Draw Media

وەزیری نەوتی عێراق سبەینێ دەگاتە هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق سبەینێ دەگاتە هەولێر

2023-11-11 13:42:51


(درەو): 
دوای كۆبونەوە لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق سبەینێ دەگاتە هەولێر.
میدیای نزیك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، سبەینێ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەگاتە هەرێمی كوردستان‌و لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی‌و وەزیری سامانە سروشتییەكات بەوەكالەت كۆدەبێتەوە. 
لەم سەردانەدا بۆ هەولێر، سەرۆكی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" هاوڕێیەتی وەزیری نەوت دەكات.
سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت، رۆژی 8ی ئەم مانگە لە (دوبەی)، نوێنەرانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم كۆبونەوە، كۆبونەوەیەك كە تێیدا كۆمەڵەی پیشەسازی هەرێمی كوردستان (ئەپیكور) مەرجەكانی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت‌و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم خستەڕوو، كە دیارترینیان پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان بوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە كە بڕەكەی (یەك ملیار) دۆلارە، ئەمە لەپاڵ پارێزگاریكردن لە گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و دەستكارینەكردنی گرێبەستەكان، هەروەها رێگەدان بە كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ فرۆشتنی پشكی نەوتی خۆیان بە وەزارەتی نەوتی عێراق.
لە رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بۆری عێراق- توركیا بۆ بەندەری جەیهانی راوەستاوە، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس لەسەر سكاڵایەكی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هەناردەی نەوتی هەرێم، بڕی نزیكەی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند. 
لەوكاتەوە تائێستا توركیا چەند هەوڵێكی داوە بۆ پاكتاوكردنی ئەم قەرەبووە لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵام تائێستا هیچ ئاسۆیەكی چارەسەر نابینرێت، حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری هاوشێوەی لەسەر توركیا لە دادگای پاریس تۆماركردووە، توركیاش لە دادگای ئەمریكا سكاڵای دژی عێراق تۆماركردووە. 
سەرباری ئەوەی سكاڵاو قەرەبووەكان هێشتا یەكلایی نەبونەتەوە، بەمدواییە وەزارەتی وزەی توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم راگەیاند، بەڵام هێشتا كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانیش ماون كە دەبێت لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كێشەكانیان چارەسەر بكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
بەپێی یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراق، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە بكات‌و داهاتی ئەم نەوتە راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ ناو ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراق، لەبەرامبەر ئەمەدا حكومەتی عێراق پشكی مانگانەی هەرێم لە بودجە رادەستی حكومەتی هەرێم بكات، ئەم رێككەوتنە كە لەبودجەدا كراوە لەنێوان هەولێرو بەغداد كێشەی لەسەرەو هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی هەرێم دژی ئەو بڕگەی یاسای بودجەیە كە پشكی هەرێم لەكۆی خەرجی فیعلی عێراق دیاری دەكات، داوا دەكات پشكی هەرێم لە خەرجی گشتی عێراق ئەژماربكرێت. 
حكومەتی عێراق بۆ سێ مانگی ئەمساڵ بڕیاریداوە وەكو قەرز، بۆ هەر مانگێك بڕی (700 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆرانی پێ دابین بكات، ئەمە بەئومێدی ئەوەی تاوەكو سەرەتای ساڵی نوێ، وەفدی هەردوو حكومەت لەبارەی ناكۆكییەكانیان لەبارەی ماددەكانی یاسای بودجە بگەنە رێككەوتن.
وەفدی هەردوو حكومەت ئێستا بەرەو ئاڕاستەی هەمواركردنی هەندێك لە ماددەكانی یاسای بودجە هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا یەكلانەبوەتەوە. 
 بۆ وه‌رگرتنی زایناری زیاتر له‌باره‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كلیك له‌سه‌ر ئه‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌:

دانوستانی ئه‌پیكورو عێراق بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand