Draw Media

سوودەکانی کوردایەتی

2022-05-28 12:15:21


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو) 

 

١- لەسایەی حوکمی خودموختارییەوە بوو کە ژنانی کورد بە قەڵەمبازێک گەیشتنە لوتکەی فیمینیزم و ناوجەرگی ئاویان، عەفوو ناوجەرگی پیاویان کرد بە ئاو، بە جۆرێکی وا کە حەمدی بەگی شاعیر باڕەی لێ هەڵسێت و بڵێ: باجی ڕەحمە بێ قەزابێ نایەڵێ ڕێک هەڵپەڕین.
٢- ئەوەڵین چیرۆکی کوردی کە جەمیل صائیب بەدەم خەوەوە هێنایە نووسین بەری نەتاشراوی ئەوەڵین حوکمی هاوچەرخ وفەلەکی کوردەواری یە و هەتا نەیخوێنیتەوە نازانیت ئەگەر عەدالەت و نەزم و قانون و عیلم مەعریفەت دەست پیاوی خۆی نەکەون باوکی هۆلیوودیش ناتوانێ بیانکات بە سینەما.
٣- کوردایەتی، خوا بەرقەراری بکات ڕەببی، بە یەک چەقەنە قسە بێسەروبەرەکەی کارڵ مارکسی بەدرۆ خستەوەو ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین کە بۆرژوا و پڕۆلیتار درۆیە. کۆمەڵگا لە دوو بەش پێک هاتووە؛ ئەمدیوی دێگەڵە و عەیب نەبێ دیوی ئەودیوی. 
٤- گوێی شەیتان کەڕ بێ ئیشەڵا، ئەگەر کوردایەتی نەبوایە کەس تەصەوری ئەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان ژمارەی ملیۆنێرەکانی هەرێم  ژمارەی کونجەکانی زەمانی ئاوڵە گەورەکە تێ پەڕێنێت؟
٥- بەفەزڵی کوردایەتییەوەیە کە ئێستا ناکۆکی یە فکرییەکان بە زمانی گوڵ و گولـلە حەل و فەسڵ ئەکرێن. جاران ئەچون کابرایان لە شیرین خەودا ئەدایە بەر خەنجەر.
٦- کوردایەتی بۆ عۆمەتەکانی تریش دنیایەک خێری داوەتەوە. ئەوەتا زەعیفەیەکی وەکو بلاسخارت بەهۆی ئێمەوە زانیوێتی کە شتێک هەیە بە هیچ شتێک هین نابێ.
٧- فەزڵەکانی کوردایەتی لەڕووی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییشەوە ئەوەندە زۆرن نە سەریان هەیە نە حساب. نا توخوا ببورن ئەوە نەوتەکە وایە، لێم تێک چوو.
٨- کوردایەتی ئەوەندە موهیمە تەپڵی بە….دەی خۆتان تەواوی بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand