ئەمجارەش
2023-12-22 10:52:36
د. شێركۆ عهبدوڵا تایبهت به (درهو)
* موستەقبەلی هەرێم، شوقەیەکی چۆڵە بیریان چووە گڵۆپەکەی بکوژێننەوە.
* مەعنەویاتم لە پاتری ئایفۆن خراپترە، لە پڕ دائەبەزێ.
* دەنگی ئیسلامییەکان لە کەرکوک بە جۆرێکە، پێش ئەوەی بیڵێی ئەبێ بڵێی دوور لە ڕووی حازری.
* با مەعنا ڕاستەقینەکەی کریسمەسمان بیر نەچێ؛ قەلخواردن و سێڵفی.
* توخوا ئەمجارەش تێی خەرەوە؛ ئەو ڕجایەی کە وەزارەتی دارایی لە بانقی ناوەندیی عێراق هەیەتی.
* نیشانەی ڕەنجکێشانی جاران دەستی زبر بوو، ئێستا ئەژنۆی ڕوشاوە.
* برابچۆلەکەم وتی گەیشتوینەتە تەمەنێک ئیتر عەیبە باوەڕمان بە بەعزە شتێک هەبێ، وتم وەکو چی ؟ وتی بابە نۆئیل و دێوەکەی حەمامی سورەت و گەڕانەوەی پاشەکەوتەکان.
* ئەو نەناسەی لە سەرەی ئاودەستدا نۆرەکەی خۆیت ئەداتێ حەوت ڕەفیقی منداڵیی بکە بە قوربانی.
* کامیان خەتەرترە: تورکێک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا یان ژیژکێک لە مەعمەلی کۆندۆمدا ؟
* هەموو شکستێک سەرەتایەكە بۆ سەرکەوتنێکی نوێ، بەڵام ئاخۆ لە کەرکوکدا شمولی پارتی ئەکات ؟