ئەنجومەنی شارەوانی پەنا بۆ داواكاری گشتی دەبات
2022-06-02 19:33:51
درەو:
بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی نوسراوێك ئاراستەی داواكاری گشتی كراوە بۆ راگرتنی كاركردن لە دوو موڵكی گرانبەها لە گەڕەكی كارێزە وشكی شاری سلێمانی.
دوای ئەوەی (درەو) بڵاویكردەوە لەنزیك گردی زەرگەتە و لەبەردەم پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی و كۆلیجی سەلاحەدینی ئەهلی موڵكێكی دوو دۆنمی كە بەهاكەی بەزیاتر لە (15 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەلایەن وەبەرهێنانی سلێمانیەوە بەرەزامەندی شارەوانی سلێمانی دەدرێتە كۆمپانیایەك و لە بری وەبەرهێنان نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەسەر درووست دەكات.
رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا بە واژۆی سەرجەم ئەندامانی كە بەرێوەبەری شارەوانی و وەبەرهێنان و كشتوكاڵی سلێمانی تێدایە نوسراوێكیان ئاراستەی داواكاری گشتی كردووەو تیایدا داوا دەكەن: لێكۆڵینەوە لەسەر دابینكردنی چەند پارچە زەویەك بكرێت لەوانە ئەو دوو پارچە زەویە گرانبەهایەی كە لە گەڕەكی كارێزەوشكی سلێمانیە.
ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی ئەو زەویانە بە هەدەردانی موڵك و ماڵی گشتی ناو دەبەن و داوای راگرتنی كاركردن دەكەن لەسەر ئەو موڵكانە كە لە ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت، داواش دەكەن زەویەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ بەرژەوەندی گشتی.
ئەو دوو موڵكەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی داوای راگرتنی دەكەن، لە ئێستادا كاری لەسەر دەكرێت و بە پێی ئەو تابلۆیەی لەسەر پرۆژەكە دانراوە، پرۆژەكە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانیەوە سەرپەرشتی دەكرێت و نەخۆشخانەیەكی ئەهلی لەسەر دروستدەكرێت.
http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10385