Draw Media

دابەشكردنی كورسیەكانی كەركوك بەسەر ناوچەكاندا

دابەشكردنی كورسیەكانی كەركوك بەسەر ناوچەكاندا

2023-12-14 13:52:03



درەو:
بەلەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوچە كوردییەكانی كەركوك (6) كورسی و ناوچەی تێكەڵ (5) كورسی و ناوچەی عەرەبی (4) كورسییان بەردەكەوێت، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی كورد بەسەرجەم هاوپەیمانی و لیستەكانیەوە (8) كورسی لە كەركوك بباتەوە، پێكهاتەی عەرەبی بە كورسی كۆتاكەیەوە (5) كورسی و پێكهاتەی توركمان (3) كورسی بەرنەوە.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
زیاتر لە (18) ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك ئەنجام نەدراوە، رۆژی 27ی ئازاری 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد و بڕیاریدا لە 18/12/2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگاكان بكرێت بە پارێزگای كەركوكیشەوە، بەڵام لە هەموارەكەدا مادەی (13) تەرخانكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لە بڕگەی دووەمی مادەی (13)ی هەمواری یاساكەدا هاتووە" "ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بنەمای یاسایی و ئیداری پەیوەست بە دیاریكردنی داهاتووی كەركوك". لە بڕگەی چوارەم و كۆتایی مادەی (13)دا ئاماژە بەوەكراوە" "دەسەڵات بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان".
بۆهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك:
•     (870 هەزار و 920) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
•    دەنگدانی گشتی (813 هەزارو 590) دەنگدەر
•    دەنگدانی تایبەت (57 هەزارو 330) دەنگدەر
•    ژمارەی بنكەكانی دەنگدان (344) بنكە
•    ژمارەی وێستگەكانی دەنگدان (2033) وێستگە

بۆ هەڵبژاردنی 18/12/2023 ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (15) كورسی دیاریكراوە لەگەڵ (كورسیەكی كۆتا) ئەگەر بەلەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو كە (12) كورسی بوو كورسیەكان دابەشی ناوچەكان بكرێت:
•    باكوری كەركوك كە ناوچەی زۆرینەی كوردە، لە هەڵبژاردنی پێشوو (5) كورسی بۆ بازنەی یەك دیاری كرابوو بەلەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئەو ناوچەیە (6) كورسی بەردەكەوێت.
•    باشوری كەركوك زۆرینەی پێكهاتەی عەرەبە لە هەڵبژاردنی پێشوو (3) كورسی بۆ دیاریكرابوو، بەلەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو ئەو ناوچەیە (4) كورسی بەردەكەوێت.
•    ناوەڕاستی كەركوك كە تێكەڵە لە (كورد، توركمان، عەرەب)، (4) كورسی بۆ دیاری كرابوو، بەلەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی پێشوو بۆ ئەم هەڵبژاردنە (5) كورسی بەردەكەوێت.   

لە هەڵبژاردنی پێشوودا 10/10/2021 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەركوك:
•    كورد: 6 كورسی بردەوە
•    عەرەب: 4 كورسی بردەوە
•    توركمان: 2 كورسی بردەوە

ئەگەر دەنگ و كورسیەكانی هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر هەڵبژاردنی ئەمجاردا دابەشبكرێتەوە كورسیەكان بەم شێوەیەی لێدێت.
•    پێكهاتەی كورد: 8 كورسی
•    پێكهاتەی عەرەب: 5 كورسی (بە كورسی كۆتاوە)
•    پێكهاتەی توركمان: 3 كورسی

لە هەڵبژاردنی رابردوو 2021 رێژەی دەنگدانی بازنەكانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بووە:
•    بازنەی یەكەم (461 هەزارو 328) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، (168 هەزارو 997) كەس دەنگیدا، ناوچە كوردییەكان رێژەی دەنگدان (37%) بووە، لە كۆی (5) كورسی، (4) كورسی بۆ كورد و (1) كورسی بۆ پێكهاتەی عەرەبی بوو.
•    بازنەی دووەم، (398 هەزار و 170) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، (143 هەزارو 724) كەس دەنگیدا ناوچەی تێكەڵ رێژەی دەنگدان (36%) بووە، لەكۆی (4) كورسی، (2) كورسی بۆ كورد و (2) كورسی بۆ توركمان.
•    بازنەی سێیەم (217هەزارو 430) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، (96 هەزارو 996) كەس دەنگی داوە ناوچەی عەرەبی رێژەی دەنگدان (45%) بووە، لەكۆی (3) كورسی پێكهاتەی عەرەبی سەرجەم كورسیەكانی بردووە.

ئەگەر دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشوو 10/10/2021 بە شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراوە (1.7) بەسەر رێژەی كورسییكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بچەسپێنین بەم شێوەیەی لێدێت:
•    ناوچەی یەكەم: كە زۆرینەی كوردەو گەڕەكە كوردییەكان و پردێو  لەیلان و ناوچە كوردییەكان دەگرێتەوە نزیكەی (6) كورسی بەردەكەوێت، چاوەڕوان دەكرێت كورد هەر (6) كورسیەكە بەرێت، ئەگەر ماوەی بەهێزی سانتلیگۆ بەهۆی فرە لیستی كوردەوە كورسیەك نەدات بە پێكهاتەیەكی تر.
•    ناوچەی دووەم: كە ناوچەیەكی تێكەڵەو ناوچەی داقوق و گەڕەكەكانی ناوەڕاستی كەركوك دەگرێتەوەو زۆرینەی توركمانەكان لەم ناوچەیە دەژین(5) كورسی بەردەكەوێت، پێشبینی دەكرێت كورد (2) كورسی و توركمان (3) كورسی بەربكەوێت.
•    ناوچەی سێیەم: كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبن و ناوچەكانی حەویجەو رەشاد و ریازو عەباسی و گەڕەكە عەرەب نشینەكانی دەگرێتەوە، (4) كورسی بەردەكەوێت، هەرچوار كورسیەكە بۆ پێكهاتەی عەرەبیە و كورسی كۆتاكەش چاوەڕوان دەكرێت حزبكەی (رەیان كلدانی) بیباتەوە واتا پێكهاتەی عەرەبی لە كەركوك (5) كورسی بەردەكەوێت.
•    بەپێی ئەو لێكدانەوەیەی سەرەوە بۆ هەڵبژاردنی 18/12/2023 ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك:
•    كورد بەسەرجەم لیستەكانیەوە: 8 كورسی دەباتەوە
•    عەرەب بەسەرجەم لیستەكانیەوە: 5 كورسی (بە كورسی پێكهاتەوە) دەباتەوە
•    توركمان بەسەرجەم لیستەكانیەوە: 3 كورسی دەباتەوە.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

كورد لە هاوكێشەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقدا

حزبە كوردیەكان بەجیا دەچنە هەڵبژاردنی كەركوكەوە

بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand