كێ هێرش دەكات ؟

Draw Media

2022-06-25 13:33:35



درەو:

لەماوەی سێ رۆژدا سێجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای دوزخورماتوو، ئەمڕۆش پێشمەرگە رێگری كردووە لە دوو جوڵەی سوپای عێراق بەئاراستەی كۆرمۆر.
ئەمڕۆ جارێكی تر بە كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی قادر كەرەم، هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق دوو جار جوڵەی پێكراوە بە ئاراستەی كۆرمۆر.
جاری یەكەم هێزێكی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەی پێكراوە بە مەبەستی  ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەو ناوچەیەدا گوایە بۆ روبەرووبونەوەی تیرۆرستان، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رێگریان لێكراوە.
جاری دووەم هێزێكی چوار ئۆتۆمبێلی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەیان پێكراوەو رایانگەیاندووە كە مەبەستیان لێكۆڵینەوە بووە لەو موشەكانەی ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر كراوە، بەڵام ئەویش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لەناوچەكە رێگریان لێكراوە.  
هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن.
بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووە‌و دەڵێن: 
* كاتیوشاكان لە  دەوروبەری هەردوو گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم  دوو گوندەی (قەڵغان لوو) تەنیا ( 5 -7 ) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا.
* لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن‌و لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە. 
* كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە. 
* ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێت‌و بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە. 
(درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر).  

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتی‌و یەكێتیدا گیری خواردووە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand