Draw Media

قاوە قاو بکە

2022-10-24 16:37:17


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

 

١- بەحسابی هەموو تەزبیح و داتایەک ، لە دوای ئاو وسوێندی درۆ ، قاوە زۆرترین شتە کە بنیادەمی ئەمڕۆ و شەش حەوت سەدەی پێشووتریش ڕۆژانە چەندین جار نۆشی گیانی ئەکات.
٢- قاوە لە ئەفسانەدا ڕەبتی هەیە بە ڕێکەوت و بزنە قەنی و کاکەی شوان و حەبەشەوە، لە تەئریخیشدا چەتاڵیان کردوە بە یەمەن وکۆیلە و سۆفی بەرماڵ بەشانەوە
٣- ئەم زەقنەبوتە عەجایەبە لە جزیرەی عەرەبەوە هەتا گەیشتۆتە بەڕازیل سەدان گۆتاوڕۆی ناوەتەوە، ملیۆنان ئینسان لە پێناویداکراون بە عەبد و ئەنواع و ئەشکاڵ مەملەکەتی بۆ داگیرکراوە،بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئینسان بیخواتەوە و لەگەڵیدا گوێ لەفەیروز بگرێ
٤- تاقە شتێکە کە وەختی خۆی ژن و حوکمەت هاوڕابوبن لەسەری. هەردووکیان بەناوهێنانی قاوە و قاوەخانە ئەبون بە فیشەکەشێتە، چونکە ئەوەڵ جار جورئەتی قسەکردن و قودرەتی بیرکردنەوە لەم بەڵای خوایەوە نازڵ بوو بۆ پیاو. قاوەخانە هەڤاڵانی وا لێکردتوخنی سیاسەت بکەون و بیرو هۆشیان لای ماڵ ومناڵ نەمێنێ.
٥- قاوەخانە  نەبوایە نە ئیسحاقی وەستا نیوتن ئەوپیاوەی   لێ دەر ئەچوو کە دەرسی فیزیای لە عالەم کرد بە تەیارە ، نە ئەوڕۆشنگەرییەش لە ئەوروپادا دروست ئەبوو کە ئێمە ئەمڕۆ لێرەوە دڵی برا سەلەفییەکانی پێ ئەڕەنجێنین .
٦-قاوەی فیتنەگێڕبوو  کە سەدەی هەژدەهەم بێ ئیشەکانی فەڕەنسای خستە سەر کەڵکەڵەی شۆڕش. یەکەمین مەفرەزەی ئەو گۆڵمەزەکە لەخوت و خۆڕایی هەڵیان کوتایە سەر  سجنی پاستیل ، لە قاوەخانەیەکی پاریسەوە تەوزيع بون
٧-من ئەڵێم دوو فاقی ، تۆ بڵێ دیالیکتیکەکەی، قاوە لەوەدایە کە لەسەرێکەوە  کلکەقنگێی فرانکلین و جەماعەت ئەدات ئەمریکا لەژێرڕکێفی ئەبو ناجی ئازاد بکەن ، لە سەرەکەی ترەوە هۆڵەندییە مرۆڤدۆستەکان ناچارئەکات چەند وردە وڵاتێک بخەنە قەفەزەوە.
٨- کەس عیلمی غەیبی پێ نییە ، بەڵام  ئەگەر سوڵتانی  عوسمانی  کاتی خۆی تەڵاقی نەخواردایە کە ئەبێ  قاوەخانەکانی ئەستەموڵکۆمپلێت دابخرێن  لەوانەیە پێشکەوتنە زانستی وفکری و تەکنەلۆجییەکە بەنسیبی ئێمە بوایە . بەڵام باشتر . ئەگینا ئێستا ئەم ناوچەیە سیخناخ ئەبوو لە پەنابەری ئەڵمانی و ئاوارەی دانیمارکیی ڕەززا گران
٩- بێ حیکمەت نییە حوکمەت لەئاست ئەم هەموو قاوەخانەیەدا خۆی کردووە بە کەڕەی شەربەت. حەتمەن چاوەڕێیە ڕێنیسانسێکی کوردیی بەنێرگەلەوە بخەمڵێ ، وەڵاهو ئەعلەم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand