ڕۆنگ ساید بە ئسلوبی مامۆستا سەجادی
2023-02-05 10:11:46
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
خەباتگێڕانی شاخ کاتێک دەبنە دوژمنی مەناخ تەئریخ ئەکەوێتە ئۆف و ئاخ، برایم خەلیل یەکسان ئەکەن بە باشماخ . ئەوسا ئیتر خۆزگە ئەخۆین بە ئاوی شەربە ، دەرفەتت لێ ئەکەن بە زەڕبە ، شەرم نامێنێ و بار ئەکا عەیبە .، ئادەم سمیس لە مارکس ئەباتەوە، قەیسەر بە لینین ئەڵێ لاچۆ ڕەزات خواتەوە. مێشی ئەلکترۆنی دەچێتە چایەکەتەوە، عیشقی دیلیڤەریت بۆ ئەخەنە پاکەتەوە، شەرەف ئەفرۆشن وەکو کاڵا ، نیطاق ئەبەستن بەسەر شاڵا، لە هەموو شوێنێک هەر بۆڵە بۆڵە، تەئریخ ئەدەنە بەر چەمۆڵە، شانت لێ ئەدەن و ئەڵێن ببورە، شێر ئەبێ بە حەرەسی سەگ چونکە مەجبورە، سەروپێچی سێڵفی ئەگرێ لەگەڵ دکتۆری ئینعاشا، بە هەرکەس بڵێی باشیت ئەڵێ حاشا، هەمومان بە جلی کوردییەوە ئەچین بۆ ڕۆژی شێرپەنجە، توتن هاوردە ئەکەن نیوەی ڕاستی بەنجە، لە ئەلکترۆنیاتدا ئەولاد مامۆستای بابەیە ، قاقای پێکەنینمان پڕ لە کە ئابەیە ، شازی شازەکەمان ئەچێتە سەر ویل ، دنیا ترسی لێ ئەچۆڕێ وەکو دنیاکەی جۆرج ئۆرویل،ئەمانبەنەوە بۆ جەنگی سارد ، سەرشانەکانمان پڕ ئەبن لە ئارد، دەمی هەرکەس ئەکەیتەوە ئەڵێ خۆزگەم بە عەهدی باید ،یەک دەقیقە نەوەستاوین هەر ئەڕۆین ، بەڵام بە ڕۆنگ ساید .