Draw Media

هەڵبژاردنی كوردستان دوادەكەوێت ؟

هەڵبژاردنی كوردستان دوادەكەوێت ؟

2023-10-07 09:31:36


راپۆرت: درەو 
دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەگەرێكی چاوەڕوانكراوە، سبەینێ دادگای فیدراڵی دانیشتنی دادبینی هەیە لەسەر سكاڵاكەی یەكێتیی، ئەگەر دادگا ئەم سكاڵایە پەسەند بكات، ئەوا هەڵبژاردنی 25ی شوباتی داهاتوو بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت نەك یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەمە بەواتای ئەوە دێت كورسییەكانی پەرلەمان لە (111) كورسییەوە بۆ (105) كورسی كەمدەبێتەوە، هەڵبژاردن لەبری (یەك بازنەیی) بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەدەچێت، (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بۆ (5) كورسی تایبەت بە مەسیحییەكان كەمدەبێتەوە، لەپاڵ ئەمانەدا هەندێك لایەنی سیاسی بەمدواییە پەیامی دواخستنی هەڵبژاردنیان لەلایەن نوێنەرانی وڵاتێكی دراوسێوە بیستووە. ئەمانە ئاڵنگاری بەردەم هەڵبژاردنن. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

سبەینێ دادگا دانیشتنی دادبینی هەیە
سبەینێ لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەو سكاڵایانە بەڕێوەدەچێت، كە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراون.
پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەرە، سكاڵاكارەكان یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان‌ (ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە)و ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخستووە، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركراون. 

داوای چی دەكەن ؟
زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكەن حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە، واتا تانەیان لە ماددە هەمواركراوەكانی یاسای هەڵبژاردن داوەو داوا دەكەن دادگا هەموارەكان هەڵبوەشێنێتەوە‌و یاساكە بباتەوە سەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی. 
كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن: 
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا. 
ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات. 
ماددەی بیست‌و دوو: 
1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن. 
2-    لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون. 
ماددەی سی‌و شەش: 
1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 
2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 
3-    یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن. 

دادگا چۆن بڕیار دەدات ؟
بەر لەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، پەرلەمان نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە‌، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەردوو لایەنە سەرەكییەكە لەسەر ئەوە رێككەوتبوون لە هەمواری یاسای هەڵیبژاردندا، هەڵبژاردن بكەن بە "فرە بازنە"‌و هەرێمی كوردستان دابەشبكەن بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە)، بەڵام یەكێتیی داوای دەكرد لە كۆی 11 كورسی كۆتایی پێكهاتەكان (4) كورسی بدرێت بە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و پارتی ئەمەی رەتدەكردەوە، بەوهۆیەوە هەمواری هەڵبژاردن لە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوت. 
ئەمە وایكرد لایەنەكان هیچ دەرفەتێكیان لەبەردەمدا نەمێنێت جگە لەوەی بگەڕێنەوە بۆسەر یاسا كۆنەكەو بەو یاسایە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەببەن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی (یەك بازنەیی) بەڕێوەدەچێت‌و كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش وەكو خۆی لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەمێنێتەوە‌و هیچ كورسییەكی بەر پارێزگای سلێمانی ناكەوێت. 
یەكێتیی كە رێگربوو لەوەی لە پەرلەمانی كوردستانەوە بەوشێوەیە یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە كە پارتی دەیویست، دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، پەنای بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق برد. 
ئێستا سكاڵاكەی یەكێتیی دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای فیدراڵی لەبەردەم چەند بژاردەیەكدایە: 
• بژاردەی یەكەم: دادگا سكاڵاكە پەسەند بكات‌و هەمواری ئەو ماددانەی كە یەكێتیی سكاڵای لەدژ كردوون، هەڵبوەشێتەوە، لەم حاڵەتەدا یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆسەر كۆپییە ئەسڵەكەی خۆی‌و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان  بەو یاسایە بەڕێوەدەچێت. 
• بژاردەی دووەم: دادگا حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵاكەی یەكێتییەوە بەشێوەیە بدات، بۆ داهاتوو ئەو ماددانەی كە نادەستورین، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار بكرێنەوە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت یاساكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو وەكو خۆی بەركارە، بەڵام پەرلەمانی داهاتوو پابەندە بەوەی ماددە نادەستورییەكان هەموار بكاتەوە. 

ئەگەر دادگای سكاڵاكەی پەسەندكرد ؟
ئەگەر دادگای سكاڵاكەی یەكێتیی پەسەند بكات‌و هەموارەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوا دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەنا بۆ یاسای (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق) ببات، كە یاسای یەكەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان‌و (سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی) لە رۆژی 4ی نیسانی 1992 پەسەندی كردووە. 
بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، بەتایبەتی لەو ماددانەی كە یەكێتیی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر كردوون، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەمشێوەیە بەڕێوەدەچێت: 
ماددەی یەكەم: ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە (100) كورسی پێكدێت. لەگەڵ (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەی مەسیحی.  
ماددەی نۆیەم: كوردستانی عێراق دەكرێت بە چەند ناوچەیەكی هەڵبژاردن، بەمەرجێ لە (4) ناوچە كەمتر نەبێت. 
ماددەی پانزە: بۆ هەر ناوچەیەكی هەڵبژاردن خشە بەناوی هەڵبژێرەكان (دەنگدەر)‌و بەپێی ناوچەكانی هەڵبژاردن‌و بەپێی پیتەكانی ئەبجەدی ئامادە دەكرێت، كە پیشەو ناونیشان‌و مێژوو و شوێنی لەدایكبوونیان تێدا تۆمار دەكرێ‌و بە گەلێك دانە دەنێردرێن بۆ لیژنەی ناوچە، ئەگەر ئەمە لەتوانادا نەبوو  بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا رێگایەكی دیكەی لەبارتر دیاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی پێویستە. 
ماددەی بیست و دوو:
1-    هەر حزبێك یان توێژێك یان كەمایەتییەكی نەتەوەیی وەك (توركمان، عەرەب، ئاشوری... هتد) بۆی هەیە لیستی تایبەتی بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق پێشكەش بكات. 
2-    لیستی پاڵیوراوەكان لەماوەی (10) رۆژ لە مێژووی راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لەماددەی بیست‌و یەكەمدا هاتوون. 
ماددەی سی‌و شەش: 
1-    سەرجەمی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەسەر ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەندا دابەش دەكرێ بۆ دەرهێنانی تێكڕای هەڵبژاردنەكە (المعدل الانتخابی).
2-    ئەو دەنگانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێنا دابەش دەكرێ بەسەر تێكڕای دەنگی هەڵبژاردنەكە، بۆ دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستی پەیوەندیدار بەدەستی هێناوە، لەگەڵ رەچاوكردنی ئەوەی لەم بڕگەی خوارەوەدا هاتووە. 
3-    هەر لیستێك رێژەی 7%ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنابێ نوێنەرایەتی لە ئەنجومەندا ناكات‌و دەنگەكانی بەسەر لیستە سەركەوتووەكاندا دابەشدەكرێتەوە بەرێژەی سەركەوتنەكەی. 
4-    ئەو كورسییە چۆڵانەی كە لە ئەنجامی وەدەستهێنانی پاشماوەیەك كە ئەگاتە تێكڕایی دەنگی هەڵبژاردن دەخرێتە سەر ئەو لیستانە بەپێی زۆرترین ئەو دەنگانەی كە هێناویانە.

هەڵبژاردن دوادەكەوێت ؟ 
ئەگەر دادگای فیدراڵی بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (25)ی شوباتی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، پەنا بۆ یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی ببات، ئەوا وەكو ئەوەی یەكێتیی داوای دەكات هەڵبژاردنەكە بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەدەچێت‌و كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكانیش بەشێوەی ئێستا نامێنێت، چونكە زیادكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بۆ (11) كورسی لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا بوو، بە گەڕانەوە بۆسەر كۆپی یەكەمی یاساكە دەردەكەوێت تەنیا (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دانراوە كە ئەویش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان‌و توركمانەكان هیچ كوردسییەكیان پێنەدراوە. 
ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیارەكەی لە بەرژەوەندی سكاڵاكەی یەكێتیی بدات، پێشبینی دەكرێت جارێكی تر كێشەی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 25ی شوبات دروست ببێت‌و هەڵبژاردنەكە بۆ جاری سێیەم بۆ كاتێكی تر دوابخرێت، بەتایبەتیش كە پارتی دژی ئەم رێوشوێنەیە‌و سەرباری ئەمەش كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێت ئامادەكاری نوێ بكات بەپێی یاسا كۆنەكە، كە ئەمەش كاتی دەوێت.
سەرباری ئەمانە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە پشتی پەردەوە هەوڵێك هەیە لەلایەن ئێرانییەكانەوە هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و نوێنەرانی ئێران چەند رۆژی رابردوو لە چەند كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی ئەم بابەتەیان بەڕوونی خستوەتەڕوو.    
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2022دا بەڕێوەبچێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم مەرسومی بۆ دەركردبوو، بەڵام لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەمە وایكرد پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەمی 2022دا بۆ ماوەی ساڵێك تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. 
رۆژی 26ی ئازاری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی مەرسومی دووەمی بۆ سازدانی هەڵبژاردن دەركرد‌و رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023ی دیاریكرد، بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەم مەرسومەش پەكی كەوت. 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای هەڵوەشاندنەوەی درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم هیچ بژاردەیەكی لەبەردەمدا نەما، بەتایبەتیش كە پەرلەمان نەیتوانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێم كارا بكاتەوە‌و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە، ئیتر نێچیرڤان بارزانی مەرسومی سێیەمی دەركرد‌و رۆژی 25ی شوباتی 2023ی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرد، سەرپەرەشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنیشی دایە دەست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق.  
ئەگەر هەڵبژاردن لە 25ی شوباتی 2023 دوابكەوێت، دەبێت بە سێیەم جار هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە تشرینی دووەمی 2022وە وادەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتووەو حكومەتی هەرێم بووە بە حكومەتێكی كاربەڕێكەرو شەرعیەتی هەڵبژاردنی لەدەستداوە. 
هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا روبەڕووی مەترسی لەدەستدانی شەرعیەتی دامەزراوەكانی بووەتەوە كە لەژێر فشاری توندی حكومەتی فیدراڵیدایە‌و هێشتا پشكی خۆی لە یاسای بودجەی گشتی پێنەدراوە‌و پێویستی بە چەندین گەڕ دانوستان هەیە، ئەمە لەپاڵ دانوستان لەبارەی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، یاسایەك كە چارەنوسی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بەسەر كەرتی نەوت‌و غازدا یەكلادەكاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand