆسته‌كه‌ دڵخوازی پارتیش بێت و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات (هاوشێوه‌ی دانانی عه‌بدولره‌حمان مسته‌فا به‌ پارێزگاری كه‌ركوك له‌ 2005دا كه‌ وه‌كو سه‌ربه‌خۆیه‌ك نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی كوردی ده‌كرد)، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگای كه‌ركوك زیاتر درێژه‌ بكێشێت، به‌تایبه‌تیش له‌وه‌دا كه‌ بڕگه‌ی (چواره‌م) له‌ مادده‌ی (13)ی یاسای ژماره‌ی (4)ی ساڵی 2023 (هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان) ده‌ڵێ:" ده‌سه‌ڵات به‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شده‌كرێت، به‌جۆرێك زامنی به‌شداری هه‌موو پێكهاته‌كان پارێزگای كه‌ركوك بكرێت، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن)، له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌م بڕگه‌ یاساییه‌دا، ده‌بێت له‌ هه‌موو سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوكدا، به‌شداری سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ (كورد+ عه‌ره‌ب+ توركمان) له‌به‌رچاو بگیرێت. 

ده‌رفه‌تی یاسایی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نه‌كان
12 رۆژ به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا تێپه‌ڕده‌بێت، تائێستا ته‌نیا له‌ دوو پارێزگای عێراق حكومه‌تی خۆجێی دروستكراوه‌. ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی رۆژی 22ی مانگی رابردوو داوای له‌ دادگاكانی تێهه‌ڵچونه‌وه‌ كرد پێشوازی له‌ كاندیده‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سوێندی یاسایی بخۆن. 
یاسای ژمارەی (10)ی ساڵی 2018ی هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم، لە ماددەی  (7)دا، رێوشوێنی هەڵبژاردنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
•    لە رێكەوتی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە، پارێزگار لەماوەی 15 رۆژدا بانگەواز دەكات بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر پارێزگار بانگەوازی نەكرد بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێ، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی لە رۆژی شانزەیەمدا ئەنجومەنی پارێزگا خۆی كۆدەبێتەوە.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رۆژی 23ی مانگی رابردوو ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی په‌سه‌ندكرد، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ رۆژی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 دوای 10 ساڵ دواكه‌وتن به‌ڕێوه‌چوو.
واتا به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌‌ دوا واده‌یه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجونه‌نه‌كان و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاره‌كان، خۆ ئه‌گه‌ر پارێزگاره‌كان داوای كۆبونه‌وه‌یان نه‌كرد، ئه‌وان رۆژی 8ی مانگ واتا پێنج  شه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌بێت ئه‌نجومه‌نه‌كان خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن. 

پارێزگار چۆن هه‌ڵده‌بژێردرێت ؟
بەپێی یاسای پارێزگا ناڕێكخراوەكانی لەچوارچێوەی هەرێمدا، پارێزگارو دوو جێگرەكەی بە دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێن، ئەمە لە ماوەیەكدا كە (30) رۆژ تێپەڕ نەبووبێت بەسەر رێكەوتی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا، واتا له‌ پارێزگایه‌كی وه‌كو كه‌ركوك هاوشێوه‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، پارێزگاریش ده‌بێت له‌كۆی (16) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن، (9) ئه‌ندام ده‌نگی پێبده‌ن .
به‌ڵام ئەگەر هیچ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستی پارێزگار دەنگی (زۆرینەی رەها)ی ئەندامانی ئەنجومەنی بەدەست نەهێنا، لەهەمان دانیشتنی ئەنجومەندا دەنگدانێكی تر رێكدەخرێت، لە دەنگدانی دووەمدا هەر كاندیدێك زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبێت بە پارێزگار.
ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كۆبونه‌وه‌كه‌ی بكات، لایه‌نه‌كان ده‌بێت له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ (30) رۆژدا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی، ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ودوا لایه‌نه‌كانی دانوستانی جددی ده‌ستپێبكه‌ن. 
ئەوەی لە یاسای (پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێم) تێبینی دەكرێت ئەوەیە مەرجی دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی پارێزگار یان جێگرانی پارێزگار كاندید دەكات دەبێت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، واتا كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا مافی خۆكاندیدكردنیان بۆ پۆسته‌كه‌ هه‌یه‌. 

نه‌ینه‌واو دیاله‌و پارێزگاكانی تر
له‌ پارێزگای دیاله ته‌نیا یه‌ك كاندیدی سه‌ربه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ئه‌ویش به‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌، له‌ پارێزگای نه‌ینه‌واش له‌كۆی (29) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كورد به‌تێكڕا (6) كورسی بردوه‌ته‌وه‌ كه‌ (4) كورسی هی پارتی و (2)  كورسی هی یه‌كێتییه‌، پارتی و یه‌كێتیی ده‌توانن له‌م پارێزگایه‌ هاوپه‌یمانێتیی دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر پارتی له‌ كه‌ركوك سازش بۆ یه‌كێتیی بكات، له‌ نه‌ینه‌وا ده‌بێت یه‌كێتی سازش بۆ پارتی بكات. ‌ 
هه‌رچی پارێزگاكانی تری عێراقه‌، براوه‌ی هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌یه‌، ئه‌م لایه‌نانه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێكه‌وه‌ حكومه‌تی عێراقیان دروستكردووه‌، به‌ڵام بۆهه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌ جیاجیا به‌شدارییان كردووه‌و سه‌رقاڵی گفتوگۆن بۆ دابه‌شكردنی پۆستی پارێزگاكان له‌نێوان خۆیاندا (جگه‌ له‌ به‌سره‌ كه‌ لیسته‌كه‌ی ئه‌سعه‌د عیدانی پارێزگاری شاره‌كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌و حساباتی جیاوازه‌).

ئه‌بومازن بوو به‌ پارێزگار
ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌لاحه‌دین كۆبووه‌وه‌، (ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا جبوری) كه‌ به‌ "ئه‌بومازن" ناسراوه‌و سه‌رۆكی حزبی (جماهیر)ه‌، وه‌كو پارێزگار هه‌ڵبژێردرا. (ئه‌یمه‌ن شوكر مه‌حمود) وه‌كو جێگری پارێزگارو (تاریق فه‌هد)یش وه‌كو جێگری دووه‌می پارێزگار بۆ كاروباری هونه‌ری هه‌ڵبژێردرا. له‌دوای زیاتر له‌ مانگ و نیوێك له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، پارێزگای سه‌لاحه‌دین یه‌كه‌م پارێزگایه‌ حكومه‌تی خۆجێی دروستكردووه‌.
له‌كۆی (15) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌لاحه‌دین، (9) كه‌سیان ده‌نگیان بۆ ئه‌بومازن دا. به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاریش، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌لاحه‌دین به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ (عادل عه‌بدولسه‌لام)ی له‌ هاوپه‌یمانی حه‌سمی نیشتمانی (هاوپه‌یمانی نێوان ئوسامه‌ نوجێفی+ جه‌مال كه‌ربولی+ رافع عیساوی+ سابت عه‌باسی) وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و (محه‌مه‌د حه‌سه‌ن عه‌تیه‌)شی له‌ هاوپه‌یمانی سیاده‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر وه‌كو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبژارد. 
مشعان جبوری كه‌ یه‌كێك له‌ روخساره‌ دیاره‌كانی پێكهاته‌ی سوننه‌ی عێراقه‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ نه‌یاری سیاسی ئه‌بومازنه‌و خۆی پێشتر له‌سه‌ر پارێزگای سه‌لاحه‌دین په‌رله‌مانتار بووه‌، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ رایگه‌یاند" ئه‌بومازن به‌ پشتیوانی حه‌لبوسی و موسه‌ننا سامه‌ڕائی و عه‌ممار یوسف وه‌كو پارێزگار هه‌ڵبژێردراوه‌"، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی بایكۆتی دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كرد.
له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین له‌كۆی 15 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، حزبی جه‌ماهیر كه‌ ئه‌بومازن  سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات (4) كورسی بردووه‌، هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی نیشتمانی (3)، هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی (2) كورسی، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی (2) كورسی، حزبی سیاده‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر (2) كورسی، هاوپه‌یمانی حه‌سمی نیشتمانی (2) كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌.

پارێزگاری كه‌ربه‌لا بۆی نوێ كرایه‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ربه‌لا ئه‌مڕۆ (نه‌سیف  ختابی) وه‌كو پارێزگار هه‌ڵبژارده‌وه‌، خیتابی سه‌رۆكایه‌تی لیستی (ابداع كربلا‌و) ده‌كات و ئه‌مه‌ جاری دووه‌مه‌ پۆستی پارێزگار وه‌رده‌گرێته‌وه‌. عه‌لی میالی وه‌كو جێگری پارێزگاری كه‌ربه‌لا هه‌ڵبژیردرا، ئه‌میش هه‌ر سه‌ربه‌ لیسته‌كه‌ی پارێزگاره‌.
هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ربه‌لا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ (قاسم یه‌ساری) وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژارد، قاسم سه‌ربه‌ هاوپه‌یمانی (نبنی)یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوان (هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لی)یه‌، بۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش (مه‌حفوز ته‌میمی) هه‌ڵبژێردرا كه‌ سه‌ربه‌ سه‌ربه‌ لیستی (ابداع كربلا‌و)ه‌و نه‌سیف ختابی پارێزگاری كه‌ربه‌لا سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات. 
له‌كۆی (13) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ربه‌لا، لیستی (ابداع كربلا‌و) كه‌ پارێزگار سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد (7) كورسی بردووه‌، ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی (2) كورسی بردووه‌، هاوپه‌یمانی (نبنی) كه‌ شه‌راكه‌تی هادی عامری و قه‌یس خه‌زعه‌لییه‌ (2) كورسی بردووه‌، هاوپه‌یمانی هێزه‌ نیشتمانییه‌كانی ده‌وڵه‌ت كه‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوان عه‌ممار حه‌كیم و حه‌یده‌ر عه‌بادییه (1) كورسی بردووه‌، هاوپه‌یمانی (ابشر یا عراق)یش (1) كورسی بردووه‌.
واتا له‌ كه‌ربه‌لا لیسته‌كه‌ی پارێزگار هه‌م پۆستی پارێزگاری وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌، هه‌م پۆستی جێگری پارێزگارو جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاشی بردووه‌، ته‌نیا پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بۆ هادی عامری به‌جێهێشتووه‌.  ‌

ئه‌نبار سبه‌ینێ پارێزگار هه‌ڵده‌بژێرێت
عه‌لی فه‌رحان دلیمی پارێزگاری ئه‌نبار سبه‌ینێ وه‌كو واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دیاریكردووه‌، دانیشتنێك كه‌ ده‌بێت تێیدا پۆستی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو جێگره‌كانیان هه‌ڵبژێردرێت. 
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار له‌ (16) كورسی پیكدێت، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی (6) كورسی بردووه‌، هاوپه‌یمانی (ئه‌نبار ناسنامه‌مانه‌) كه‌ عه‌لی فه‌رحان پارێزگاری ئه‌نبار سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات (3) كورسی بردووه‌و ئه‌میش هاوپه‌یمانی حه‌لبوسییه‌، هاوپه‌یمانی (قمم) كه‌ خالید  به‌تال سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و له‌گه‌ڵ حه‌لبوسیدا هاوپه‌یمانه‌ (2) كورسی بردووه‌، سیاده‌ی خه‌میس خه‌نجه‌ر (2) كورسی بردووه‌، عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و حه‌سمی نیشتمانی كه‌ سابت عه‌باسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی ئه‌نباری یه‌كگرتوو هه‌ریه‌كه‌یان (1) كورسییان هه‌یه‌. 
به‌پێی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی پۆستی پارێزگاری ئه‌نبار وه‌رده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام دوێنێ (5) ئه‌نجامی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار كوتله‌یه‌كی نوێیان به‌ناوی "سه‌قامگیری" راگه‌یاندو پێكدێن له‌ ئه‌ندامانی لیسته‌كانی (سیاده‌- ئه‌نبار ناسنامه‌مانه‌- حه‌سم- عه‌زم- ئه‌نباری یه‌كگرتوو)، كۆی گشتی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م لیستانه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا (8) كورسییه‌، ئه‌گه‌ر به‌ره‌كه‌ له‌ (5) كورسییه‌وه‌ بۆ (8) كورسی زیادبكه‌ن، گرفت بۆ حه‌لبوسی دروستده‌كه‌ن و ره‌نگه‌ نه‌هێڵن بۆ جاری دووه‌م پۆستی پارێزگاری ئه‌نبار وه‌رگبرێته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand