خەفەت بە وەزعەکەوە
2023-02-25 06:17:58
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
* ئەو مەسئولە عەسکەرییەی کە بۆ هەڵامەتێک ئەچێ بۆ لای دکتۆر هەقە دایبی بۆ دابنێن.
* ئیقتیصادی ئەم وڵاتە وەکو گۆرانیی فۆلکلۆر وایە کەس نازانێ کێ ساحێبێتی.
* گەنجی کورد لە بەینی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا بەحری ئیجە هەڵئەبژێرێت.
* ئەقڵی سیاسیمان ناوبنێن هورمز، هەم تەنگەو هەم ستراتیجییە، هەم ئێرانیش ئەتوانێ کۆنترۆڵی بکات.
* ڕاپەڕین لەو دوکاندارە ئەچێ ئەشیای بە دۆلار کڕێبێ، بە تمەن لێی بیفرۆشێتەوە.
* وتی دایکت ناوی چی یە ؟ وتم سەبری، وتی کەواتە مام ئەیوب باپیرتە.
* وەزیری ڕۆشنبیری هندستان زۆر ڕاست ئەکات؛ باوکی بۆلیوودیش بەقەد سلێمانی فلیمی تیا دەرناکرێ، بە تایبەت فلیمی سیاسی.
* مەمنونی تاسەکانی مرورم، ناهێڵێ هیچ سایەقێک پۆز لێ بدات.
* لە ئیتاڵیا پەنیر بە شەرابەوە ئەخۆن، لە کوردستان خەفەت بە وەزعەکەوە.
* لە حکومەتی تۆتالیتاردا گەورەترین موشکیلە ئەوەیە نازانیت چای مەحمود باشترە یان دوو غەزال.
* کار وا بڕوا هەم ڕۆناڵدۆ خەتەنە ئەکەن، هەم ئێمەش ئەبێ بەشەرواڵی کورتەوە بچین بۆ دەوام.