ئایا بەرهەمی نەوتی هەرێم زۆر کەمی کردووە؟
2022-12-05 05:29:53
درەو:
ئامادەكردنی: رێكخراوی روونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆژەكانی نەوت
دوای ئەوەی دامەزراوەی درەو میدیا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەنووسینی بەڕێز ئەنوەر کەریم کە چەند زانیارییەکی وردی تێدایە سەبارەت بە داهاتی هەرێم و لە ناویشیدا هەناردەی نەوت و داهاتی نەوت بۆ مانگی تشرینی دەەومی ٢٠٢٢. لە ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت هەناردەی نەوتی هەڕێم کەمی کردووە.
بەپێی ئەوخشتەیەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە هەناردەی نەوتی هەرێمە لە لایەن کەشتییەکانەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی بارکراوە، هەناردەی هەرێم کەمی کردووە بۆ ١٠ملیۆن و ٣٤٥ هەزار بەرمیل کەبەتێکڕا ٣٤٤.٨ هەزار بەرمیل دەکات.
چەندین کەس پرسیاری ئەوەیان کرد کە ئایا بۆچی بەرهەمی نەوتی هەرێم هێندە کەمی کردووە؟ ئایا بەرهەم کەمی کردووە یان هەناردە؟ جیاوازی بەرهەم و هەناردە چییە؟ لە بەر ئەوە ئەم روونکردنەوەمان بە پێویست زانی.
بڵاو کردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە گرنگ و پێویستن، بە تایبەت کە حکومەت لەکاتی خۆیدا مانگانە بڵاویان ناکاتەوە. بەڵام ئەم زانیاریانە و ئەوانەی ئێمەش لە روونبین پێشتر بڵاومانکردووەتەوە تەنها سەبارەت بە ئەو بارە نەوتانەیە کە لە بەندەری جەیهان بارکراوە لە لایەن کەشتییە نەوتییەکانەوە. بەمانایەکی تر هەموو بەرهەمی هەرێم نییە چونکە ئەو بڕەی تیا نییە کە بە تورکیا فرۆشراوە( ئەگەر لەو ماوەدا هیچ بڕێک فرۆشرابێت) هەروەها فرۆشی ناوخۆ و ئەو بڕەشی تێدا نییە کە دراوە پاڵاوگەکانی ناوخۆ. هەروەک دەزانین بەپێی راپۆرتەکانی دیلۆیت کە حکومەت بڵاوی کردووەتەوە بڕێک بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ و بڕێکیش لە ناوخۆدا فرۆشراوە، کۆی بەکاربردنی ناوخۆ و پاڵاوگەکان و هەناردە دەکاتە کۆی بەرهەمی هەێم.
بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و بەدواداچونمان لەم ماوەیەدا تەنها کێڵگەی سەرقەڵا بەرهەمی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە لە ٣٢ هەزار بەرمیلی رۆژانەوە ئێستا تەنها ١٤ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت واتە ٥٦٪ بەرهەم کەمی کردووە و هۆکارەکەشی بۆ دزەکردنی رێژەیەکی زۆر ئاوە بۆ ناو حەشارگەکە بەپێی هەندێ سەرچاوە ٥٠٪ ی تێپەڕاندووە.
کێڵگەکانی تر هەندێکیان بەئەندازەیەک بەرهەمیان زیادی کردووە بەراورد بە مانگەکانی پێشو لەوانە ( هەولێر و سەرسەنگ) ئەوانی دیش گۆڕانێکی وا بەسەر بەرهەمیاندا نەهاتووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستی روونبیندایە و لەم خشتەیەی خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە لە کۆی ١١ کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتی هەرێم تێکڕای بەرهەمی رۆژانە بریتیە لە ٤٢٦ هەزار بەرمیل،
تەنها بەرهەمی کێڵگەی عین سفنی بە گریمانەیی دانراوە بە ٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا .
لە بەر ئەوەی هیچ زانیارییەکی فەرمی و نیمچە فەرمی لە بەردەستی ڕوونبیندا نییە بۆ ئەو کێڵگەیە بۆیە بە سور دیاری کراوە .
کەواتە گەر ئاستی (هەناردە نەک بەرهەم ) کەمی کردبێت ئەوا دەکرێت لێکدانەوەی ئەوەی بۆ بکرێت کە وەرزی زستانەو بەرهەمە نەوتییەکان زیاتر پێویستن، دەبێت هەرێم ئەو بڕەی دەیدات بە پاڵاوگەکان و فرۆشی ناوخۆ زیادی کردبێت. لەساڵانی رابوردوودا ئەو بڕەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بەکار هاتووە لە نێوان٣٠ بۆ ٢٧ هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بووە. کەواتە ئێستا دەبێت ئە بڕە بەرزبووبێتەوە بۆ نزیکەی ٩٠ بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، لەو کاتەدا دەبێت نرخی سوتەمەنی دابەزێت و پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی خێراتر و هەرزانتربێت. گەر ئەمە نەکرابێت و هەناردەش کەمی کردبێت ئەوا ئەوکاتە پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونکرنەوە بدات.