ناڵبەندت کوێر بێ
2023-01-10 05:45:55
د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
لە داڵانە بێ پڕۆجێکتەرەکانی ئازادیدا بنمچێکی کەڵەکەت زرمە لەسەری شۆڕم دائەنیشێنێ. دانیشتن بابەخولێیەکی ئەبەدییە بەدەوری بەرمیلە سیخناخەکانی ئەندێشەی بەتاڵدا.بابەخولێکە هێلکەییە، هێلکەکان ئەمڕۆ سێ زەردێنەن . زەردەێنەکان بۆن و بەرامەی پەڵپینەم بیردەخەنەوە وەختێک کە دەکرێتە ناوقەرەخەرمانی تێکۆشانەوە . تێکۆشان لە قاموسی بێ ناموسیدا مانگایەکە جەماعەتی خوارەوە ئەی ڕەقیبی بۆ دەڵێن و سەریشەوە دایئەدۆشن، مانگاکە کلکی کورتە و تەمەنی درێژە ، درێژ وەکوڕیزی چەپڵە بەدوای کەژاوەی عەشرەتی جام تاریکەوە. جام پڕ بووەو لێشی ناڕژێ، ڕشتن ئەگەر خوێنی ژن بێ قەیناکە. قەیناکە خۆی لە ئەسڵدا مایخالفە و لەودیو حەمرینەوە تەشریفی هێناوە. تەشریف بەگسک کۆ دەکەمەوە تا دەبێت بە تەشریفات .لەتەشریفاتدا کەسمان ئەسپەکەی ڕاپەڕین ناناسینەوە، چونکە لەباتی پێی هاتون گوێیان ناڵ کردوە، کەسیش جورئەت ناکات بڵێ دەک ڕەبی ناڵبەندت کوێر بێ.