وەڵاە پیاو خەجاڵەت ئەبێ
2023-02-18 09:54:19
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
پێنج شەش ساڵ پێش ئەوەی بانگ بدەن بەگوێی سلێمانیدا (کە ساحێب مەعرەزێک تەڵاقی خوارد وتی سێ حەفتەیە عیبادەلبەشەرێکمان سفتاحی نەکردوە) پەنجاو پێنج شینە زەلام لە دوانزە ویلایەتی ئەمریکاوە خڕ بوونەوە بۆ دەستوورکردنی (مەبەستم حۆقنە نییە) وڵاتێک کە ئەلعانەکێ یەکەمی بێ ڕکابەری هەموو شتێکە هەر لە نۆ ڕسکێنەوە هەتا سەفەری مەریخ. ئەمانە هەریەکەیان لە ئاشێکیان ئەکردو نوێنەری ڕەوت و مەسڵەحەت و جیهانبینیی جۆراجۆربوون. دوانیان هەر زۆر عەکسی یەکتر بوون؛ هامیڵتۆن و فرانکلین. کەچی باوانێکتە گەیشتنە ئەنجامێکی وا کە ڤۆڵتێرو مۆنتیسکیۆ و جۆن لۆک لە قەبرەکانیاندا ئافەرینیان بۆ بنێرن. وەختێک سوعالیان لە هامیڵتۆن کرد چۆن چۆنی ڕێککەوتی لەگەڵ کابرای سەر سەد دۆلارییەکە، خۆ ئێوە هەر خواتان یەک بوو؟ وتی کاکی خۆم و ئەوانە ئێمە دوور لەڕووی بەڕێزت خۆ کەڵەشێر نین ئیلا ئەبێ یەکێکمان ئەوەکەی تر ببەزێنێ. هاتووتین پێکەوە بەرنامەکانی شۆڕشی نوێ، عەفو بەرنامەکانی ڕۆشنگەریی بتەتبیقێنین و ڕێگای سێهەم بدۆزینەوە..
بۆ حەیوان موتەئەکید نیم، بەڵام ئینسان، کە ئەم حیکمەتەی گوێ لێ ئەبێ، ئەگەر فۆلۆوەری مەلا مەزهەریش نەبێ، لاشعورییەن قسەکەی جەنابیان تیکرار ئەکاتەوەو بەدەم سەربادانەوە ئەڵێ مەعەل ئەسەف… وەڵڵاە ئینسان تەریق ئەبێتەوە. لە چی؟ لە حاڵی هامیڵتۆن و فرانکلینەکانی خۆمان، چونکێکونێ بە زەڕەبینی ئەلکترۆنیش بگەڕێیت موستەحیلە چەوەندەرێکی وا لە تەواوی مەزرعەی خەباتی کوردەواریدا ببینیت… هیچ بارزانییەک بەم نەوعە لەگەڵ هیچ تاڵەبانییەکدا دانەنیشتووە… ڕۆحلهبەرێکی گۆڕانخواز شک نابەم وا تەماشای شیردەرێکی نەوەی کۆن و نوێی کردبێت… تەبعەن لەناو کونی کونی ژوورەوەی حیزبەکانیشدا هەمان تاس و حەمامە.. کەس ددانێکی خێر بەوی تردا نانێ. دەستە چەورەکەی مەحمود هەمیشە بە سەرو سەکوتی ئەحمەدێکەوەیە. باوکی زەرقای یەمامەش کە حیمایەی بەدوای خۆیەوە ڕیز کرد ئیتر بەرپێی خۆی نابینێ. دەڵێن سەری ئەمڕۆ بەگۆڕی بابی سبەینێ. دەڵێن خوا کە عەبدێکی خۆی کرد بە چەکوش ئیتر ماباقی مەخلوقەکانی تر حەدیان چییە نەبن بەزمار؟!!!