Draw Media

کوڕە بڕۆ بێ تەئریخ

2022-06-17 07:00:17


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)  

گواستنەوەی زەوقی دەمئاوکردوی پیاو لە غەبغەبەی سەمیرە تۆفیقەوە بۆ شان و ملە بێ غەزوبەزەکەی ئەنجیلینا جولی مەعنای وایە حەزیش وەکو ماباقی شتەکانی تر قابیلی گۆڕانە بەپێی گێڕگۆڕینی زەمانە وسەردەم . 
ئەم قسەیە بە زمانی ئەفەندییەکان وای لێ دێت : جوانناسی ڕەوتێکی مێژوویی هەیە. ئەی مێژوو خۆی چییە و لەکوێ خەباتی کردووە؟ ئەوە هێشتا سی ڤییەکەیمان بۆ نەهاتووە.  نازانین . هەر ئەوەندە ئاگادارکراوین کە لە هەر ڕستەیەکی جامانەبەسەردا وشەی هاوڕێ تەئریخمان بینی هەڵیکێشین و هەڤاڵ مێژوو بخەینە شوێنی ، ئیتر  موشکیلە مەعنا  نامان مێنێت . بە جدی وایە؟ نەوەڵا قوربان . تەئریخ ئەوەی ناخۆشە کە وەک شاری بانە نییە هەموو ڕێگاکان بچنەوە سەری. ئەو زاتە جوامێرە فەقەتاو فەقەت تاقە ڕێگایەکی هەیە پێی یێژن ئەقڵ . هەر تەئریخێک ئەقڵانی نەبێ بنەماڵەی هیگڵ و ئەوان پێی ناڵێن تەئریخ . کەواتە بەم حسابە بێ کورد حەوت فرسەخ لە تەئریخەوە دوورە. ماڵیان ها لەودیو حەسارە دووسەد مەترییەکەی ئەقڵەوە. مەخلەس یەعنی ئێمە میللەتێکی بێ تەئریخین . ئەوەی کە ڕوویداوە و ڕوو دەدات شوێن پێلەقەی سیاسەتە و جاروبار یەک دوو خوتبەی کەللەتەزێنیان تێدا خوێندۆتەوە . کێ خوێندوێتییەوە؟ زەلامی ڕۆشنبیر ،ئەویش ڕۆشنبیری وەک چۆمسکی و جۆرج تەرابیشی نا ، بەڵکو ڕۆشنبیریی خۆماڵی بە مەعنا ئەی ڕەقیبییەکەی . نەتیجەکەش ئەوە بووە کە ڕووداو دوای ڕووداو زیاتر سەرمان کراوە بە قوڕدا و لە تەئریخ دوورخراوینەتەوە. ئەی حەل چی یە؟ ئەوەیە چاوەڕێ بین بەشکو ئەمە خوایە لەگەڵ بایەعییەکەی ئەم جارەدا وەجبەیەک بیرمەندمان بۆ بێنن هاوشانی ئیبن سینا و دیکارت وئەرەستو، ئەگینا خوانەخواستە کە دەممان لەدەمی میللەتێکی تر گیر بوو پێمان ئەڵێ کوڕە بڕۆ هەی بێ تەئریخ. بەڵام بە گونی بارگیرمانەوە. ئەوە هیچ عەیب نی یە . عەیب و حەیا  چوون لەوەدایە وەبەرهێنان شوقەی لێ ببڕێ و زانکۆ فریای حەفلەی تەخەڕوج نەکەوێ و مەسئول بێ حیمایە بێ . میللەتی بێ تەئریخ کەی موشکیلەیە؟!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand