خورمژ

2022-05-06 18:36:33



دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو) 

 

خورمژ کە یەعنی داواکردنی خورماش و مێوژیش لەیەک عەرزوحاڵدا دیوێکی زبریشی هەیە کورد کردویەتی بە پەند. پەندەکە ئەڵێ دەشی ئێشێ و دەشی خورێ. ئەمە ڕێک لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست قەومابوو. لەسەرێکەوە ڕاییکردنی تیجارەت و سەفاهەت و زەلالەتی ژیان وای ئیجاب ئەکرد قەرزو قۆڵە هەبێ، کە ئەوەش هیچ پارەدارێک مەجبوور نەبوو بە مایەکەی خۆی بیدات بەکەس. ئیللا و بیللا دەبوو سوویەکی بخاتە سەر. بیلا مەعنایەکی، ئەمە سەرێکیان بو. سەرەکەی تر بەدەست کەنیسەوە بوو. پاپا و جەماعەتەکەی دەیانگوو سووخواردن حەرامە وەک چڵکی سەگ. واوەیلا بەحاڵی ڕۆژی قیامەتی ئەو مەسیحییە خوالێخۆشبووەی کە لەم دنیا قروشێک سووی بەقوڕگدا چووەتە خوارێ. ئێ باشە عەینەن مەفەڕ؟… مەفەڕەکە ئاسانە. ئەو شوغڵە شەریفە هەر بۆ جولەکە باشە. ئەمە کێ فەرمووی؟ پیاوانی کەنیسە. کەی ؟ پاش بگرەو بەردەیەکی زۆر. ئەی جولەکە دەوڵەمەندەکان چییان کرد؟ نووسیان لاریمان نییە. ئەسڵەن مەجموعەیەک تاجیری ناسراوی ئەو عەسرە لەپێناوی پاراستنی ڕیزەکانی گەلدا سەنگەری دیانەتیان لە مەسیحییەوە گواستەوە بۆ یەهودی. ڕەنگە ناهەقیشیان نەبوبێ چونکە قەناعەتی کاردناڵ و پاپاکان وابوو کە کاسپیکردن بەگشتی تۆزێ زۆر عەیبە. وایان خستبووە ئەقڵ و شعوری کۆمەڵانی خەڵکەوە کە هەموو قاسەیەک شەیتانێکی تێدایە. کوڕ ئەو کوڕەیە شەیتان فریوی نەدات و تا ئەتوانێ شەق لە ماڵی دنیا هەڵ بدات. بەعزێک لە کانگای دڵەوە شەقیان تێ هەڵدا، نیسبەتێکیش خۆیان ڕانەگرت و چوونە جیهانی وەبەرهێنانەوە لەبواری سووخۆریدا. بەڵام خەڵکی تریش هەبوون کە هەم ئەم دنیایان دەویست وهەم ئەوە دنیاش. یەکێک لەوانە فرانچیسکۆ دانیتی بوو. ئەم سەرمایەدارە بلیمەتە خۆی لە یاداشتەکانیدا ئەڵێ توانیومە مەسیحییەت و کەسابەت پێکەوە بگونجێنم. بەچی خاڵە گیان ؟ بەوەی کە بەرگی دەفتەری حساباتەکەم بە خەتاتی لێم نووسیوە: بەناوی خوداو سوودەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand