كوردستان بەبێ (خورمەڵە)و (كۆرمۆر)
2023-05-26 15:54:38
راپۆرت: درەو
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەیاسای بودجەدا هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر)ی لەدەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەندەوە، بەرهەمی ئەم دوو كێڵگەیە رێژەی 40%ی تێكڕای نەوتی بەرهەمهێنراوی كوردستان پێكدەهێنن، واتا لە كۆی (400 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە، نزیكەی (160 هەزار) بەرمیل لەم دوو كێڵگەیە بەرهەمدەهێنرێن. حوزەیرانی ساڵی رابردوو كێڵگەی (كۆرمۆر) كە دەكەوێتە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەكێتیی چەندجارێك موشەكباران كرا، لەولاشەوە حەشدی شەعبی هێزی جوڵاند بۆ گرتنی (خورمەڵە) لەژێر ناوچەی دەسەڵاتی پارتیدا، ئەوەی حەشدی بەشێوەی سەربازی نەیكرد، لە پەرلەمانی عێراق بە بڕگەیەكی یاسایی ئەنجامدرا، پارتیو یەكێتیی لەسەر ئەم بابەتە بۆچونیان جیاوازە، حكومەت دەڵێ" قبوڵی ناكەین"، كەرتی نەوتی هەرێم بەبێ (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چییە ؟
بەر لە دادگا، بودجە حوكم دەدات
راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجەی 2023 پەسەندكرا، بڕگەی (10) لە ماددەی (14)ی پرۆژە یاسای بودجە كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەسەندكراوە دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم پابەندن بە رێگریكردن لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوكو نەینەوا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ئێستادا".
ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، حكومەتی هەرێم چیتر بۆی نییە نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) دەربهێنێت، چونكە هەردوو كێڵگەكە سەربە كۆمپانیای نەوتی باكۆرن لە كەركوك و نەینەوا، ئەمە جگە لە راگرتنی كاركردنی حكومەتی هەرێم لە هەندێك كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوادا كە بە تانكەر نەوتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە.
كۆمپانیای نەوتی باكور لەدادگای فیدراڵی سكاڵای كردووەو داوای ئەم دوو كێڵگەیە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام بەرلەوەی دادگا بڕیار بدات، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە (4) ئەندامی فراكسیۆنە كوردیەكانی تێدایە (پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو)، ئەم دوو كێڵگەیەی لەدەستی حكومەتی هەرێم سەندەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئەم بڕگەیە زۆر توڕەیەو هەڕەشەی كشانەوە لە حكومەتی عێراق دەكات ئەگەر لە پەرلەمان ئەم بڕگەیە پەسەند بكرێت.
راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (خورمەڵە)و (كۆرمۆر) چ واتایەكی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری نەوتدا ؟ بەرهەمی ئەم كێگانە چەندەو چ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەبێت ؟
خورمەڵە.. شادەماری نەوتی هەرێم
بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت، ساڵی 2007 كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم.
ناوەڕاستی ئایاری 2022، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە).
حكومەتی فیدراڵ بە وەرگرتنەوەی ئەم كێڵگەیە، لە شادەماری ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی داتاكانی 2022ی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان:
• داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە.
• لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام بەپێی راپۆرتێكی چەند رۆژی رابردووی ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە" كێڵگەی خورمەڵە ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش كەمبونەوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە مانگێك لەمەوبەر كە رۆژانە 100 هەزار بەرمیل بووەو بەر لە راوەستانی بۆرییەكە كە رۆژانە 135 هەزار بەرمیل بووە".
كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی خورمەڵە دوای ئەوە دێت بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵ، لەبەر رۆشنایی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی پاریسدا، توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەرێگەی بۆرییەوە راگرت.
لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە زیانی گەورەتری دەبێت، چونكە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەڕێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتەی كەركوك بۆ حكومەتی عێراق بوو، بەڵام كۆمپانیای (كار) كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی (27 ملیۆن) دۆلار بوو، بەڵام ئەگەر كێڵگەی خورمەڵە بكەوێتە دەست كۆمپانیای نەوتی باكور، چیتر كۆمپانیای (كاریش) ئەم قازانجەی دەستناكەوێت.
كۆمپانیای كار لە كێڵگەی خورمەڵە كار دەكات، كە گەورەترین كۆمپانیای خۆماڵییە لە بواری وزەدا، كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە بۆ پەرەپێدان لە كێڵگەكەدا. بەڵام جۆری گرێبەستی ئەم كۆمپانیایە هێشتا نەزانراوە، كۆمپانیای كار كاتێك كێڵگەی (خورمەڵە)ی وەرگرتووە، كێڵگەیەكی ئامادە بووەو بەرهەمی هەبووە، زۆربەی بەرهەمی ئەم كێڵگەیە دەچێت بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی (كار)، بڕێكیشی بە تانكەر هەناردەی توركیا دەكرێت.
بەمدواییە كە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا راوەستا، پێشنیازێك هەبوو بۆ ئەوەی كۆمپانیای (كار) ئاستی هەناردەی نەوت بۆ توركیا بە تانكەر بەرزبكاتەوە.
