وەزعێکی ڕەشی قەترانی
2022-05-03 06:48:12
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
لە وەرزەکانی خەندەڕێزان و گریانباراندا ئەرکەکانی قەڵەم ، بەتایبەت قەڵەمی تەنز ، تاقەتپڕوکێن دەبن.چاوە تەڕەکانی کام پێکەنین و کراسە لەخوم هەڵکێشراوەکانی چ دێڕە مەسخەرەبازێک جورئەت دەکات ڕەشتر و تاریکتر بێت لە ڕۆحی ژنکوژەکانی وڵاتەکەم ؟ حەسرەت چەندە بەغیرەتیش بێ چۆن ئەتوانێ لە حزوری باوکە جگەرسوتاوەکەی چەمچەماڵدا ببێتە قوڵپی پێکەنین . ئەو بەهرە دەرخشان و ئومێد بەخشە هەرگیز لە ئەفسانەکانیشدا بوونی نەبووە کە هەموو ڕۆژێ کۆستێکی شەنگاڵ بدەن بە کۆڵیدا و کۆڵ نەدات…
گوێ لە نەبزی هەر دڵێک دەگریت ، سەرنج لە هەر لێوبەبارێک دەدەی ، دیمەنی هەر بەلەمەێکی نوغرۆی گەنجە خنکاوەکانمان دەبینیت هەموویان دەڵێن ئیتر بەسە . تەحەمول پردێکە و خەریکە دەڕوخێ . هیوا گوڵە بەیبونێکە و لە ژێرخۆڵبارانی ناتەباییدا هەناسەی بۆنادرێ. دەشت و کێوی بەهاری مەڵبەندەکەمان لە تابلۆیەکی سەقەت و ناشیرینی دەستکردی وێنەکێشێکی ناشی دەچێت ، چونکە ڕەنگە ئەساسییەکانی تێدا نی یە ، بۆچی ؟ لەبەرئەوەی ڕەنگەکان دردۆنگن لەیەکتری . دردۆنگییش ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەشێوێنێ . ئەو شێواویەی کە گیرفان و ڕەفەی دەرمانخانەکان و گوڵدانی ئیشەڵاکانی بەتاڵ کرد لە پارە و دەرمان و خونچەی ئومێد.
کوردستان ئێستا هەموو وەسفێکی خراپی بۆ دەبێت؛ ئاشی نەزانە و گوندێکی فرە کوێخایە و وڵاتێکی بێ ساحێبە و ماڵێکە کراوە بەسەربەشی ماڵان .تکایە چیرۆکەکەی ڕۆستەمی زاڵ دووبارە مەکەنەوە ئاممان . هەتا زۆراب نەمردووە تریاقەکەی فریا بخەن . ئەگینا کە ئەو مرد ئیتر شانامەکەش تەواو دەبێ . باوەجوو ئەمەی ئێمە هیچ فڕێکی بەسەر هیچ شانامە و هیچ جوامێرییەکەوە نەماوە، ئەڵاهومە مەگەر پارتی و یەکێتی لەم خەڕەندە تێ بگەن و ببنە هاوکار یەکتر و هاوخەمی کورد