(دره‌و):
حوسییه‌كان به‌ره‌و كۆنترۆڵی گه‌رووی (باب مه‌نده‌ب) ده‌ڕۆن، ئاژانسی (رۆیته‌رز) ده‌ڵێ سعودیه به پاكستان‌دا په‌یامی بۆ ئێران ناردووه حوسییه‌كان رابگرێت، ئێران وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه وتویه‌تی به ئێمه راناگیرێن. ئاڵۆزییه‌كان له (هورمز)و (باب مه‌نده‌ب) تادێت زیاتر نرخی نه‌وت به‌رزده‌كاته‌وه.. ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته.
حوسی (مه‌خا) كۆنترۆڵ ده‌كات
ئاژانسی (رۆیته‌رز) له‌زاری چوار سه‌رچاوه‌ی سه‌ربازی حكومه‌تی یه‌مه‌نه‌وه ئاشكرایكرد، هێزه‌كانی (حوسی) هاوپه‌یمانی ئێران، ئه‌مڕۆ شاری (مه‌خا) مێژوییان كۆنترۆڵ كردووه كه شارێكی كه‌ناراوه.
ئه‌مه په‌ره‌سه‌ندنێكی ستراتیژییه كه ره‌نگه ببێت به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر گه‌رووی (باب مه‌نده‌ب) وه‌كو یه‌كێك له گرنگترین رێڕه‌وه‌كانی كه‌شتییه‌وانی له جیهاندا.
چه‌ند رۆژی رابردوو شه‌ڕی نێوان حوسییه‌كان و هێزه‌كانی حكومه‌تی یه‌مه‌ن (پاڵپشتیكراو له‌لایه‌ن سعودیه‌وه) په‌ره‌سه‌ندنی به‌خۆیه‌وه بینی. له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نیا به ناوچه‌كانی باكوره‌وه رابوه‌ستن، حوسییه‌كان سه‌ره‌نجیان خسته سه‌ر كۆنترۆڵكردنی هێڵی دورودرێژه كه‌ناراوه‌كانی یه‌مه‌ن، چونكه ئه‌مه پێگه‌یه‌كی به‌هێزتریان پێده‌به‌خشێت بۆ دروستكردنی كۆسپ له‌به‌رده‌م بازرگانی ده‌ریایی.
سه‌رچاوه‌كانی (رۆیته‌رز) باسیان له‌وه‌كردووه، حوسییه‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر دورگه ستراتیژییه‌كانی (حه‌نیش) له ده‌ریای سور، هێزه‌كانی حكومه‌ت و هاوپه‌یمانه‌كانیشیان به‌ره‌و باشور بۆ شاری (زوباب) ده‌ڕۆن، كه راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته سه‌ر گه‌رووه‌كه، به‌رامبه‌ر به دورگه‌ی (بریم).
ئه‌و سه‌رچاوانه ده‌ڵێ: كۆنترۆڵكردنی شاری (زوباب)و دورگه‌ی (بریم) گرنگه بۆ كۆنترۆڵكردنی گه‌روه‌ی (باب مه‌نده‌ب).
په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ له‌نێوان هاوپه‌یمانه‌كانی سعودیه له یه‌مه‌ن (له‌ژێر ئاڵای حكومه‌تی دانپێدانراوی نێوده‌وڵه‌تی یه‌مه‌ن)و حوسییه‌كان، به‌ره‌ی دووه‌می شه‌ڕی كردوه‌ته‌وه، به‌ره‌یه‌كی تر په‌یوه‌ست به جه‌نگی ئێران، كه بووه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ دابینكردنی وزه‌ی جیهانی.
ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وتی خاوی برێنت له سه‌روو 100 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك مایه‌وه، ئه‌مه له‌به‌ر رۆشنایی به‌رده‌وامی ئاڵۆزییه‌كان له‌هه‌ردوو رێڕه‌وی دابینكردنی وزه له گه‌رووی هورمزو ده‌ریای سور.
بۆ خۆبه‌دورگرتن له تێپه‌ڕین به گه‌رووی هورمزدا، سعودیه رۆژانه ملیۆنان به‌رمیل نه‌وت له به‌نده‌ری (یه‌نبوع) ره‌وانه ده‌كات، كه ده‌وێته باكور له‌سه‌ر كه‌ناراوی ده‌ریای سور.
كۆنترۆڵكردنی گه‌رووی (باب مه‌نده‌ب) له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه، هه‌نارده‌ی نه‌وتی سعودیه بۆ ئاسیا زیاتر په‌كده‌خات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر رۆشنایی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مدواییه‌ی حوسییه‌كان كه ده‌ڵێ: له ده‌ریای سور قه‌ده‌غه‌ی كه‌شتییه‌وانی به‌سه‌ر سعودیه‌دا ده‌سه‌پێنین؛ كه گه‌وره‌ترین هه‌نارده‌كاری نه‌وته له جیهان.
ئه‌و جه‌نگه‌ی كه ساڵانێك له یه‌مه‌ن به‌رده‌وام بوو، ساڵی 2022 به‌نێوه‌ندگیری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و له‌چوارچێوه‌ی ئاگربه‌ستێكدا راوه‌ستا، به‌ڵام نه‌بوو به چاره‌سه‌ری هه‌میشه‌یی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ده‌ن جه‌نگێكی گشتگیر ده‌ستپێده‌كاته‌وه.
گه‌رووی (باب مه‌نده‌ب) كه به‌هۆی مه‌ترسی كه‌شتییه‌وانی تێیدا به "باب الدموع"یش ناوده‌برێت، ده‌رگای باشوری ده‌ریای سوره، ده‌كه‌وێته نێوان یه‌مه‌ن له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی و جیبۆتی و ئێر‌یتیریا له كه‌ناراوه‌كانی ئه‌فریقا؛ ئه‌مه‌ش وایكردووه گه‌رووه‌كه ببێت به ده‌ستكه‌وتێكی ستراتیژی گه‌وره بۆ حوسییه‌كان، كه خۆیان له بنه‌ڕه‌ته‌وه كۆنترۆڵی ناوچه‌یه‌كی پڕ له دانیشتووانی یه‌مه‌ن و سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌كانی باكوریان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
گه‌رووه‌كه نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێك له گرنگترین رێڕه‌وه جیهانییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاو و سوته‌مه‌نی ده‌كات له ناوچه‌ی كه‌نداوه‌وه بۆ ده‌ریای سور له‌رێگه‌ی كه‌ناڵی سوێس یاخود هێڵی بۆرییه‌كانی (سومێد) له‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای سور له میسر، هه‌روه‌ك رێڕه‌كێكیشه بۆ ئه‌و كاڵایانه‌ی كه به‌ره‌و ئاسا ده‌ڕۆن، له نمونه‌ی نه‌وتی روسیا.
هۆشداری بۆ تاران
كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی (الجمهوریە)ی سه‌ربه تاریق ساڵح فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حكومه‌تی یه‌مه‌ن رایگه‌یاند، ئه‌و فه‌رمانده‌یه فه‌رمانی به گروپه‌كه‌ی كردووه له كه‌ناراوی رۆژئاوا، ناوه‌ندێكی فه‌رمانده‌یی جێگره‌وه له شوێنێكی پارێزراو دروست بكه‌ن.
فه‌رمانه‌كانی تاریق ساڵح كه برازای عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵحی سه‌رۆكی كۆچكردووی یه‌مه‌نه، ئاماژه‌یه‌كی نوێیه بۆ ئه‌وه‌ی حوسییه‌كان پاڵ به هێزه‌كانی (المقاومە الوگنیە الیمنیە) ده‌نێن بۆ دورخستنه‌وه‌یان له ناوچه‌ی رۆژئاوا.
له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا چه‌كداری حوسییه‌كان له‌ناو باره‌گایه‌كی ئه‌منی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی (حیس) له باشوری حوده‌یده ده‌رده‌كه‌ون، كه به‌هۆی پێشڕه‌وییه‌كانیانه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێرن و دروشمی "مه‌رگ بۆ ئه‌مریكا؛ مه‌رگ بۆ ئیسرائیل" ده‌ڵێنه‌وه.
سه‌رچاوه سعودی و پاكستانی و ئێرانییه‌كان ده‌ڵێن، پاكستان هۆشدارییه‌كی سعودیه‌ی گه‌یاندووه‌ته ئێران بۆ كۆنترۆڵكردنی حوسییه‌كان، ئه‌مه‌ش دوای زیادكردنی هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر سعودیه‌و وه‌كو هه‌وڵێك بۆ رێگری له خراپتربوونی قه‌یرانه‌كه.
به‌رپرسێكی باڵای ئێران جه‌ختی كرد، دوێنێ پاكستان په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاندوه‌ته تاران و وه‌ڵامه‌كه‌شی ئه‌وه بووه "ئێران كۆنترۆڵی به‌سه‌ر حوسییه‌كانه‌وه نییه".
به‌ڵام دوو سه‌رچاوه‌ی ئێرانی به (رۆیته‌رز)یان وت، تاران هه‌فته‌ی رابردوو داوای له حوسییه‌كان كردووه هێرش بكه‌نه سه‌ر سعودیه، به‌ڵێنی پێداون چه‌ك و پاره‌ی زیاتریان بۆ دابین بكات، هاوكات ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران گه‌شتیان كردووه بۆ یه‌مه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بن له هه‌ماهه‌نگی هێرشه‌كان.
حوسییه‌كان ساڵی 2023 جوڵه‌ی كه‌شتییه‌وانیان له ده‌ریای سور په‌كخست، وتیان ئه‌م كاره بۆ پشتیوانی فه‌له‌ستینییه‌كتن ده‌كه‌ن له‌وكاته‌ی كه ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه.
ئه‌مساڵیش كۆمه‌ڵه‌ی حوسییه‌كان ده‌ستیان به هێرشه‌كانیان كرده‌وه بۆسه‌ر كه‌شتییه‌وانی له ده‌ریای سورو سعودیه، ئه‌مه‌ش وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ هێرشی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران.
هێرش بۆسه‌ر شاره‌كانی سعودیه
دوێنێ حوسییه‌كان رایانگه‌یاند، گورزه‌كانی سعودیه پارێزگاكانی (جه‌وف)و (مه‌ئریب)و (سه‌عده)یان له‌سه‌ر سنوری یه‌مه‌ن و سعودیه كردوه‌ته ئامانج، له‌گه‌ڵ به‌ئامانجگرتنی پارێزگاكانی (ته‌عز)و (حوده‌یده) له سه‌ر ده‌ریای سور. حوده‌یده به گرنگترین پێگه‌ی حوسییه‌كان و بنكه‌ی سه‌ره‌كییان داده‌نرێت، له‌و هه‌ڵمه‌ته به‌رفراوانه‌ی بۆ به ئامانجگرتنی جوڵه‌ی كه‌شتییه‌وانی له‌م رێڕه‌وه ئاوییه زیندووه‌دا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
سعودیه هێرشه‌كانی خۆی بۆسه‌ر یه‌مه‌ن پشتڕاست نه‌كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام رایگه‌یاندووه به‌هۆی هێرشی حوسییه‌كانه‌وه بۆسه‌ر سعودیه، له چه‌ند رۆژی رابردوودا 73 كه‌س برینداربوون.
ساڵی 2014 حوسییه‌كان شاری سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌نیان كۆنترۆڵ كرد، حكومه‌تی دانپێدانراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی یه‌مه‌نیان ناچار كرد به‌ره‌و باشور‌و به ئاڕاسته‌ی (عه‌ده‌ن) بڕوات.
ساڵی 2015 سعودیه سه‌ركردایه‌تی ده‌ستوه‌ردانێكی سه‌ربازی كرد دژ به حوسییه‌كان، ئه‌مه‌ش له ترسی فراوانبوونی هه‌ژموونی ئێران له یه‌مه‌ن و ئاڵۆزی له سه‌ر سنوره‌كانی.
شه‌ڕی ناوخۆیی یه‌مه‌ن دواتر یه‌كێك له گه‌وره‌ترین قه‌یرانه مرۆییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌دوای خۆیدا هێنا، سه‌ریكێشا بۆ شه‌ڕێكی تاڵ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك و هێرشی ئاسمانی وێرانكه‌ری سعودیه‌و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆسه‌ر یه‌مه‌ن.
به پاڵپشتی ئێران، (عه‌بدولمه‌لیك حوسی) رابه‌ری حوسییه‌كان توانی ئه‌و گروپه‌ی كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری شاخاوی له‌خۆده‌گرێت بكات به هێزێك كه هه‌زاران شه‌ڕكه‌ر له‌خۆبگرێت.
له‌ماوه‌ی ساڵانی ململانێكانی یه‌مه‌ندا، حوسییه‌كان توانای گه‌وره‌ی خۆیان نیشاندا له بواری موچه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و، هێرشیان كرده سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتی و ژێرخانی سعودیه‌و ئیمارات.