لە چی ئەچێ؟
2023-02-01 05:38:46
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
١ـ سیاسەتی هەرێم لە فلیمی سپارتاکۆس ئەچێ بەڵام میستەر بین دەورەکە ببینێ.
٢ـ دیموکراسییەکەی هەرێم وەک ئەو کەچاپە وایە کرابێت بە قاورمەی نۆکەوە.
٣ـ تەسەروفاتی حکومەت لە ئاست موشکیلەکاندا هەر عەینی ساڵی ٩٢ وایە کە هێشتا ساوا بوو، لەو کابرایە ئەچێ کەبە هەشتا ساڵی کراسی گوڵ گوڵی لەبەرئەکات.
٤ـ لە عێراقدا سیاسەتمەداری باش لە ورچی پاندا ئەچێ، خۆیشت بکوژی شەش دانەت بۆ نادۆزرێتەوە.
٥ـ دۆلار بۆ دەوڵەت لە دەرپێ ئەچێ بۆ ئینسان، تا زیاتر هەڵکشێ شەریفتر دەرئەکەوێ.
٦ـ دۆخەکە زۆر ئازاری هەیە، لەوە ئەچێ شوتێکی ڕۆناڵدۆ بەرگونی کەوتبێ.
٧ـ بە حسابی کەشناسی بێ، لەوە ئەچێ سبەینێ ورچیش نەتوانێ بەبێ قەمسەڵە بڕوات دەستێ بە ئاو بگەیەنێ.
٨ـ کۆبونەوەی حیزبەکان لە ئەخباری یەمەن ئەچێ، کەس موتابەعەی ناکات.
٩ـ نەزمی جیهانییش لەوە ئەچێ لاسایی شیعرەکانی دکتۆر بازگر بکاتەوە، هیچی بەسەر هیچەوە نی یە.
١٠ـ تاڵیبان ئیدانەی هێرشەکەی سەر باڵيۆزخانەی ئازەربایجانی کرد، لەوە ئەچێ ئیتر دنیا ئاخر ببێ.