ژیاننامەی ناودارێک
2022-08-22 08:53:16
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
لێزان قارەمان لێدەر ، پەنجاو ئەوەندە ڕۆژ پێش ڕاپەڕینە پچکۆلەکە لە خێزانێکی دۆنم پەروەر چاوی بە عەرزە ڕوکنەکانی ئەم نیشتیمانە بێ مەعمەلەدا هەڵهێناوە و پیسی نەکردوە.ئەو هەر لە تەمەنی قنگە خشکێوە عاشقی هەمبەڵەی وەنەوشە و دیمەنە دڵڕفێنەکانی مەقەڕ بووە،صوبغ ، عەفو بڵێم بۆیە، شانسیش بۆی کەوتە هەلەکەسەما و پێش ئەوەیبەخاریجی ئیمتیحانی پۆلی نۆ بدات لە پەیمانگای کۆمپیوتەر شناسیی بەشی کۆپی پەیست هاتە دامەزراندنێ و دواترلە قومارێکی سیاسیی عەسکەریدا کردیان بەشەریکی عەمید شەیتان و پێکەوانێ دوو قۆڵی دەرچۆیان دا لە بانقی جەلەملا و لەوسەریشەوانێ لۆرییەکی علوج خۆی کرد بە گەراجەکەی ماڵی خەزوریدا. ئیتر بە جادە سەد مەترییە چوارسایدییەکەی ساختەچێتدا گەردنی قۆناغێکی تازەی خەباتی گرتە بەر کە بەسوود وەرگرتن لە پەیڕەوی ناوخۆی ژن وژنخوازیی قەڵەمباز بە قەڵەمباز سەرکەوت بەسەر بەرزاییەکانی تێکۆشانی شارەوانیدا ، ببورن ، تێکۆشانی شارستانیدا و لە نووسینگەی کاک مەبدەئی کوڕی نەزاهەت خانەوە ساڵانێکی زۆر خەریکی توێژینەوەی بازرگانی بوو.
لاو چای تاڵ ، نوسەری بیرەوەریوەکانی پەلکەزێڕینەی خۆڵەمێشی لە کتێبی (بوختان وا نەبێ بۆچی چاکە )دا دەفەرموێتن نەهەرقل و نە تەڕەزان ناگەنە ئەژنۆی کاک لێزان کە دوو ساڵ پێش دەستپێکردنی شەڕە قۆچەقانییەکەی کەنداوی سفر ، توانی بۆنی گۆشتە سوتاوەکەی عێراق بکات و سەیارەی حەریق بە فوولیی بنێرێت بۆ پڕ کردنی مەسبەحەکەی ئۆتێل تەبایی ، بەڵام داخی داخانم بەڕێکەوت ئاوەکە کلۆری زۆر تێ کرابوو . ئەوەش ، نەخێر لێم تێکچوو، ئەمەش وای کرد تەباییەکە دووچاری ئەو نەخۆشییە خەتەرە ببێ کە پێی دەگوترێ بەلەفیڕێی ئیداری و لەئەنجامدا ئەکتیڤی دابەزێ. تکا لە فرێندەکان ئەکەم لایکی پێویستی بۆ بنێرن بەشکو هەڵسێتەوە.