Draw Media

هەم نارنجە و هەم بێ یە

2022-09-09 09:58:14


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

نارنج و بەهێ ، دوو میوەی هێندە دژبەیەکەن لە شێوە و تام و سوود و لەزەتی دەستلێدانیان کە ئەڵێی مایا خەلیفەیە و کەواو سەڵتەیان کردۆتە بەری ، کەچی کوردی بلیمەت هەردووکیانی لە چیدا کۆ کردبێتەوە باشە؟ ئافەرم ، لە وەسفی مەمکی یاردا. یەعنی مەمکییش لە هەر حەجم و سوخمەیەکدا بێ ئەتوانێ شتە دژبەیەکەکان نیشان بدات . دژبەیەک لای موسەقەفەکان پێی ئەوترێ پارادۆکس . پارادۆکس تڕی دۆلاری بڕیوە . لەهەموو شوێنێکدا یان خۆی یان سێبەرەکەی حاکمە . مەسەلەن ئۆکسجین هەم ڕەگی حەیاتە ، هەم زەهریشە. بەکتریای خوێڕی بە ڕواڵەت چەند سادە و ئاسانە کەچی تا خوا حەز بکات ئاڵۆز و ئاقڵ و مەکربازە. ئەو ڤێلا چەند ملیۆن دۆلارییەی کە وا ئەزانی کابرا لە قازانجی دروستکردنی تیشکی ژێر وەنەوشەعولوی دەستی کەوتەوە لە حەقیقەتدا بەری تاشراوی ڕەنج و تێکۆشانی ئامدیوکردنی تووتنی نێرگەلەیە. هیچ بارەگا و هۆڵی کۆبوونەوەیەکی دیجیتاڵی ئەم زەمانەیە بەقەدەر ئەشکەوتێکی زەمانی زوو بڕیاری نیشتیمانیی تێدا نەدراوە. ئەگەر کادیرێکی عەیارە سی و چوار سوێندی بە مەبەدەئەفەندیی بۆ خواردیت ، لێت مەعلوم بێ دەمێکە لەگەڵ ئەوبەردا چەتاڵی کردووە. خاوەنی بەعزێک لەدوکانی سەروپێخانەکان دکتۆرەکانن. زۆر لات ئاسایی بێت پاسەوانی زیندان دەڵاڵی تلیاکفرۆشەکان بێت. ئەمە ئینسانە و ئینسانێش لەڕووی بایۆلۆجی و تەماعناسییەوە هیچی لە درەخت و پشیلە و کتێبەکەی داروین کەمتر نی یە. لەوپەڕی ژیریدا گەمژەیی تیایدا سەرەتاتکێ دەکات ، چەندە ئیمانی قایم بێت ، ناوبەناو گومان و پرسیار گڤە ئەکەن بەلای خەیاڵیدا. فەلەبەر ئەوە هیچ تەعەجوب مەکە نەزانەکان دەمیان لە دەمی ئەنیشتاینەکان گەرمتر بێ. بە ڕۆحێکی ڕیازی وەری بگرە ئەگەر بیستت ئەردۆغان دەڵێت مەڕێکم مەولوی پێغەمبەر بێت کوردەکان یەکڕیز و سەربەخۆییخواز بن . بەشەرە ئیتر هەموو شتێکی لێ چاوەڕوان ئەکرێ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand