قاپقاپەکەی بەهار
2023-03-01 08:46:31
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
دەدوانزە ڕۆژ زیاترە گوێمان لە تەپەی پێی بەهارە . بەهار یەعنی گەڕانەوەی کنگر و سەرچۆپی و دەعمی ئێوارانی ڕێگای دوکان و کونەماسی.
ئەم فلیمە ڕەش و سپییە لە کوردستاندا قەت قەت کۆن نابێ چونکێکم هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان، خاتوو تەبیعەت دەرهێنەرێتی. تەبعەن ئەمەشمان هەر فشە و خۆدەرخستنە ، نەگینا لە ناخی دڵ و سەرتوێژی ئەقڵەوە خوا خوامانە سروشت قەدپاڵی شاخێک بێ و بە شۆڤڵ تێی بەر ببین ، سیروانێک بێ و گواوی وڵاتێک بڕێژینە ناوی ، عەرزێکی ڕوکن بێ و شوقەیەکی عەمارەپۆی تیادا بەرینە کەشکەلانی فەلەک .
ئایا ئەم ڕقە شاراوە ئاشکرایە لە سروشت نیشانەی ئەوەیە عەینەن دەروێشەکانی شێخ زائید پارە ئەکاتە هەموو شتێک بە مێشکی ئەمڕۆ بیر ئەکەینەوە؟ یاخود نەوەڵا نەگبەتی ساحێبمانەو فڕمان بە ئیماراتیزم - قەتەریزم - بیروباوەڕی بن سەلمانەوە نییە .
ئەو زاتانە ڕاستە خوا جوانیی سروشتی پێ نەبەخشیون ، بەڵام هاتون زیرەکیی دەستکردیان ماڵی کردوە. تاراتگرتن و فیکەی پەنارتی و سلف لێدانەکانیان کۆمپلێت ئەلکترۆنین. . تەبعەن ئەمە هێلکەی قازە ئێمەی فڕوج ناتوانین بیکەین . بەڵام بەینی خۆمان بێ و هیچ ئاسایشێک نەیکات بە ڕاپۆرت زۆر مەسڵەحتمانە کە ناتوانین . تەسەور کە چ کارەساتێک دەرئەچێ ئەگەر درۆنێک لە حەوشە بنیشێتەوە دوو نەفەر کەلانەی سەفەری هێنابێ !! جۆزەی سەیارە کارەباییەکەت بە کلکە ماسیحە بگۆڕیت!کە دەرگای ماڵەکەت کردەوە ئۆتۆماتیکییەن شیڕە شیڕی گەعدەیەک لە تەلەفزیۆنەکەتەوە درواسێکانت لە شیرین خەو ڕاچڵەکێنێت . داوای پەرداخێ ئاو لەڕۆبۆتەکەت بکەی بڵێ ئەمن حیساب بۆ هیچ عیبادەلبەشەرێک ناکەم .