كۆمپانیای كار، جگە لە كێڵگەی خورمەڵە، لەگەڵ كۆمپانیای (روسنەفت)ی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمیش دەكاتو پشكی 40%ی لە بۆرییەكەدا هەیە، لەپاڵ ئەمەشدا (كار) خاوەنی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی كوردستانە كە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەپاڵێوێتو بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیای كار بە دوو هێندەی نرخ نەوت بۆ حكومەتی هەرێم دەپاڵێوێت بە بەراورد بە عێراق.
كۆمپانیای (كار) واناسراوە، لە لوتكەی دەسەڵاتی زۆنی زەردەوە نزیكە، بۆیە بە لەدەستدانی كێڵگەی خورمەڵە، كۆمپانیاكە زیانی گەورەی دارایی بەردەكەوێتو ئەمەش بەواتای لێدان دێت لەیەكێك لە سەرچاوە بەهێزەكانی ئابوری پارتی دیموكراتی كوردستان.
كۆرمۆر.. نەوتە پاكژەكەی یەكێتیی
كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتا لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەم لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراوەو خراوەتەسەر قەزای چەمچەماڵ.
كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر.
بەرهەمی ئێستای كێڵگەكە بەمشێوەیە:
• گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا
• كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی
• گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە.
بەپێی ئەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پرۆژەی بودجەی 2023دا پەسەندی كردووە، دەبێت حكومەتی هەرێم بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە رابگرێت، بەڵام بڕگەكە ئاماژەی بە غاز نەكردووە.
نەوتی ئەم كێڵگەیە (كۆندێنسەیت) لەماوەی رابردوودا یەكێك لە چەكە بەهێزەكانی یەكێتیی بوو دژ بە پارتی، چونكە بەم نەوتە كوالیتی نەوتی كێڵگەكانی تری هەرێم بەرزدەكرایەوە، كە زۆرینەیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوون، واتا بە راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەی (كۆرمۆر) چیتر یەكێتیش ئەم كارتەی بەدەستەوە نامێنێت، بەڵام ئەمە لەكاتێكدا روودەدات كە پرۆسەی نەوتی هەرێم بە گشتی لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نامێنێتو دەكەوێتە دەست حكومەتی فیدراڵ.
كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات.
شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەوكات ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد.
ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین.
هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان بارزانی گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات.
ئیتر لەدوای ئەم بڕیارەوە، حكومەتی فیدراڵ زیاتر دەستی كرایەوە تا ئەوەی سكاڵاكەی دادگای پاریسی دژی توركیا لە بەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوەو بەمەش بەتەواوەتی جڵەوی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی كرد، واتە ئەوەی ئێستا لە پرۆژەیاسای بودجەدا روودەدات، بەرەنجامی ئەم گۆڕانكارییانە بووە كە تێیدا پێگەی هەولێر لاوازو پێگەی بەغداد بەهێزتر بوو.
ئازاری 2022 دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، چونكە كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێ سپێردرا بوو، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا.
غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا.
ناوەڕاستی 2022 بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتیی ئەوكات باسیان لەوە دەكرد، راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەبوو، دەیانوت" راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆرە بۆ توركیا".
ئەوكات ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتیی رێگری كرد.
رۆژی 28ی نیسانی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت".
ئەوەی حەشد نەیكرد، بودجە دەیكات !
حكومەتی فیدراڵی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی، بە هی خۆی دەزانێت.
حوزەیرانی 2022 چەندجارێك بە كاتیۆشا هێرش كرایەسەر كێڵگەی (كۆرمۆر)، پەنجەی تۆمەت لەم هێرشانەدا بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی راكێشرا.
لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) كران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا.
دوابەدوای هێرشەكانی (كۆرمۆر)، هێزەكانی حەشدی شەعبی خۆیان كۆكردەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خۆرمەڵە)، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی) بوون، ئەوكات جەختیان دەكرد لە كۆنترۆڵكردنی (خورمەڵە)، ئەمەشیان بە راشكاوی بە چەند بەرپرسێكی كورد وتبوو.
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2022 چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكرد، شەوەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردو رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر".
دۆخەكە گەیشتە ئاستی ئەوەی شەوی 23ی حوزەیران، مەسرور بارزانی پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە كردو بڕیاریشیدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخەكە ئاگادار بكاتەوە، لەسەر زەویش مەسرور هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵە پێكرد.
ئەگەر حەشد دەستی بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرتایە، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێمی دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبوو بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە.
ئەوەی حەشدی شەعبی نەیكرد، ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ناردنی هێزو لەرێگەی زیادكردنی بڕگەیەك بۆ رێككەوتنی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ كردویەتیو هەرێم پابەند دەكات كێڵگەكە رادەستی بەغداد بكاتەوە.
ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێ:" ئەو گۆڕانكاریانەی لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێككەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی كوردستان، لەسەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریینو دژی ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵیەو هەروەها دژی پرەنسیپەكانی ڕێككەوتنی حكومەتی ئیدارەی دەوڵەتو بەرنامەی ئەو كابینەیەیە كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە. ئێمە وەك حكومەتی هەرێم، بەهیچ شێوەیەك، ئەم ستەمكاریو پێشێلكردنەی مافەكانی خەڵكی كوردستان قبوڵ ناكەینو پابەندی هیچ بڕیارێكی تریش نابین جگە لەو ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی بەڕێز سودانی كراوە".
راپۆرتی پەیوەندیدا