کۆمەڵگای ژنبوغزێن
2023-03-08 06:09:47
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
پێت ئەڵێم زەعیفە و ناقیسولعەقل، چێشت لێنان عایدی تۆیە و چا هەڵقوڕانەکەی دابنێ بۆ خۆم . حەدت نییە لەهیچ شوێنێکدا پێشم بکەویت، ئەڵڵاهومە مەگەر لە کێڵگەی میندا، کە لەترافیکلایتدا ئەوەستم و هەزارییەکت بۆ فڕێ ئەدەم لەبەر ئەوەیە سمت و کڵۆکت قایمە نەک ئیمانی من… من یەعنی بۆنی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و دەستڕێژی جنێو بە (قافەکانی ) خوشک و دایک و تەواوی خزمە مێینەکانی دوژمن، ئەزانم من و تۆ جیاوازین ،بەڵام جیاوازییەکانمان لە چاو لێکچوونەکانمان یەک بە هەزارن. کتو متین لەناتەواوییەکانماندا، کەچی کەلتورێکی عەمر درێژ پەیوەندییەکەی مەعبێنمانی وا لێکردوە لەدڵی خۆتدا و لە قاوشی سوتاوییدا بڵێی جا خۆزگەی ژن بە گاجووتی کاک بەگ ، بەئەسپی ئاغا . زاناکان ئەڵێن ئەم ڕقە مل قەویەی پیاو لە ڕەگەزی هەشتی ئازار و میحنەت نەتیجەی ئەوەیە داب و نەریت کوڕ مەجبور ئەکات لەتەمەنێکی زۆر مناڵییەوە لە دایکی دوور بخرێتەوە، یەعنی لەو نزیکترین و میهرەبانترین مەخلوقەی کە هیچ ڕۆحلبەرێک ناتوانێ جێگەکەی بۆ پڕ بکاتەوە. ئەم بەتاڵییە لەو بەتاڵییە خراپترە کە کورد ئەڵێ شەڕ لەچاویدا بەجۆشترین زەماوەند و شاییە و ئیتر زۆری پێ ناچێ تەرفیع ئەکات بۆ ڕق و بوغزاندنی ژن . ئەمە قسەی زاناکانە، بەڵام توچاوی خۆت باوەڕیان پێ مەکە. مردومراوانە بە حەیاتیان قسەیەکی باشیان نەکردوە ، مەسەلەن قەت بیستوتە دکتۆرێک بڵێ سەروپێ بۆ دڵ یەکاو یەکە ؟