قەشمەری
2023-02-20 12:12:15
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
وابوین بە قەشمەریی عالەم
لە ڕاپۆرت و دەنگو باسا
خەمی سنعاتی کورد ئەخۆین
بە سپۆنسەری ئاڵتونسا
**
فرمێسکی تازەمان دەوێ
بۆ ئەم خەمە
سیاسەتبازی کۆنتریش
گۆڕستانی نوێ زەرورە
گرتەی ڤیدیۆیی زیاتریش
***
وا زستانیشی بەڕێ کرد
بەبێ ئەنجومەن و نەوت
چاوەڕێیە
وەعدی درۆ کۆکاتەوە و
بۆمان بکات بە پاشەکەوت
**
ئەوکاتەی باوی مارکس بوو
میکیافیلییەکەی ئێمە
خۆی کرد بە پۆلیسی نەجدە
کە حەملەی ئیمانییش دەرکەوت
ئەو لێزانە بلیمەتە
بوو بە هەیفا و فیفی عەبدە
**
بومەلەرزە نەگریسەکە
دەستی بە جۆرێک سوور بووە
کە ئەتوانی تەڵاق بخۆی
بڵێی سروشت
هەبێ و نەبێ
چەکداری دەسەڵات بووە
بە کەڵەگایی هاتووە و
هەر بە تەزویریش دەرچووە
بابهتی پهیوهندیدار