گاڵتەجاڕی دیموکراسی
2023-05-29 06:35:08
د. شێركۆ عهبدوڵا تایبهت به (درهو)
دەنگی تۆ
مرخە مرخی عوسمانی یە
شاڵاوی سەر کۆبانی یە
گاڵتەجاڕی دیموکراسی و
کەڵبەی سووری تۆرانی یە
دەنگی تۆ
دەنگی درۆن و بۆمبایە
روو زەردیی دین و دنیایە
شەوی سووری سوڵتانانە
قامجی و کەلەپچەی زیندانە
دەنگی تۆ
قرقێنەی پیاوی موڕتاحە
سومعەی جیهادی نیکاحە
هیچ و پووچیی ئەمریکایە
ختوکەی بەشێک لەملایە
دەنگی تۆ
دیجلەو فوڕاتی خنکاوە
ئیعلامیێکی ئەڵقەلەگوێ و
عەفرینی لەخوێن گەوزاوە
دەنگی تۆ
جڕتێکە بۆ مافی مرۆڤ
پەیکەرێکی ئاڵتوونییە
بۆ سەحاف و بۆ جیدانۆف
لەناو جەستەی ئازادیدا
برینیێکی ستوونی یە
دەنگی تۆ
ئەڵێ ئەوروپا فشۆڵە
لیبراپزم سەلکە زۆلە
دیموکراسی بۆیە لە دوورەوە خۆشە
چونکە هەردەنگی دەهۆڵە
ماوینەوە ئێمەو ڕەحمەتی ئێف شانزە
تەڵەو داو و زەغتی تازە
ماوینەوە ئێمەو دۆستێکی شەرمنۆک
تروسکاییەکەی قەندیل و نەخێرێکی
وەک نارنجۆک.
