Draw Media

خەونی سوڵتانی ئەردۆغان.. لە والی عەفرینەوە بۆ والی هەولێر

خەونی سوڵتانی ئەردۆغان.. لە والی عەفرینەوە بۆ والی هەولێر

2018-04-04 09:47:19


درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف

"توركیا والی بۆ عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دادەنێت و دەیبەستێتەوە بە شاری ئەنتاكیای توركیاوە" ئەمە ئەو هەواڵەیە كە لەسەر زاری وتەبێژی " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین" بڵاوكراوەتەوە كە ئەنجومەنێكە و لەلایەن تورکیاوە لەدوای داگیركردنی عەفرینەوە بۆ بەڕێوەبردنی كانتۆنی عەفرین دەستنیشانكراوە.
ئەم هەنگاوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروا هەنگاوێكی ئاسایی نیە و بەشێكیشە لەو هەنگاوە پلان بۆ داڕێژراوەی كە ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش كاری لەسەر دەكات، هەروەها لەدوای گرتنی عەفرین ئەردۆغان رایگەیاند: عەفرین رادەستی سوریا ناكەینەوە و خۆمان بەرێوەی دەبەین، دانانی والی بۆ عەفرینیش داگیركردنی یەكجارەكی ئەو ناوچەیەیە، ئەردۆغان راشیگەیاند،  ئۆپەراسیۆنەكەمان تەنها لە عەفریندا ناوەستێت و بەرەو مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و شەنگال هەنگاودەنێت، ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان هەولێكە بۆ بە واقیعیكردنی خەونە سوڵتانیەكانی، كە بە شێوەیەكی پراكتیكی كاری لەسەر دەكات، ئێستا لەناو میدیای توركیا و تەنانەت ناوچەكەشدا ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێ یاخود هەڵگری خەونی سوڵتانی ناودەبرێت، كە خەونی دروستكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نوێیە و هەوڵ بۆ گرتنەوەو گەڕانەوە بۆ سنوری دەوڵەتی عوسمانی دەدات ( دەوڵەتی عوسمانیی كە لە ساڵی 1299ی زاینی تا ساڵی 1922ی زاینی بەردەوام بوو).
 بێرنارد هێنری لیڤی فەیلەسوفی فەرەنسی و ناسراو بە دۆستی كورد لە رۆژانی رابردوودا نوسی: ئەردۆغان تەنیا سەرۆكی توركیا نییە، بەڵكو ئەو سوڵتانە و دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە ناوچەكەدا دابمەزرێنێت، ئەردۆغان لە چەندین وتاریدا شانازی خۆی بە دەوڵەتی عوسمانیەوە كردووە و خەونی بەدیهێنانی داوە هەروەك لە وتارێكیدا لە ساڵی 2012 دا وتی: ئێمە دەگەینە هەموو خاڵێك‌ و ناوچەیەك كە پێشتر باپیرە عوسمانییەكانمان بەسواری ئەسپ گەیشتن پێی و حوكمیان كرد.
بۆیە ئەردۆغان و دارودەستەی حوكمرانێتییەكەی لە تەواوی رەهەندەكانەوە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سوڵتانی ئەردۆغان، بەڵام لە چاوەڕوانی هەلێكدابوون تا دەرچەیەك بدۆزنەوە و لێیەوە بچنە سەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان، بۆیە شەڕی سوریا و هەڵپەی وڵاتە زلهێزەكان بۆ پچڕینی پشكی خۆیان توركیای كێشكرد بۆئەوەی بەشی خۆی بپچڕێت لەو كێكی سوریا و خاڵی سەرەتا دەستپێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان بێت، چونكە توركیا تا ئێستا سوریا و عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بووە بە موڵكی خۆی دەزانێت، هەروەك ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە تەمموزی 2014 رایگەیاند: سوریا لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزراوە، بۆیە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئەم ڕیشە مێژووییەمان، ئەوەش شەرعیەتدانە بە دەستوەردان لە كاروباری سوریا و چاوەڕوانیش ناكرێت تەنها بە گرتنی عەفرینەوە بوەستێت و بگرە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆغان ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە تا باشووری كوردستانیش، دانانی والیش بۆ عەفرین  واتا بە دیهێنانی بەشێك لە خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان.
كانتۆنی عەفرین ( یەكێكە لە سێ كانتۆنەكەی رۆژئاوای كوردستان و  روبەرەكەی 3850 كم2 واتا 2% خاكی سوریایە  و ژمارەی دانیشتوان 523258 كەسەو پانیەكەی لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا 55 كم2 درێژیەكەی لە باكور بۆ باشوور 75 كم 2، و تەنها 50كم2 لە دەریای ناوەڕاستەوە دوورە و سەربە پارێزگای حەلەبە كانتۆنی عەفرین لە ناحییەکانی ( عەفرین، جەندەریس، بلبلە، شیخ حدید، راجو، شەران، مەعبەتلی پێكهاتووە


 
 

والیەك بۆ هەولێر
توركیا دەیەوێت لەدوای عەفرین هەولێریش بكاتە ویلایەتێكی سەربە توركیا ئەگەرچی ئێستا هەژمونی ئەنکەرە لەسەر هەولێر زیادترە وەك لە بەغداد، بەو پێیەی هەولێر رازی نەبوو هێزی عێراق بێتە هەرێم بەڵام چەندین بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێمدان، ئەردۆغان چاوی لەسەر باشووری كوردستانە و پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە).
گرتنی عەفرین و دانانی والی بۆی دوای 58 رۆژ لە بەرەنگاری و خەبات و شەڕی هێزەكانی یەپەگە هات و واتا 58 رۆژ لە شەڕی دووەم هێزی ناتۆ، لەدوای عەفرین، توركیا چاوی لە هەولێر، هەرچەندە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان عەفرین و هەولێر بۆ ئەردۆغان، بەو پێیەی ساڵانێكی زۆرە ئەردۆغان كارلەسەر هەولێر دەكات و زۆرجار وەكو ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵكراوە، بەو پێیەی  توركیا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی هیلكەكانی خستبووە ناو سەبەتەی توركیاوە تا راپرسیەكەی 25ی ئەیلول.
بە ویلایەتكردنی هەولێر بۆ توركیا تا ئاستێك ئاسانترە بۆ بەدیهێنانی خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان، بەو پێیەی ئەردۆغان ساڵانێكی درێژە كاری لەسەر باشووری كوردستان كردووە و هەژمونی سیاسی و سەربازی و ئابووریی و كلتوریی بەسەر كوردستاندا سەپاندووە بەتایبەتیش: 
یەكەم/ دانانی چەندین بنكەی سەربازی لە باشووری كوردستان كە ئێستا زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت فڕۆكەخانەی سەربازیشی داناوە، دواترینیشیان هاوكات لەگەڵ هەوڵی داگیركردنی عەفرین و بەرەنگاری توند لەوێ، بەڵام لە سیدەكانەوە 15 كم2 هاتە خاكی باشووری كوردستانەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەبری بەرەنگاری چاوساغیانكردن و 12 بنكەی سەربازیان لەوێ دانا، بۆیە ئەردۆغان لە روی سەربازییەوە هەرێمی داگیركردووە و پێویستی بە هێزی سەربازیی نیە بۆ داگیركردنی ئەو هێزەشی دەیەوێت دژ بە پەكەكەیە نەك هەرێم.
دووەم/ سەرچاوەی داهات و ئابوری باشووری كوردستان لە دەستی توركیادایە، بودجەی هەرێم كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنەوت دەبەستێت( مانگی ئازاری 2018 هەرێم 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە)  لە رێگای توركیاوە رەوانە دەكرێت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و هەركات بیەوێت رایدەگرێت، خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلیش كە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتە هەر لە رێگەی توركیاوەیە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە 60%ی كەلوپەل و پێداویستییەكانی ناو بازارەكانی هەرێم توركین.
سێیەم/ لەروی كلتوریی و پەرورەدەییشەوە توركیا هەژمونی خۆی لەسەر هەرێم داناوە، ئێستا توركیا لە رێگەی زنجیرە دۆبلاژكراوەكانەوە كلتوری خۆی بەسەر خێزانی كورددا بلاودەكاتەوە و زنجیرە توركییەكان پڕبینەرترینن، لە رووی پەروەردەیشەوە چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و تا ئاستی زانكۆش چەندین قوتابخانە و زانكۆی توركی لە هەرێم کراونەتەوە.


گرتنی عەفرین و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،  ئەردۆغان  زیاتر هاندەدات كە پەلە بكات لەسەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكانی و فراوانكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە عێراق و سوریا و بەتایبەتیش بارودۆخی خراپی سوریای قۆستەوە بۆ گرتنی عەفرین و بارودۆخی عێراق و  ململانێی ناوخۆیی دەقۆزێتەوە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و بە ویلایەتكردنی هەولێر، كە رەنگە لە داگیركردنی باشووری كوردستاندا بوونی پەكەكە و رێكەوتنی كۆنی نێوان بەغداو ئەنکەرە بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی بكاتە بیانوو، هێزەكانی خۆی بە فراونتر لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەو پێیەش هەژموونی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێت و هەولێر بكاتە ویلایەتێكی دەوڵەتی نوێی عوسمانی كە كێكە لە خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand