Draw Media

كۆمپانیای كار بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ عێراق راگرت

كۆمپانیای كار بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ عێراق راگرت

2023-12-10 15:22:58



 
درەو:
بەهۆی وەرنەگرتنی پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، كۆمپانیای كار گروپ بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ عێراق راگرت، كە رۆژانە (85) هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی عێراق دەكردوەو لەماوەی (5) مانگی رابردوودا بڕی (11) ملیۆن بەرمیل نەوتی بەهەمهێنانەوەو لە پاڵاوگەكانی خۆی نەوت و بەنزینی بۆ پارێزگای نەینەوا دەپاڵاوت، كۆی پارەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو ماوەیەدا زیاتر لە (260) ملیۆن دۆلارەو لەلایەن حكومەتی عێراقەوە خەرجنەكراوە
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ماوەی دوو هەفتەیە كۆمپانیای كار بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ عێراق راگرتووە، ئەویش بەهۆی خەرجنەكردنی تێچوی بەرهەمهێنانی نەوتەوە كە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا نزیكەی (11) ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ عێراق بەرهەمهێناوە بەڵام كرێی تێچووەكەی وەرنەگرتووە.
پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كەمال محەمەد وەزیری ئاسمانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین".  
لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد" گرێبەستەكانی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق، چونكە عێراق كۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەرێگەی كۆمپانیاوە دەیكەین. لە 24ی ئابدا لەگەڵ كۆمپانیاكان كۆبوینەوە كە نرخی دیاریكراو بۆ بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی نەوت لەلایەن  وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە (6 دۆلار) دیاریكراوە‌و ئەوە لە بودجەدا پەسەندكراوە، كۆمپانیاكان هەموویان بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان دایەوە‌و وتیان ئێمە ناتوانین بەو (6 دۆلار)ە بەردەوام بین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت".
بەپێی راپۆرتى فەرمانگەی ئابوری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ تێچووی بەرهەمێنان‌و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی بە بڕی (8 هەزارو 960) دینار دیاریكردووە كە دەكاتە (6,9) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێكڕای ئەم خەرجییەی بە بڕی (32,91) دۆلار دیاریكردووە، بەمشێوەیە: 
•    بڕی (24,32) دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت
•    بڕی (6.9) دۆلار بۆ گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت
بەپێی ئەو نرخەی كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پێی وایە دەبێت بەغداد بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت بۆ كۆمپانیاكانی خەرجبكات كە (24) دۆلارە ئەوا داهاتی ئەو نەوتەی لەماوەی (5) مانگی رابردوو كۆمپانیای كار رادەستی بەغدادی كردووەو (11) ملیۆن بەرمیلە دەكاتە (264) ملیۆن دۆلار، بەڵام بەپێی ئەو نرخەی وەزارەتی نەوتی عێراق دیاریكردووە كە (6) دۆلارە ئەوا كۆی ئەو پارەیەی كە دەبێت بۆ ئەو (11) ملیۆن بەرمیلە خەرجی بكات (66) ملیۆن دۆلار دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand