دەمەتەقێی فەلسەفی
2022-10-07 21:30:32
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
ئیفلاتون: دەی فەرموو، ئەوە میکرۆفۆنت لەبەردەمدایە. بەڵام تاقەتی قسەی پڕ باق و بریقم نی یە. کورت و کرمانجی شەکرەکەت بشکێنە.
زوحاک: ناکرێ بەقوربان. من بەناخێری گیانم پاشا بووم. خوتبەی من جیاوازە لە فڵتەفڵتەی ڕەعیەت.
ئیفلاتون: قبوڵم نی یە. یان خۆمانە قسە بکە یان فەرموو عەرەبانەکەت ڕابکێشە.
زوحاک: بەڕاستی ئەمەیە ئاخر زمان. من فەیلەسوفم نەدیوە حەزی لە ئاخافتنی ڕەشۆکی بێ.
ئیفلاتون: ئەزانی بۆ ڕقم لە قسەی سەوزو سوورە؟ چونکە هەندێ کەس، کوڕە وەڵا زۆر کەس، کەرێتییەکەیان لە ژێر قسەی زلدا دەشارنەوە. یەڵا ئیفادە بە.
زوحاک: ئیفادەی بۆچییە !. مناڵی مەکتەبی شوەیفاتیش ئەزانێ ئەو کاوەی ئاسنگەرە ناموبارەکە تەخت و تاراجی تێک دام و سەریپان کردمەوە.
ئیفلاتون: ڕۆڵە گیان شوکری خوا بکە. بەس نی یە تۆ دوژمنەکەت مەعلومە. ئەی ئەگەر لەجێی سوقراتی ڕەحمەتی بویتایە ئەتگووچی؟
زوحاک: یەعنی من لەو باشترم ؟
ئیفلاتون: هەزار قااات. ئەو قوڕبەسەرە بەشەر نازانێ کێ بە کوشتی دا. لە هەر کەسێ ئەپرسێ ئەڵێ زۆرینە داوای کرد بکوژرێ. ئێئەو زۆرینەیە کێ یە؟ ئەدرەسەکەی کامەیە؟ کەس نازانێ. هەناسە ساردە وەک تڕی بن گۆم ڕۆی، لەعنەت لەبابی بابی دیموکراسی.
زوحاک: دە وەڵا ئەوەی من مەعلومەو هەزار ساڵی تریش بێ هەقی خۆمی لێ ئەکەمەوە.
ئیفلاتون: هەق؟ ئادەی تەعریفی هەقم بۆ بکە.
زوحاک: چۆن یەعنی؟
ئیفلاتون: هەق چی یە؟ بە کیلۆ ئەیفرۆشن؟. فۆڕمی هەیە وەکو بایەعییەکە ؟ بۆم باس کە.
زوحاک: ڕجات لێ ئەکەم شتەکەم لێ قورس مەکە. هەق هەقەو ئەم هەموو شێرو ڕێوییەی ناوێ.
ئیفلاتون: چی چی چی چی؟؟؟!! شێر و ڕێوی. زۆر عەیبە پاشایەکی وەکو تۆ ناوی ئاژەڵ بێنێ. ئاژەڵی چۆنیش ؟ یەکێکیان دڕندەو ئەوی تر فێڵباز. ڕجوع بەرەوە لەو دوو نمونەیە.
زوحاک: وەڵا عەرز لە عاسمان بدات ڕجوع نابمەوە. حوکمداری بەبێ شێرو ڕێوی لە کیسی چپسی ئێرانی ئەچێ، پڕە لە هیچ.. بەڵام ….
ئیفلاتون: بەڵامەکەت لەدەمدا بە پەشمەک بێ، ئەزانی ئەمڕۆ چی لە نەعرەتەی شێرو لە فرت و فێڵی ڕێوی زەرورترە؟
زوحاک: خەڵک و خوا ئەڵێن سنعاتکارێکی دەست ڕەنگین.
ئیفلاتون: ئافەرم. بۆ ئەوەی سیلاحێ دروست بکات ئەو درۆن و موشەک و شتانە دوور بخاتەوە.
زوحاک: مەگەر بە خەو ئوستاز. ئێرە سنعاتکاری تیا هەڵ ناکەوێ.
ئیفلاتون: ئەی چی تیا هەڵ ئەکەوێ؟
زوحاک : ئەوپەڕەکەی ئەوپەڕەکەی خولەی چەخماخساز.