ڕیختەر و عەلی کیمیاوی
2023-02-07 07:40:30
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
دەست لە برینەکەم مەدە
عەفرینی تێدا نوستوە
داری واوەیلای مەرەشە
بەخت لەسەری هەڵنیشتوە
**
شیعر چەند گرگن و هیچە
لەبەردەم جۆشی گریانی کوردستاندا !!!
کارەسات چەندە زاڵمە
کە دەستی ئەچێتە خوێنی
داراو زارا و زۆرابەکان
لە بەستەڵەکی زستاندا !!!
**
زەمینی ژێرت ئەلەرزێ
ئاسمانەکەت بەستویەتی
مەغۆل بە ئێرانی نەکرد
ئەوەی سروشت لە گەڵ تۆدا کردویەتی
**
ئای لە قەدەر
بەعزێک ئەکا
بە سویسری و خەڵکی قەتەر
کوردی کڵۆڵیش بە خەبەر
**
دنیا بۆچی سیخناخ بووە
لە بەرامەی کۆمەرگی تۆ
بۆتە هەواڵ و ڕاپۆڕت و
ڤیدیۆ و فۆتۆ
بۆ وا بەگەورەیی مردیت ؟
زمانەکان بۆچی لاڵ بوون ؟
بۆچی کەسێک نەیگوت کوردیت ؟؟
**
وەڵامەکەت
هێندە سادە و بێ گرێیە
لەڕووم نایە هیچ بپرسم
ڕووی شەپۆل و لەرە ڕەش بێ
کارێکیان کرد
لەگۆرانی لەرزان لەرزانەش
بترسم
ئامان لەرزانە گیانم لەرزانە
لەم بازاڕەدا بەس خەم هەرزانە
**
ڕیختەر خوا خەجاڵەتت کا
بۆ پێوەرێک کە داتناوە
لەعنەت لەبابی ئیعلام و سیاسەت
و دیپلۆماسی
تەماشاکە
نەک هەر لە کولەکەی تەڕدا
لە باینجان و پیازیشدا
ناوی ڕۆژئاوا و باکووری نەهێناوە
**
شڤان ئەمڕۆ چوو بۆ مەکتەب
مەکتەب نەبوو
سەربان گۆڕابوو بە حەوشە و
جوگرافیاش
بە گۆڕستانێکی شێواو
پڕ لە جەستەی سارد و سڕی
نەسرین و بەبەکەی زەینەب
شڤان نەیزانی چی بووە
نەیزانی کە شەشی شوبات
میلی سەعات ڕاوەستاوە و
لەمەولا هەر خۆی مێژووە