دانوستانی ئهپیكورو عێراق بۆ ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێم
2023-11-09 11:25:03
راپۆرت: درەو
كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دوبەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبونەتەوە، داوای قەرزەكانیان لە حكومەتی هەرێم كردوەتەوە، مەترسی خۆیان نیشانداوە لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پێشنیازی ئەوەیان كردووە پشكی خۆیان لە نەوتی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی عێراق بفرۆشن، ئاڵنگارییەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم چین؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا.
لە دوبەی كۆبونەوە
كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كورستان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"و كۆمپانیای نەوتی باكور كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە (دوبەی) بەڕێوەچوو.
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان خۆیان لەچوارچێوەی گروپێكدا بەناوی "گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان - ئەپیكور" رێكخستووە، ئەم گروپە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy ،ShaMaran Petroleum) لەخۆدەگرێت.
بەپێی راگەیەندراوی "ئەپیكور"، لە كۆبونەوەكەی دوبەیدا، باس لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە كە لەبەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.
پێشنیازێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان پێشنیازێكیان بۆ خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خستوەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق، پێشنیازەكە ئەوەیە" كۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان دانوستان بكات لەبارەی كڕینو فرۆشتنی نەوت لەم كۆمپانیایانە، چونكە بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردویانە كە گرێبەستی پشكی بەرهەمهێنانە، ئەم كۆمپانیایانە مافی ئەوەیان پێدراوە پشكی نەوتی خۆیان بفرۆشن".
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان دەیەوێت لەچوارچێوەی دانوستانێكدا پشكی خۆی لە نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كوردستان بفرۆشێت بە وەزارەتی نەوتی عێراقو كۆمپانیای سۆمۆ، هاوشێوەی ئەوەی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی غازی كێڵگەی كۆرمۆری فرۆشتووە بە وەزارەتی نەوتی عێراقو بەبۆری دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك.
داوای قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە
ئەپیكور مەرجێكی تریشی هەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیەو بە وەزارەتی نەوتی عێراقی وتووە:" دەبێت رێككەوتنێكی روونو وردو یاسایی هەبێت بۆ فرۆشتنو هەناردەی نەوت، لەناویشیاندا پێدانی پارەی فرۆشی نەوت لە رابردوو و داهاتووودا".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرەتای ئۆكتۆبەری رابردووی گروپی پیشەسازی نەوتی كوردستان، گروپی ئەپیكور بڕی (یەك ملیار) دۆلاری پارەی لای حكومەتی هەرێمەو هێشتا پێی نەدراوەتەوە، ئەم كۆمەڵەیە هۆشداری ئەوەی بە هەردوو حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراق داوە تەنانەت ئەگەر هەناردەی نەوتیش لەرێگەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە دەستپێبكاتەوە، ئەوان لە دۆخێكدا نین نەوت لە هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن تا دڵنیا نەبن لەوەی چۆن پارەیان پێدەدرێت.
ترس لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان
15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد، بەپێی ئەم بڕیارە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو حكومەتی هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەدوای ئەم بڕیارەوە حكومەتی پێشووی عێراق چەند هەنگاوێكی گرتەبەر بۆ ناچاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم بۆ تازەكردنەوەی گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، بەوپێیەی ئەم وەزارەتە گرێبەستەكانی هەرێمی بەدڵ نییەو دەیەوێت لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق هاوتای بكات، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی دوبەیدا، نوێنەرەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیاییان بە نوێنەری كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم داوە رێز لە قەرزەكانی رابردوویان دەگیرێت، بەڵام:" رێكخستنی گرێبەستەكان هەمووان پەسەندی بكەن".
كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێم ترسیان هەیە وەكو ئەوەی پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق كاری لەسەركردووە، گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەموار بكرێتەوەو لە گرێبەستی "شەراكەت"ەوە بكرێت بە گرێبەستی "خزمەتگوزاری"، بۆیە لە گفتوگۆكەی دوبەیدا نوێنەری ئەپیكور داوایكردووە" مەرجە بازرگانییەكانی ئێستا وەك خۆیان بمێننەوەو گرێبەستەكانی پشكی بەرهەمهێنان كاریان پێبكرێت".
ئاڵنگارییەكی تر
یەكێك لە ئاڵنگارییەكانی تری بەردەم پرۆسەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە، ئەمەش بەربەستێكی تری بۆ كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێم دروستكردووە.
لە یاسای بودجەدا عێراق، خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوتی زۆر بە كەمتر لەو نرخە ئەژماركردووە كە بەشێوەیەكی فعلی لە كوردستان هەیە.
یاسای بودجەی فیدراڵ نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی بەهەمان ئەو نرخە ئەژماركردووە كە لە عێراق هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (6) دۆلاری دیاریكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە هەرێم بڕەكەی (24) دۆلارەو تیچووی گواستنەوەی هەر بەرمیلێكیش (7) دۆلارە، واتا بە تێكڕای خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (31) دۆلار دەكەوێت.
یاسای بودجەی فیدراڵ رێگە بەوە نادات لە داهاتی نەوتی هەرێم پارە بۆ هیچ مەبەستێك ببڕدرێت، بودجە بەرپرسیارێتی دابینكردنی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێمی كوردستانو خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی خستوەتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی عێراق.
بودجە پارەی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێمی لە خشتەیەكدا دیاریكردووە كە بڕەكەی (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینارە بۆ یەك ساڵ، ئەم بڕە پارەیە كورتهێنانی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی لێكدانەوەیەك كە ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردویەتی:
• كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ گواستنەوەی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (1 ترلیۆنو 428 ملیار) دینار.
• كۆی گشتی خەرجی خەمڵێندراو بۆ وەبەرهێنانو هەناردەكردنی بڕی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ ساڵی 2023 بریتییە لە (2 ترلیۆنو 448 ملیار) دینار.
واتا بە تێكڕا خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023دا بڕەكەی بە (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دینار دیاریكراوە، ئەم پارەیە بڕەكەی بە دۆلار دەكاتە (2 ملیارو 980 ملیۆن) دۆلار.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بڕی (6 ترلیۆنو 695 ملیار) دیناری بۆ خەرجییەكانی نەوت خەرجكردووە، بەڵام لە بودجەی عێراقدا (3 ترلیۆنو 876 ملیار) دیناری تەرخانكردووە، لێرەدا حكومەتی هەرێم توشی كورتهێنانێك دەبێت كە بڕەكەی (2 تریلیۆنو 800 ملیار) دینارە، وەكو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" ئەم كورتهێنانە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراقو هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە".
ئێستا كە توركیا ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نیشانداوە، هێشتا دیار نییە ئایا كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت ئامادەن بەو نرخەی كە عێراق دیاریكردووە (6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمبهێنن، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم باسلەوە دەكات كۆمپانیاكان وتویانە ئامادە نین بەو پارەیە كاربكەن.
قەرزەكانی كەرتی نەوتی هەرێم
كەرتی نەوتی هەرێم كێشەیەكی تریشی هەیە كە ئەویش قەرزی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوتو پارەی وەرگیراوی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختەیەو بە تێكڕا بڕەكەی (8 ملیارو 623 ملیۆن) دۆلارەو ئەم قەرزەش هیچ چارەسەرێكی لە یاسای بودجەدا بۆ دیاری نەكراوەو نازانرێت حكومەتی هەرێم چۆن ئەم پارانە دەگێڕێتەوە.
دهقی راگهیهندراوهكهی ئهپیكور