بارزانی به‌نهێنی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی كه‌ركوك كۆبوه‌ته‌وه
2024-01-15 11:20:33
(دره‌و):
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك كۆبوه‌ته‌وه، داوای لێبوردنی له "هه‌ڵه‌كانی رابردوو به‌رامبه‌ر به عه‌ره‌ب" كردووه، پارتی به‌ر له یه‌كێتیی دانوستانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك ده‌ستپێكرد.
موهه‌یمن حه‌مه‌دانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق كه یه‌كێكه له سه‌ركرده‌كانی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌یان هه‌بووه.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)، وه‌فدێكی عه‌ره‌بی كه‌ركوك كه راكان جبوری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك سه‌رۆكایه‌تی كردووه، له پیرمام چاویان به مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وتووه.
موهه‌یمن حه‌مه‌دانی له‌باره‌ی ئه‌م كۆبونه‌وه رایگه‌یاند" كۆبونه‌وه‌یه‌كی مێژوویی و راستگۆیانه بوو، بۆیه‌كه‌مجاره روونییه‌ك له په‌یوه‌ندی كورد‌و عه‌ره‌بدا هه‌بێت و هه‌ڵه‌كانی ساڵانی رابردوو ده‌ستنیشان بكرێت و دانیان پێدا بنرێت و داوای لێبوردن له هه‌موو عه‌ره‌ب بكرێت به‌هۆی هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه".
هه‌ر له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بارزانی، حه‌مه‌دانی ده‌ڵێ: ئه‌وه خرایه‌ڕوو هیچ سازشێك له مافی عه‌ره‌ب ناكرێت و به‌پیی لێكتێگه‌یشتنه‌كان له ئه‌مڕۆ به‌دواوه نه ژووره تاریكه‌كان هه‌یه‌و نه سازشكردن له عێراقیبوونی كه‌ركوك.
" به‌ڵێ بۆ قۆناغێكی نوێی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێكه‌وه‌ژیانی راسته‌قینه له كه‌ركوك، نه‌ك ئاشتییه‌كه‌ی پێشووی زۆرینه‌ی كورد كه ئه‌م دروشمه‌ی به‌بێ كردار به‌رزكردبووه‌وه.. هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی رابردوو خواستنی ئێمه‌یه" په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پرۆژه‌ی عه‌ره‌بی وای نوسیوه.
كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكی پارتی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له‌كاتێكدایه پارتی و یه‌كێتیی وه‌كو دوو براوه‌ی كورد له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك هیشتا هیچ دانوستانێكیان له‌باره‌ی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی ئه‌و پارێزگایه ده‌ستپێنه‌كردووه.
له‌كۆی 16 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له هه‌ڵبژاردنی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023دا، یه‌كێتیی (5) كورسی و پارتی (2) كورسییان به‌ده‌ستهێناوه‌و لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان (6) كورسی و پێكهاته‌ی توركمانیش (2) كورسی بردووه، یه‌ك كورسی "كۆتا"ی پیكهاته‌ی مه‌سیحیش بۆ بزوتنه‌وه‌ی (بابلیۆن)ی ره‌یان كلدانی بووه كه هاوپه‌یمانی یه‌كێتییه.
پێكهاته‌ی توركمان كه به‌ره‌ه‌ی توركمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات به (2) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه داوای پۆستی پارێزگار ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی راگه‌یاندووه ده‌یه‌وێت پۆستی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به نۆره بێت و بۆ چوار ساڵی داهاتوو، هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی كه‌ركوك 16 مانگ پۆستی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌ده‌سته‌وه بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه باره‌گاكانی له كه‌ركوك كشانده‌وه، كه‌ركوكی وه‌كو داگیركراو و راكان جبوریشی وه‌كو پارێزگارێكی داسه‌پێندراو ناوده‌هێنا، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2018ی عێراقدا له كه‌ركوك پارتی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی نه‌كرد، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی 2021دا به‌شداربوو، به‌ر له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023، پارتی باره‌گاكانی گه‌ڕانده‌وه بۆ كه‌ركوك.
بۆ زانیاری زیاتر له‌باره‌ی سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك كلیك له‌م راپۆرته‌ی خواره‌وه بكه:
پارێزگاری كه‌ركوك چۆن یه‌كلاده‌كرێته‌وه ؟