Draw Media

شوكور تەنیا نین

2022-11-04 15:57:31


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

 

 كورد لەڕووی بەیتاڵناسییەوە غەدرێكی زۆری لە گوێ درێژ كردووە كە هەرچی كەر و گوێدرێژی كۆن و نوێ هەیەدەیان شوبهێنێ بەم ئاژەڵە، ڕەنگە سەبەبەكە  دین بێت نەك كەلتوور ، چونكە عەرەب و فارس و توركیش  بە عەینی چاوتەماشای ئەكەن.
 تەبعەن كەرێتییەكی گەورەیە پیاو لەم وەزعە ناسكەدا كە خەریكە  كلكی كەری تێدا دەپچڕێت ، بێت دیفاع لە كەر بكات . بەڵام ناشبێت ئەركی نیشتیمانی و هەستی نەتەوەیی بخەینە لاوە و نەڵێین گەوجێتی و خۆكەركردن تەنیا هەر كاڵایەك نییە بە باڵای ئێمەدا بڕابێت . نەخێر سەدان بەڵگە هەن بەهەزاران ئەشهەدوبیللاوە كە ئیسپاتی ئەكەن ئەقڵە نێرەكەرەكانی تەئریخ لەم بەهرەی كەرێتییە بێبەش نەبون ؛ئەدیسۆن دایم تەئكیدی كردۆتەوە خەیاڵی مەكینەی فڕیو  ( یەعنی تەیارە) لە مێشكتان دەر بكەن ، شتی وا موستەحیلە.
 سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەڵمانیا قەناعەتی وابووە زوڕنا لە نەشتەرگەریدا  چەند پێویستە ، تەیارەش بۆ جەیش هەرئەوەندە دەوری هەیە. 
لەكاتی جەنگی یەكەمی جیهانیدا  وەزیری بەرگری فەڕەنسا ڕاوێژكارەكەی داوەتە بەرشەق لەبەر ئەوی پێی  وتوە قوربان گیان سەرباز بە دەستكێشی سپی و پانتۆلی سورەوە ئەبێتە باشترین نیشانەی دوژمن، با جلی خاكییان لەبەر بكەین. لەكن جەنابی وەزیر پانتۆڵی سور یەعنی  فەڕەنسا ،فەڕەنساش یەعنی پانتۆڵی سوور . 
قەیسەری ڕوسیا  ماشەڵای لێ بێت ئەوەندە ئاگاداری وەزعی دنیا بووە ، كە لەشكرەكەی ناردووە بۆ جەبهەی جەنگییەكەمی جیهانیی پێی وتون  دڵنیاتان دەكەمەوە لە زەرفی دوو حەفتەدا  بەسەركوتویی و دنیایەك  دیاری و تاڵانیەوە دەگەڕێنەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆتان .
ئەفسەرە پلە بەرزەكانی هەموو لایەنەكان  هەر بەحسابی زەمانی زوو لێیان  خوڕیوە ، یەعنی ئەسپ و شمشێر و تەقەی ناوبەناو ، فڕیان بەسەر چەكە تازەكانەوە نەبووە فەلەبەر ئەوە بەقەدەر گەڵای دار جەنەراڵ و عەمید و لیوایان لێ كوژراوە.
ئایندە هێندە بەسەریعی هاتووە كە مەنسولەكان فریا نەكوتون خواحافیزی لەدوێنێ بكەون.
دەستەبژێرەكەی ئێرانی سەرەتای سەدەی بیست دین و ئیمانیان ئەڵمانیا بووە لە بەر چی ؟ كەس نازانێ. بەدەم تلیاكێشانەوە شیعر و شانامەیان بەسەر ئەڵمانە عەبقەرییەكاندا هەڵئەدا. كە جەنگی جیهانی دەستی پێ كردووە چونەتە كرماشان و حكومەتێكی فشۆڵیان دامەزراندوە . دروشمەكەیان ئەمە بووە : شارستانێتی جیهان یەعنی كرمان وجێرمان . 
دەوڵەتی عوسمانی خۆی گلاندە ئەو شەڕە خۆتڕێنەوە بەس لەبەر ئەوەی جەنابی سوڵتان ڕووی نەهات بە دووكەشتییگەلەكەی قەیسەر ئەفەندی بڵێ  شانمان ئارداوی مەكەن ، بڕۆن بگوێزنەوە .
ساڵی ١٩١٠  نووسەرێكی بەناوبانگی ئینگلیز  كتێبێكی بڵاو كردەوە بە ناونیشانی (ترسە پووچە گەورەكە) . ئەم كتێبەدواتر بە یانزە زمان تەرجەمە كرا چونكە ئەیگوو مەحاڵە ئیتر جەنگ لە ئەوروپادا ڕووبداتەوە.
دەئیتر  خوام لەو خوایەی بڵێن هەر كورد هینە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand