لەجیاتی دڵی میلەت
2023-04-01 08:04:01
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
* ئەگەر نەشزانی پرسیارەکە چییە موشکیلە نییە، بڵێ خەتای پەڕلەمانە وەڵامەکەت ڕاست دەردەچێت.
* هەشت ساڵی ڕەبەق لەناو یەکێتیدا ئیشم کرد، دواجار مەسئول ناوچەکەمان وتی بەسە ئیتر.
* بەڵێنەکانی دەسەڵات لە تمەن ئەچن، شەش حەوت سفریشیان لێ بکەیتەوە هێشتا هەر زۆرن.
* سیاسەتی ئابوریی حکومەت سایەقێکی ژنم دەهێنێتە پێش چاو کە لۆرییەکیان داوەتێ لە جادەی ئۆرزدی پارکی بکات.
* خەڵاتی ئۆسکاری ناخۆشترین کۆتایی درا بە فیلمی نەوتەکە.
* خەبات ئەوکاتە ڕاستە کە بە غەڵەت بیکەیت.
* ئێمە لەناهەق گلەیی ئەکەین، کێ هەیە لەسایەی ئەم وەزعەوە خاوەنی هینی خۆی نەبێ… ئی مەیڵی خۆی؟
* حیزبی کوردی دوو جۆرە؛ یان گوێ ناداتە هیچ، یان هیچی بەخەیاڵدا نایەت.
* چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێ، بەڵام مادام ئەتوانی لایکی پێ بنێریت قەینا.
* ژیان زۆر عەجایەبە کوڕینە، بەو هەموو خەم و مەراق و حەسرەت و داغ و بێزارییەوە هەر وا ئەکەی تەواو بووە.
* لەداخی تازەپیاکەوتووەکان وەختە بڵێین حەیف و دەستی شکاوم بۆ ئەو زەمانەی کە تازەترین تەکنەلۆجیای ناو شار چەتر بوو.
* دائیرەی ئامار ئەڵێ ٨٠٪ی سەیرانکەران بە چاولێکەری ٢٠٪ەکەی تر تەشریف ئەبەن.
* کوڕی شەهید وای لێ هاتووە بڵێ خۆزگە لەجیاتی دڵی میلەت باوکم لە ڤێلادا بژیایە.
