Draw Media

گەورە و بچووکی 

2022-05-09 09:27:27


دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو) 
ڕاستە هەقیقەت موهیمە ، بەڵام قەناعەتتان هەبێ باوەڕ موهیمترە. باوەڕ هەموو شتێک ئەگرێتەوە، وەکو دەڵێن هەر لە عەرشەوە هەتا قورش. یەکێک لە باوەڕە میللیەکان دەڵێت خواردنی مێروولە وا لە ئینسان ئەکات لا ئیرادی باوبژی لێ بەر ببێتەوە. مەحوی شاعیر لە دێڕێکدا جواب بۆ نەیارێکی دەمەوەر دەنێرێ عەرزی ئەکات ئەوەندە مێروولە مەخۆ، یەعنی حەیات بێ هێندە هین مەکەنە. بەڵام ئایا مێروولە هەر ئەم فەزڵەی هەیە بۆ بەشەرییەت ؟ بەتێکڕای دەنگ نەخێر. میللەتانی ئۆنلاین و ئۆفلاین بەعام زۆرجار ئەم حەشەرە زەحمەتکێشەیان بەکارهێناوە، بەتایبەت لە پەندەکانیدا. مەسەلەن پسپۆڕانی جوگرافیای سیاسی دەڵێن خوا غەزەب لە مێروولە بگرێ دەیکات بە دراوسێی ڕۆم وعەجەم. تەبعەن مەبەستەکەش مەعلومە کێ یە؟ دەستیشیان خۆش بێ وامان پێ دەڵێن چونکە قەت بێزمان نەهاتووە بەچاوی مشتەری لەستایڵی ژیانی ئەم زیندەوەرە مەزبوت و ڕێکخراوە وردببینەوە. تۆ سەیر بکە بزانە لەهیچ شارەمێروولەیەکدا کافتریایەک دەبینیت؟ مردومراوانە ئەوەندە جدیین هەر لە ئەوەڵی بەهارەوە تەقەلا دەدەن و شەو دەخەنە سەر ڕۆژ بۆ پاشەکەوتکردنی مەعاشی، عەفو ، بۆ پاشەکەوتکردنی ئازوقەی زستانی داهاتوویان. نە بەحەیاتیان گوێ لە ئەخباری یەمەن دەگرن و نە بەدیار ئەڵقەی تورکییەوە زەمی حکومەت ئەکەن. ئەوە مەسەلەی بایکۆت و خۆپیشاندان هەر هیچ. لە زەمانی سپارتاکۆسەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ نەمامبیستووە هیچ کۆمەڵە مێروولەیەکی کۆیلە لە پاشاکەیان ڕابپەڕن و کفری نیعمەت خانیان نەکردووە، هەر ئەمەشە سڕی مانەوەیان. ئەی چۆن ؟! ئینسان، عەفوو مێروولە پێویستە گەورەو بچوکی بفامێ ئەگینا لە دایناسۆر خراپتری بەسەردا دێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand