بەڕاستی شوکرانەی ئەوێ
2023-10-24 10:44:15
د. شێركۆ عهبدوڵا تایبهت به (درهو)
ئەم جیهانەی خۆمان کە ژمارە (٣)ی لە یانسیبدا بۆ دەرچووە لەچاو چەند ڤێرژنێکی پێشووتریدا ئەوەندە خۆش و عەدالەتبازە کە قابیلی بەراوردکاری و ئاخ هەڵکێشان نییە. با هەشت نۆ نموونەتان بیربهێنمەوە ئەوسا تێ ئەگەن کە حەفیزەهوڵاکانی ئەمڕۆ لەچاو سوڵتان و پاشاکانی ئەوسادا بە ٧ سابونی دیتۆڵ شۆراون:
١- لەدەوڵەتی عوسمانیدا هیچ زاناو بیرمەندێک، نا عەفوو زاناو بیرمەندیان نەبووە، هیچ موفتی و شێخولئیسلامێک ڕوبعی ڕوبعی قزەلەر ئاغا دەستی نەڕۆیشتووە، ئەم زاتە پاکە گوندەرهێنراوە سیاسییەن و کۆمەڵایەتییەن دەیتوانی گونی هەموو گوندارێک دەربهێنێت چونکە هەرچییەکی بگوتایە سوڵتان نەیدەگوو نەء، بۆچی ؟ لەبەرئەوەی مەنسولی ئەوەڵ و ئەخیری حەرەمسەرا بووە. لەسایەی خواوە قزلەر ئێستا گوندێکە هەقی بەسەر ئوموری مەملەکەتەوە نییە، وەلەو نزیکیشە لە مێرگەپانەوە.
٢- لە زەمانی سوڵتان عەبدولمەجیدی ڕەحمەتیدا مەمنوع بووە هیچ ڕەعیەتێک ناوی مەجید بێ. دەئێستا کۆڵان نییە لەو جنوبە یەک دوو نوری و حەیدەرو عەمارو عادیلی تیا نەبێ و کەسیش نایانگرێ مەگەر ئەڵاهومە خۆیان بیانخورێ و داوای دیموکراسی بکەن.
٣- مەراسیمی سونەت کردن لە زەمانی سوڵتان سڵێمانی قانونیدا ئیختیراع کرا. سوڵتانەکانی ئەمڕۆمان ئەسڵەن تەدەخولی ئەندامی زاوزێی دەنگدەرەکانی خۆیان ناکەن.
٤- هیچ سوڵتانێک بێزی نەهاتووە جارێک زیاتر شەرواڵ و مراخانییەکەی بپۆشێ، بەڵام خۆشبەختانە شازادەکانی ئێستا.. چی ؟ ئەمانیش وان ؟! ..کەواتە بیکوژێنەرەوە.
٥- یەکێک لە سوڵتانەکان کە عەمری خوای کرد ١٢٠ مناڵی حەڵاڵزادەی لە پاش بەجێما، یەعنی دە ئەوەندەی هەڤاڵی جێگر، تێکۆشەری گەورە….عیزەت دووری.
٦- گوێیان نە ئەدایە خەزێنەی وڵات، پیاوی گەورەیان بە گوریسی ئاوریشم دەخنکاند. لەسایەی خواوە ساڵانێکی زۆرە نە ئەم عادەتە قۆڕە ماوە، نە پیاوی گەورە.
٧- سوڵتان محەمەدی سێهەم، لەسەر نەریت و نەسیحەتی باووباپیرانیان، نۆزدە برای خۆی لە ڕۆژێکدا فت کرد چونکە بێ ئیش بوون. ئێستا شوکور پۆست و مەقام ئەوەندە زۆرن بە فەریحی جێی حەوت تایەفە ئەبێتەوە.
٨- قەیسەری ڕوسیا هەموو ئالاسکای بە ٧ ملیۆن دۆلار فرۆشت بەئەمریکا. بە شانازییەوە ئەڵێم ئەم تاڵانفرۆشییە لای ئێمە نییە، تەنانەت لە نەوتەکەشدا.