خاوەنی کەرەکە
2022-04-08 16:10:56
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا (تایبەت بە درەو)
لە سێصەد و شەست و پێنج ڕۆژەکەی ساڵ ، بێ موبالەغە صەد و پەنجاڕۆژی خۆڵبارینە،باقیەکەشی کڕێوەی مەراق و گەردەلولی ڕق و چلەی بوختان و تۆفانی نائومێدی یە. متمانە کۆمەڵایەتییەکە ئەوەندە عال کوڵیوە کە ئەگەر بە میزەوە بجەڕێیت ناوێریت مەجلیسەکە جێ بهێڵیت نەوەکا برادەرەکانت بکەونە غەیبەتت. قەناعەتی وەستاکەت وایە تۆ بەئەنقەست خۆت فەقیرۆکە نیشان ئەدەی ئەگینا ئەگەر ئارەزووت لێ بێ دەرسی شەیتان دائەدەیت . شاگردەکەشت لەملاو لا ئەڵێ عائیلەوییەن شانسەقنگەیانە دەنا ئەو و وەستایی کوجا مەرحەبا. فاشیل ئەبی وەی سەرکەوتوو دەبیت هەر وەی . ئەگەر دز نەبیت حەتمەن درۆزنیت .هەزار شەهادەی حوسنولسلوکیان نیشان بدەیت ئیلاوبیلا بەمناڵیش بوبێ هینێکیان هەر لێ هین کردویت. ئەو خۆشەویستی و سۆز وبەزەیی و ویژدانەی کە لێرە بەرکەماڵە سەد نوسخەی لێ شۆراوەتە ئەخیرنوسخەی دراوە بەجەنگەڵ . لەم سەری هەرێمەوە تا ئەوسەری فاو شوێنێک بدۆزەرەوە ڕستەیەکی جوان وکردەوەیەکی پەسەند و هەڵوێستێکی باشت فێر بکات بڵێم قیر. لەکنگرەوە بیگرە هەتا شەڕی ئۆکرانیا بابەت نییە نەتوانین قسەی لەسەر بکەین. شانازیی بە جل و بەرگی نەتەوییمانەوە ئەکەین کەچی بەنەخوێنەکەشی صینییە. ئەمانە هەمووی مشتێکن لە خەروارێک . خەروار دوور لەڕووی حازری یەعنی باری کەر. بارەکەمان مەعلومە چی یە؟ کەرەکەش پیاو عەیبە باسی خۆی بکات . بەڵام خاوەنی کەرەکە کێ یە؟ئەگەر ئەیناسن رجائەن عەرزی بکەن بەسە ئیتر تامی تیا نەما