تلیاک وحەرەمسەرا
2022-06-09 08:37:26
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
ئەڵێ کە پڕ بوو لێی ئەڕژێ .چی لێی ئەڕژێ؟ جام. ئافەرم ، باشە لەم دەوروزەمانەیەدا چی زۆر جام ئەبێ؟ دوور لە ڕووی حازری ئەقڵ.ئەقڵ چ عیلاقەیەکی بە جامەوە هەیە؟ قوربان گیان هەمان ئەو عیلاقەیەی کە لە مەعبێنی حوشترو حەمامدایە. حوشترەکە واز لێ بێنە با برادەران تەپڵی عێراقچیمان بۆ لێ نەدەن ، وەرە بۆ حەمامەکە ، ئەوەی کە جاران هەم توونی هەبوو هەم ژووری گەرم .
جاباعەرزت بکەم . ئەگەر بەچاوی مشەری خێسەی لێ بکەیت بەنیسبەت میللەتەوە تەئریخیش عەینەن حەمامە، یەعنی ژوورە گەرمەکەشی هەیە و توونە ڕەشەکەش. جا بەعزێ لە عۆمەتە خواپێداوەکان یەک صەلەف ئەکرێن بە ژوورە گەرمەکەدا و پاش مودەتێک پاک پاک پاک دێنە دەرێ . ڕەنجدەرانی بیر و میزەخە دەرێن ژووری گەرمی حەمامەکەی تەئریخ ڕێنیسانسە . ئەوروپییەکان دووسێ قەڕن خۆیان تیادا خوسان وچڵکی سەدەکانی ناوەڕستیان لەکۆڵ کردەوە. بەڵام صەفەوی و عوسمانییەکان کە دەیان خوڵامیان هەبوو برنجییەکەیان باپیرمان بوو ، خوا بەشارەتی لێ بەستن و لەجیاتی ژوورە گەرمەکە ، خۆیان کرد بە توونەکەدا، یەعنی بە تاریکستانەکەی بۆگەناوادا . کەواتە ناهەقیان نی یە ڕەشتر و چڵکنتر لە جاران خواحافیزی لە حەمامچییەکە بکەن . منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ. بەڵام باشتریش کە نەیاندامێ ، داماوانە چی یان هەبووە بیبەخشن!! بە ناشوکریی خوا نەبێ ئەو زەمانە، بەعەکسی ئێستای خۆمانەوە(تۆ بڵێ باش) ڕۆم وعەجەم هەر لەدوو دەعبادا مەشهور بوون ؛ تلیاک و حەرەمسەرا.