Draw Media

هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌به‌رده‌م چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا

هاوپه‌یمانی  نیشتمانی له‌به‌رده‌م چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا

2023-12-07 14:47:23


(درەو): 
هاوپەیمانی نیشتمانی سبەینێ كۆنگرە دەكات، هاوشێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، دوو بەرەی ناكۆك لەناو حزبدا هەن، سەرۆكی بڕیاری كۆنگرەی داوە‌و "سەركردایەتی كاتیی" دژی كۆنگرەكەیە. 

كۆنگرەی دووەم‌و ئینشیقاقی دووەم
هاوپەیمانی نیشتمانی سبەینێ دووەمین كۆنگرەی خۆی ساز دەكات، ئەم كۆنگرەیە ناكۆكی لەنێوان (ئارام  قادر)ی سەرۆكی حزبەكە‌و سەركردایەتیی كاتیی هاوپەیمانیدا دروستكردووە. ناكۆكی ناو پەیمانی نیشتمانی لە رۆژی 9ی كانونی یەكەمی 2022دا تەقییەوە، لەم رۆژەدا هەرسێ ئەنجومەنی (سیاسی- جێبەجێكردن- نوێنەران) كۆبونەوەیەكیان كرد‌و بڕیاریاندا (ئارام قادر) لە سەرۆكی حزبەكە دوربخەنەوە، تەنانەت ئەندامێتیشیان لە سەرۆكی حزب سەندەوە، لە فەرهەنگی ئەم حزبەدا بە ئەندام دەوترێت "هاودید". 
ئارام قادر دانی بە بڕیاری سێ ئەنجومەنەكەدا نەنا، بەڵام لەوكاتەوە ئەندامانی ئەم سێ ئەنجومەنەكە بەناوی هاوپەیمانی نیشتمانییەوە سەركردایەتییەكی كاتییان دروستكردووە. ئارام قادر سبەینێی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی دووەمی هاوپەیمانی نیشتمانی دیاریكردووە، كۆنگرەكە لە تەلاری هونەر لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، سەركردایەتیی كاتیی دژی كۆنگرەكەیە، راگەیەندراوێكی دەركردووەو داوا لە وەزارەتی ناوخۆو پارێزگاری سلێمانی‌و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی دەكات رێگە نەدەن سبەینێ ئارام قادر كۆنگرەكە بكات.
بەپێی قسەی خۆی، سەركردایەتی كاتیی هاوپەیمانی بڕیاریداوە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگانی عێراق كە رۆژی 18ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، كۆنگرە ساز بدات. 
دەقی راگەیەندراوی سەركردایەتیی كاتیی

ئارام قادر دەستكاری حزب دەكات !
لە كۆنگرەی سبەینێدا، ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی دەیەوێت پەیڕەوی ناوخۆی حزب هەمواربكاتەوە، بەجۆرێك پەیكەری حزب لە چوار ئەنجومەنەوە كەمبكاتەوە بۆ یەك ئەنجومەن كە ئەویش (ئەنجومەنی سەركردایەتی هاوپەیمانی نیشتمانی)یە، بەم هەنگاوەش ئارام قادر بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی هەموو ناڕازییەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە دەكاتە دەرەوە كە بریتین لەو كەسانەی لەناو ئەنجومەنی (سیاسی- جێبەجێكردن- نوێنەران)دان‌و خۆیان وەكو سەركردایەتیی كاتیی دەناسێنن. 
بچوكردنەوەی حزب لە چوار ئەنجومەنەوە بۆ یەك ئەنجومەن لەكاتێكدایە بەمدواییە سێ حزبی تر یەكگرتنی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانیدا راگەیاندووە كە بریتین لە (بزوتنەوەی نوێبوون- بزوتنەوەی یەكسانی- بزوتنەوەی دادپەروەریی‌و یەكسانیی).
بەپێی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجومەنی سەركردایەتیی نوێی هاوپەیمانی نیشتمانی لە (25) كەس پێكدێت، (67) كەس خۆیان بۆ سەركردایەتیی كاندید كردووە، هاوكات  لە كۆنگرەی سبەینێدا سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە هەڵدەبژێردرێت‌و (3) كەس خۆیان بۆ ئەم پۆستە كاندید كردووە، ئارام قادر جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حزب كاندید كردوەتەوە‌و پەیڕەوی ناوخۆ رێگەی پێدەدات ئەم خولەش بەردەوام بێت، بەڵام بۆ خولی داهاتوو ئیتر چانسی مانەوەی لە سەرۆكایەتیی حزبەكەدا نامێنێت. 
ئەم كۆنگرەیە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت، هەرێمی كوردستان ساڵی داهاتوو لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، هاوپەیمانی نیشتمانی دەیەوێت بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بكات، ئەم حزبە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بەشداری هەڵبژاردنی نەكردو بایكۆتی كرد. 

هاوپەیمانی چاو لە بزوتنەوەی ئیسلامی دەكات
ئەگەر بەم ناكۆكییەوە سبەینێ كۆنگرەی هاوپەیمانی نیشتمانی بەڕێوەبچێت، دوور نییە ئەم حزبەش توشی هەمان چارەنوسی بزوتنەوەی ئیسلامی ببێتەوە، دوو باڵی ناو بزوتنەوە لەسەر دەرەنجامی كۆنگرە ناكۆك بوون (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز- كامیل حاجی عەلی)، ناكۆكییەكەیان بردە بەردەم فەرمانگەی حزبە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كۆمسیۆن بڕیاری سازدانی كۆنگرەیەكی نوێی دا، لەم كۆنگرەیەدا باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز سەركەوتن‌و ناوی بزوتنەوەی ئیسلامییان بۆ خۆیان برد، كامیل حاجی عەلی‌و هاوڕێكانیشی بەفەرمی جیابونەوە‌و حزبێكی نوێیان دروستكرد.
ئەگەر كۆنگرەكەی سبەینێ، هاوپەیمانی نیشتمانی دوچاری هەمان مشتومڕەكانی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی بكاتەوە، ئەوا ئەم حزبە لە تەمەنی كەمتر لە شەش ساڵی خۆیدا، بۆ جاری دووەم روبەڕووی ئینشیقاقی دووەم دەبێتەوە. 

سه‌ركردایه‌تی كاتیی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان له‌ 9ی كانونی یه‌كه‌می 2022

هاوپەیمانی چۆن دروستبوو ؟
بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2017 لە یەكێتیی نیشتمانی جیابوەوەو وازهێنانی لە پۆستی جێگری سكرتێری یەكێتیی راگەیاند، حزبێكی نوێی بە ناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری" دروستكرد، ئەم حزبە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراقدا بۆ یەكەمجار خۆی تاقیكردەوە‌و دوو كورسی پەرلەمانی بردەوە، بەڵام لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ یەكێتیی، بەرهەم ساڵح لە ئەیلولی 2018دا گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتیی‌و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی پێدرا. 
دوای وازهێنانی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆكی حزبەكە، ئەوانەی كە مانەوەو بڕیاریاندا هاوپەیمانی درێژە بەكاركردنی خۆی بدات، ئەوانەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەگەڕانەوە بۆ ناو یەكێتیی، رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2018 لە هەولێر كۆنگرەیەكیان بەست، ناوی حزبەكەیان لە (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری)یەوە گۆڕی بۆ (هاوپەیمانی نیشتمانی)‌و (ئارام قادر)یان وەكو سەرۆكی حزبە نوێیەكە هەڵبژارد، حزبێك كە لەسەر داروپەردووی حزبەكەی بەرهەم ساڵح دروستكرایەوە. 
رۆژی 12ی شوباتی 2019، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەفەرمی هەڵوەشانەوەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری)ی راگەیاند، بەڵام كاتێك كۆمسیۆن بڕیاریدا، ئارام قادرو هاودیدەكانی ناوی حزبەكەیان گۆڕی بوو، واتا  سوڕی ژیانی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەریی) تەنیا (10) مانگ بوو، حزبێك كە جیابووەكانی (یەكێتی نیشتمانی+ كۆمەڵی ئیسلامی+ یەكگرتووی ئیسلامی) دروستیان كردبوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand