بۆ تۆرت کرد؟ بۆ تۆرای؟
2022-08-13 08:12:33
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)
شار ترساوە
وەک مناڵێک کە پەرداخی شکاندبێ
وەکو کارمەندێکی قەرزار
مەعاشاکەی دۆڕاندبێ
وەکو کوردێکی دەرسیمی
لەترسی ئەشکەنجە وئازار
ئیعتیراف کات
ئەو ڕەسمەکەی ئەتاتورکی دڕاندبێ
***
باوکم زۆر بە تەجروبەیە
بۆ هەموو شت نەخشەی هەیە
منی هێنایە دنیاوە
تا عەلاگەی بۆ بفرۆشم
خاڵم پێش شایەتمان وتی
چاوی دکتۆرەکەی ئینعاش
بەردە،هەڵماتی شوشەیە
نابینێ چەندە نەخۆشم
***
کاتێک بڕیار ئەدەین بمرین
ڕاوێژ ناکەین
نە بەدڵ و نە بە ئەقڵ
کەدەسەڵات تەماشای ئاوێنە دەکات
هیچی ناشوبهێ بەشۆڕش
نە ناوەڕۆک ونە شکڵ
***
ئەو ئەکۆکێ
تابزانین ئاودەستەکە بەتاڵ نی یە
کە مشکەکان
دەستیان کرد بە تیلی لی لی
تێ ئەگەین کە هەڤاڵ گوربە
لە ماڵ نی یە
***
ئەو کاتەش کە جل هەڵ ئەخات
دایکمان خۆری نەدیوە
ئازادیمان قەفەزێکە
یەک تەیری تیادا نەفڕیوە
**
ـ بۆ تۆرت کرد ؟ بۆ تۆرای؟
+مێردە سەگبابەکەم لێی دام
-تۆ درەخت بوی
چۆن کۆچت کرد؟
+تەورێکی تازە ڕاوی نام