پیادە لەگەڵ ڕەخشەکانی بێکەسدا
2022-10-05 13:05:41
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
-هەتا شەهیدی وڵاتم
نەهاتە ناو باخچەمەوە
هەڵاڵەم سوور هەڵنەگەڕا
+شێخی سەنعانەکەی شۆڕش
بە بەلاش لەدین وەرگەڕا
**
-وەرچەرخا تاریکیم ، ئەمشەوە شەوێکی جیاترە
+ژمارەی ئەفسەرمان لەپۆلیس زیاترە
**
-مناڵیم مێوژ بوو، نیشتیمان ماڵێکی بچوک بوو
+بەگۆڕی کاک ئارام سوێند ئەخورا و
قیبلەکەی خەباتیش کەرکوک بوو
**
+لێم پرسی دەنگوباس چی یە
وتی قوربان بەداخەوە
-سەری قودس وا بە سەری سابڵاخەوە
**
-شەو درێژ و ئاخ درێژ و دوکەڵی یادم درێژ بوو
+لەسەرەمەرگا بوو زانیم
ڕێگاکەمان درۆڕێژ بوو
**
+دنیاکەمان لنگەوقووچە
کراسێکی ئاوەژووە
-تەنیا باڵندەیەک مابێ
هەر قاژووە
**
-با چراکە هەر داگیرسێ و
فووی لێ نەکەین
+ دەنا ئەبێ پارەی موەلیدە بدەین
**
-شار ، شار، شار ، شار
مزگەوتێکە منارەی خۆی ئەخنکێنێ
+ئیتر ئۆقرە چۆن بار ناکا ؟
متمانە بە چی ئەمێنێ؟
**
-گلێنەت ئەزمڕە و ئەڕوانیت
+چاوەڕێی درۆنی ئەنقەرە و
موشەکی تارانیت