Draw Media

مەعنایەک بۆ ئەم بێ مەعناییە

2023-06-18 06:46:19


د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

وەک چۆن دەوڵەمەندەکانی کوردستان دوو نەوعن؛ حیمایەدارو بێ حیمایە، داروینییەکانیش عەینی شت سەر بە جووتێ تەکەتولن؛ ئیماندارو ئیمانسز. بەڵام هۆردووکیان پێکەوە لەیەک کانی دەموچاویان شۆردوە،؛ کانی سەبەبسازی. ئەو زاتانە دەڵێن هەموو نەوعە توانایەکی ئینسان کە تۆ لە عاستیدا دەم دائەچەقێنی، هۆکارێکی ملقەوی ها لە پشتییەوە. مەسەلەن ناسینەوەی روخسار بۆئەوەیە خوانەخواستە دوژمن بە دۆست حسان نەکەیت و سەری خۆتی پێ بکەی بە قوڕدا. ئەمە لەو وەختەشدا سوودی هەیە کە چاوت دیمەنی درەختێکت لێ ئەکات بە دێوو درنج. تەبعەن ئەو ڕێشکەو پێشکەیە فڕی بەسەر هەقیقەتەوە نییە بەڵام لەوە باشترە دەعبای هەقیقیت لێ ببێ بە دارهەرمێ. کەواتە مێشک ئاقڵەو موعەدەل خۆی شین و مۆر کردۆتەوە بۆ ئەوەی بمانپارێزێ، بەتایبەت لە عانی لێقەومان و زەعیفی و مەزڵومیدا. هەر ئەمەشە وادەکات فەقیر لە کولێرەدا وێنەی مەسیح و لە مەنزەرەی مانگدا سدارەکەی عەبدولکەریم قاسم ببینێ، مەعنی ها دنیاکە بێ ساحێب نییەو سەری عاسمان بە پووش نەگیراوە.

مێشکی ئەم عەبدە عاسییە وا خوڵقاوە لە سەرەنوێلکی فەوزاو بێسەروبەریدا بەدوای نەزم و نیزامدا بگەڕێ و ڕاست یان درۆ وانێکێک بدۆزێتەوە بۆنی عەدل و جوانی و مەنتقی لێ بێت، چونکە ئەگەر وا نەکات  ئەوا حەیات خان لە نزمترین تاسەی کوێرەوەریدا دەبڵی تێدا نامێنێت. کەواتە سەد ئافەرین بۆ سەرۆک مێشک کە لەبەرخاتری ئێمە ئەنواع و ئەشکاڵ هەقایەت و شانامە ئەهۆنێتەوە فی سەبیلی ئەوەی مەعنایەک ببەخشێ بەم بێ مەعناییەی ژیان، ژیانی پڕ لە ناهەقی و نێرەکەری و جەورو غەزەب.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand