پەیامەكانی پشت بەربانگەكەی سوپای توركیا لە هەرێم
2018-06-02 18:07:52
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
خوانی بەربانگكردنەوەی جەندەرمەكانی توركیا لە مزگەوتی گوندی (بەرمیزە)ی ناحیەی سیدەكانی قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر، زیاتر پەیامێكی سیاسی و ئایینی لە پشتە، جگە لە پێشێلكردنە سەربازیەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم.
ئامانج لە سازدانی ئەو خوانەی بەربانگ لەناو خاكی هەرێم، رەنگە بە پلەی یەكەم ئەو پەیامەی لەخۆیدا هەڵگرتبێت بۆ خەڵكی ئایینداری ناوچەكە كە جەندرمە وەكو خاڵكی ناوچەكە موسڵمانن و ئەوانەی لە چیان ( پەكەكە ) لادینن، ئەمە هەنگاوێكی نوێی توركەكان نیە، وەك ئیسماعیل بێشكچی نوسەری بەناوبانگی تورك و دۆستی گەلی كورد لە كتێبەكەیدا (كوردستان كۆڵۆنیالیەكی نێودەوڵەتی) باسی دەكات حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی توركیا هەمیشە هەوڵیان داوە كورد لە بۆتەقەی ئاییندا بتوێننەوەو لە رێگەی برایەتی ئایینیەوە لە هەستی نەتەوەیایەتی كورد بدەن.
ئەگەر حكومەتەكانی پێشووی توركیا كە زۆربەیان عەلمانیەكی نەتەوەپەرستی كەماڵیست بوون، نەیانتوانی بێت ئەو سیاسەتە بەتەواوی بچەسپێنن، ئەوا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ریشەیەكی ئیسلامی هەیەو بانگەوازی زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی دەكات، ئەیەوێت ئەو هەستە تۆخ بكاتەوە.
بەربانگكردنەوەی جەندرمەكانی توركیا لە گوندەكانی باشوری كوردستان هەوڵدانە بۆ بە ئاسایی روانین لە سوپای توركیا و كاڵبونەوەی هەستی تەماشاكردنیان وەكو داگیركەرێك.
ئەردۆغان لە رۆژئاوای كوردستان بەناوی "چلە زەیتون"ەوە عەفرینی داگیركرد، ئێستا دەیەوێت بەهەمان ناونیشانەوە باشوری كوردستانیش داگیربكات، بەڵام بەبێ تەقەو ئۆپەراسیۆن و هێزی سەربازی.
ئێوارەی 29/5/2018 ژمارەیەك جەندەرمەی توكیا لە بارەگاكانیان هاتنە خوارەوە بۆناو گوندی (بەمیزە)، ئەو هێزانە چەند مانگیك پێشتر بە درێژایی (15 كم) هاتنە ناو خاكی باشوری كوردستانەوە لەو ناوچەیە، بارەگای جەندرمەكان تەنها (500م) لە گوندی بەرمیزەوە دوورە، ئەوان دوو رۆژ پێشتر موختاری گوندەكەیان ئاگادار كردبووەوە كە دەیانەوێت بێنە گوندەكەیان و نیەتپاكی خۆیان نیشان بدەن، بۆیە ئەو رۆژە بە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هاتنە گوندەكەو لە مزگەوتی بەرمیزە بەربانگیانكردەوەو كۆمەڵێك ئازوقەو پێداویستیان دابەشكردووە بەسەر هاوڵاتیانی گوندەكەداو دواتر رۆیشتن.
هاتنی ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچەیە هەروا رووداوێكی ئاسایی نیە، بەڵكو هەڵگری چەندین مانای قوڵە، لەسەرو هەموویانەوە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵكێ ناوچەكەو سوپای توركیا وەك داگیركەر، ئەوان بەو جوڵەیە ویستیان بڵێن "ئێمە پارێزگاری لە ئاسایشتان دەكەین و پەكەكە هێزێكە ناتونێت بتانپارێزێت"، هاوكات ئاماژەیەكە بەسەرتای جوڵەی سەربازی و سیاسی توركیا بە ئاڕاستەی هەژمونی زیاتر بەسەر هەرێمی كوردستان تاوەكو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی سەربازی شێنەیی بەرەو قەندیل و بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستتا (پەكەكە) لەو ناوچانە.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەت و سەرۆك كۆماری عێراق تائێستا هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی وێنەی سەربازانی توركیا لە گوندی (بەرمیزە) رانەگەیاندووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی باڵادەستی ناوچەكە هیچ لێدوانێكی فەرمی و نافەرمی لەوبارەیەوە نەداوە.
ئەوەی تائێستا لە هەرێمی كوردستان لەسەر هاتنەخوارەوەی ئەو سەربازانەی سوپای توركیا قسەی كردووە جگە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان، (13) پەرلەمانتاری كوردستانن كە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن" لە ساڵانی رابردوداو تا ئەم ساتەوەختە چەندینجار نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان بانگەوازمان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حكومەت و حزبە حوكمڕانەكان و دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراق كردوە، كە رێگری بكەن لە هەنگاوەكانی سنوربەزاندنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم. بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووەو، دەوڵەتی توركیاش قۆناغ لەدوای قۆناغ پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاكی كوردستان لە دانانی چەندنی سەربازگەو مۆڵگەو جەندرمەخانە قایمتر دەكات. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جەندرمەی توركیا لە گوندەكانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن!".
بوونی بنكەو بارەگای سوپای توركیا لە باشوری كوردستان مێژوویەكی درێژەی هەیە، بە جۆرێك چەندین رێككەوتن كراوە لەنێوان عێراق و توركیا بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی، رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێككەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن (20 كم) سنوری خاكی یەكدی ببڕن، بەتایبەتیش دژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیان بەتایبەتیش (پەكەكە)، ئەم رێككەوتنەی لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، بەڵام لەبری راگرتنی بەزاندنی سنوری یەكتریان لە (20 كم)وە بۆ (25 كم) زیادكرد، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت.
هاوكات حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لەو دۆستایەتیەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەتی، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی (PMF)- هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان توركیا بنكە سەربازییەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە.
بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان
نزیكەی (18) بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نوێترنیان هاتنی هێزی سەربازی توركیا بوو بۆ (باشیك) لە ساڵی 2016دا كە بە بیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی "داعش" و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردەوە و (1200) سەرباز، (50) تانك، (50) هەمەر، (15) تۆپی دوورهاوێژ، (50) هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكە تر و (70) ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەو ناوچەیە جێگیركرد، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاویكردەوە، (3235) ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندان لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (58) تانك، (27) زرێپۆش، (31) تۆپ و (26) هاوەن، (17) ئاڕ بی جی و (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە هەرێمدا هەیە.
راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (13) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك دابەشكراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگری هەیە.
1- گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (580) سەرباز و (91) ئەفسەر و (240) جەندرمە و (340) هێزی لێدان هەیە.
2- گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە كە دەكەوێتە بەرامبەر ناحیەی بامەڕنی. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (30) تانك، (8) زرێپۆش، (6) هاوەن، (6) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدەهێنن.
3- سەربازگەی (باتوفا) سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (20) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگرییە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (400) سەرباز و (6) تانك و (21) زرێپۆشو (14) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە.
4- بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (414) سەرباز، (6) تانك، (15) ئاڕ بی جی، (2) دۆشكە، (6) زرێپۆش، (11) تۆپ، (14) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی تێدایە.
5- سەربازگەی (سینكی)، (80) سەرباز و تۆپێكی (120 ملم)ی تێدایە.
6- سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (75) سەرباز، (6) تانك، سێ دۆشكە، (6) هاوەن، (4) زرێپۆش هەیە.
7- سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (130) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك.
8- سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی .
9- سەربازگەی (كوخی سپی)، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
10- سەربازگەی (دەرەی داواتیا) لە هەفتانین، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی.
11- سەربازگەی (سەری زیری)، (60) سەربازی تێدا جێگیركراوە.
12- سەربازگەی (گەلی زاخۆ)، (34) سەربازی تێدا جێگیركراوە.
13- سەربازگەی (ئامێدی)، (45) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە تێدا جێگیركراوە.
14- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی قەزای ئامێدی.
15- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی ناحیەی باتوفە.
16- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری.
17- بارەگای دەزگای سیخوڕی میت، لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی.
18- بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك.
بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لەپێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت، لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازییە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش": بدات..
..............
بابەتی پەیوەندیدار
توركیا باشووری كوردستان داگیردەكات؟
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=103
خەونی سوڵتانی ئەردۆغان.. لە والی عەفرینەوە بۆ والی هەولێر
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=245