خولە خول … بیگەرێ نەما
2023-01-12 07:03:41
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
پەرداخەکەی ژیان تەنیا هەر نیوە بەتاڵەکەی نییە، نیوە پڕەکەشێتی .. بۆیە هەقی خۆیەتی بە چەپڵە ڕێزان خۆت بکەی بەیەکێ لەم خولە بەلەزەت و نەرمە قوتانەی خوارەوە کە بەلاش و حەلاش ڕاتان دەهێنێت لەگەڵ وەزعەکەدا:
١- خولی دووزمانی
مامۆستای تایبەت و خاوەن تەجروبە لە واعەی حەفەیەکدا فێرت ئەکەن گلەیی هاوپیشەکەت و ئەسراری ڕەفیقی مناڵیت و بۆڵەبۆڵی هەڤاڵەکەت کەڕەتی سەد بکەیت و بیگەینیتە شوێنی خۆی. ئەی چۆن؟ ئینسان سکی عەماری کەس نییە
٢-خولی جڕتاوا
بۆ هەموو ناکەس بەچەکان ، بۆ پشیلەکانی ڕۆژگار و هاوڕێیانی سەرسەری ، بۆ هەڵگرانی فکری حەیدەری، بەشداریکردن تیایدا لە نانی شەو واجیب ترە. تەعلیمت دا ئەدات چۆن نانی کونەماسی بخۆیت و پاسی جڕتاوابکەیت.
٣- خولی دۆشینی نێر
تایبەتە بۆ ئینکارەکانی بیروبازوو، بە لیبراڵ و ئیسلامییەوە، بە دکتۆر و محامییەوە، بە لەحیمچی و وەتەنچیییەوە .. بەشداران لە کۆتاییدا هەریەکە و ئامێرێکی نێردۆشینیان بەدیاری ئەدرێتێ
٤- خولی تڕی بن گۆم
مادام ناحەزەکەت لە پڕێ بووە بە کوڕێ ، بە پەلە خۆت نانونووس بفەرموو لەم خولەدا ، بۆ ئەوەی ئەگەر جەژناو جەژنیش ناویان نەهێنایت بە ڕۆحێکی ڕیازی وەری بگریت .
٥- هی خۆم بۆ خۆم ، هی تۆش ئەخۆم
حیزب و ڕێکخراو، نەوتخۆر و نەوتخوراو، مەسئولی نەخەوت و چ دەرکەوتوو چ لێ کەوتو ، ئەگەر بەشدارییشنەکەن هەر بەدەرچوو حسابن
٦- خولی نانی شوان
هەر بزنێک سنووری خۆی لێ تێک چووە و دەیەوێ نانی شوان بخوات ، ئەگەر نەیەتە ئەم خولە فەلسەفییەوە مەعنای وایە ئەجەلی هاتووە.
٧- خولی دەستە چەورەکە
بۆ ئەوەی کفرە سیاسییەکانی خۆت بهێنیت بەسەرحیزبە مونافیسەکەتدا هین فرسەتانە وەرە و بەشداری بکە لەم خولەدا… دڵنیابە فس فس پاڵەوانیش بیت دەتکا بەجیڤارا