یەکێتییەکەی جاران؟؟
2022-04-11 06:32:49
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
لە کۆبوونەوەیەکدا هاوڕێ ئەریک فرۆم بە ئەدمینی پەیجە سێبەرەکانی گوتبوو دەستم دامێنتان ئەوندە باسی ئازادی مەکەن، ئازادی ترسناکە ئینسان لێی هەڵدێ. موهیم نییە سەبەبی ئەم ترسەی مرۆڤ مەسڵەحەت بێ یان تەبیعەت، موهیم ئەوەیە ڕاستە و کوللی دەقەو سەعاتێ، وەک بەردی ئەلحەد لووتی ئینسانی بەرئەکەوێ.
جارێکیان داوا لە فەیلەسوفی ڕەحمەتی، داریوشی شایگان ئەکەن کۆمەڵێ کوڕو کاڵ کۆبکاتەوە سوود لەئەزموون و هزرەکانی وەربگرن، عەرزیان ئەکات ئەڵێ قوربانتان بم ڕیشم مەئاڵێنن لە ڕیشی دەروێش و تەلەبەو موریدەوە. ئەوانە ناهێڵن مامۆستاکەیان بگۆڕێ. خوێنەرانی بەسەرهاتی مەولاناو شەمسی تەورێزی ئاگادارن کە خەتاباری سەرهەڵگرتن و بێسەروشوێنبوونی شەمس موریدەکانی مەولانا بوون. تەحەمولییان نەکردوە مەولانا بەهۆی شەمسی تەورێزییەوە ئەوەندە بگۆڕێ کە لەگەڵ مەولاناکەی ئەوسادا عەرزو عاسمانی فەرق بێ.
ڤێرژنە کوردییەکەی ئەم جۆرە موریدانەش هەمان تاس و حەمامن. پرسیایشیان لێ نەکەی لەوەڵامدا ئەڵێن کلیلە جۆکەرەکە تەنیاو تەنیا یەکێتییەکەی جارانە. ئەم قسەیە ئەگەر لەنیازپاکییشەوە بێ هەر خراپە. شەڕەقۆچێکی بێهوودەیە لەگەڵ لۆجیک و یاساکانی ژیاندا. زیندووکردنەوەی ڕابوردوو هەم مەحاڵەو هەم کارەساتبار. ئێستای سەردەمی فیلەرو بێکاری و ئۆنلاین و خۆڵباران و ڕاپ یەکتییەکی ئێستای دەوێت. یەکێتیی جاران بۆ سەردەمی مولازم موحسین و تەزبیحی ئەبڵەق و عەربانەی تراکتۆرو شەڕی پارتیزانی باش بوو. هێنانەوەی ئەو یەکێتیی یە وەک ئەوە وایە جەمال عەبدولناسر بکەیتەوە بە شەرمولشێخ و جامیعەی عەرەبیی ئەمڕۆدا. خوا ئاگادارە ئەگەر جەڵتە لێی نەدا تووشی شیزۆفرینیا دەبێت. ئەسڵەن موشکیلەی یەکێتیی ئەوەیە کە نەیتوانیوە ببێتە یەکێتیی ئێستا. سەرێک لەهەر زانکۆیەک بدەیت ئەبینیت گەنجترین مامۆستا فەقیرە ڕیشی ماش و برنج بووە. تێکڕای تەمەنی پێشمەرگە لە هێزەکانی حەفتا چل و پێنج ساڵە. یەعنی هەشت نۆ دە ساڵە قەترەیەک خوێنی تازە نەچۆتە دەمارەکانی حیزب و دەوڵەتەوە. ئەم دابڕانە لە ڕەوتی مێژوو ژمارەی ناحەزو ناڕازییەکان کەڕەتی سەد ئەکات. کەواتە سەد هەزار ڕەحمەت لە باوکی ئەو برادەرانەی کە ئەگەر قسەی خێریش ناکەن باچیتر ختوکەی خەیاڵمان نەدەن. ئەمڕۆ ئەگەر لە کۆمەڵی کوردەواریدا میلاکێ بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان مابێ پێویستە یەکێتیی ئەمڕۆ بێ، بۆ ئەولادی ئەم عەسرە بێ .