ئەمڕۆ جوانتری لە دوێنێ
2023-12-16 07:52:39
د. شێركۆ عهبدوڵا تایبهت به (درهو)
* ئەوەندە مەڵێ هیچمان بۆ نەکراوە، هیچمان بۆنەکراوە…هیچتان بۆ نەکراوە ڕاستە، بەس ئەوەندەی مەڵێرەوە.
* بەوەدا ئەزانم ئەو ماڵە کوردن درەختی کریسمسیان لەژێر ئایەتەلکورسیدا داناوە.
* بەغدا جوابی هەولێر بە جوابنەدانەوە ئەداتەوە.
* باسی تەناقوض بۆ میللەتێ مەکە هەم چاوی لە کورسی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ و هەم لە هی پەڕلەمانی عێراق.
* ئینسان غەڵەت ئەکات، لەبەرئەوە ئەبینی قەڵەم لاستیکی خەتکوژانەوەی بەسەرەوەیەو کوردیش ئەم دەسەڵاتە.
* گوێم لە مۆسیقارێک بوو ئەیوت هەق وابوو باک گراوندی لێدوانی شاندەکەی هەرێم گۆرانییەکەی تایتانیک بوایە.
* لوقمانی حیزب: ئەی کوڕی خۆم گرنگ وەزعەکەیە بیپارێزیت، کوردستان موەقەتە.
* سیاسەتیش سەیرە ها… ئەوانەی دەیانویست دۆخەکە ژێرەوزەبەر بکەن ئێستا مەنجەڵێ یاپراخیان پێ هەڵناگەڕێتەوە.
* هەزار دکتۆراشت هەبێ لە جێنەتیکدا نازانیت ئەسڵ و نەسەبی ئەم سیاسەتەی ئەمڕۆمان کێیە.
* ماستاوچی ئەگەر بەند بۆ کارەبا بێژێ: ئەمڕۆ جوانتری لە دوێنێ.