سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

دوای نەمانی خامەنەئی چی؟

کوشتنی خامەنەئی لەم جەنگە تازەیەدا دەرگای لەسەر زیاد لە پرسیارێک لە ئێراندا کردۆتەوە.

بڵاوکراوەتەوە لە: 3 ئازار 2026

نوسینی:مەریوان وریا قانع

دوای نەمانی خامەنەئی چی؟

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

دوای نەمانی خامەنەئی چی؟
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
کوشتنی خامەنەئی لەم جەنگە تازەیەدا دەرگای لەسەر زیاد لە پرسیارێک لە ئێراندا کردۆتەوە. رەنگە یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکان ئەم پرسیارەبێت: ئایا تێزەی «دەسەڵاتی فەقیهی ئیسلامی»، ولاية الفقيه، چی لێدێت؟ خومەینی، کەداهێنەر و بەگەڕخەری ئەم تێزەیە، هەم خۆی و هەم  عەلی خامەنەئی جێگرەوەی، پیادەکەر و پارێزەری ئەم تێزە بوون و بەسەر کۆمەڵگا و دەولەتی ئێرانیدا سەپاندیان. 
خومەینی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩ و خامەنەئی لەدوای مردنی خومەینییەوە تا رۆژی شەمەی رابردوو، واتە بۆ ماوەی زیاد لە ٣٥ ساڵ، «وەلی فەقیهی» ناو حوکمڕانیی بووە لە ئێراندا. لەناو ئەو زمانە سیاسیەدا کە لە دوای ١٩٧٩ دروستدەبێت لەپاڵ دەستەواژەی « وەلی فەقیهی ئیسلامی»، دەستەواژەکانی تری وەک «رەهبەر» و «مورشیدی ئەعلا» و «مەرجەع» و «سەرۆکی باڵا» و «ئیمام»، بەکارهێنراوە و هەمووشیان هێمایان بۆ ئەوە کردوە کە ئەو کەسانە دەسەڵاتداری  ژمارە یەکی ئێران بوون. پێشنیار و ڕا و بۆچوونەکانیان حوکمی یاسایان هەبوو. سەرجەمی سیستمی حکومڕانییەکەش، بە کردەوە، بەدەوری تێگەیشتن و بۆچوون و ڕا و زەوق و سایکۆلۆژیای ئەواندا دروستکراوە. 
لەژێر دەسەڵاتی ئەم ئەم دوو مورشید و ڕەهبەرە ئەعلایەدا چەندان ملیۆن مرۆڤی ئەو وڵاتە کوژران، ژمارەیەکی گەورەش گیران و لە زیندانەکان توندکران،  سەدان هەزار مرۆڤ ڕاونران و وڵاتەکەیان بەجێهێشت، ئابوریی وڵاتەکە وێرانبوو، بێکاریی و نائومێدیی بە هەموو کون و قوژبنێکی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەوە. ژنان، کۆی ژیانی ژنان، خرانە ژێر رەحمەت و زەوق و تێگەیشتنی ئەم «مورشیدە ئەعلانە» و ئەو یاسایانەوە کە ئەوان بەسەر ژیانی ژناندا، سەپاندنیان. یاسایەک بەر لە هەمووشتێک، کەسایەتیی سەربەخۆ و ئازادیی لە ژنان دەسێنێتەوە. ئینجا نەتەوەکانی تری ناو وڵاتەکە و، دیندارە ناشیعییەکان و کەماۆەتییەکان، وەک مرۆڤی پلە دوو و پلە سێ مامەڵەدەکران و مامەڵەدەکرێن، هتد... 
ئەم دۆخە وادەکات یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم ساتەوەختە ئەوەبێت ئایا کۆتایی خامەنەئی کۆتایی سیستمی «ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیی»ە لەو وڵاتەدا؟
با سەرەتا لە شیکردنەوەی چەمکی ویلاتی «فەقیهی ئیسلامیی»ەوە دەستپێبکەین.  
بەمانا هەرە سادەکەی «ولايەتی فەقیەی ئیسلامی» مانای حوکمڕانیی مەلا یان خوێندەوارێکی ئیسلامی شیعەیە، کە لە ئێراندا پێیدەگوترێت ئایەتوڵا. ئەم حوکمڕانیەش دەبێت دروستبکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی لە دوای غائیببوونی دواهەمین ئیمامی شیعەوە، «ئیمام مەهدی»، دروستدەبێت. لە تێزی  «ولايەتی فەقیەی ئیسلامیی»دا، ئەم کەسایەتییە دینییە وەک نوێنەر و جێگرەوەی ئیمامی مەهدی کاردەکات. حوکمڕانیەکەیش تا ئەو کاتە درێژەدەخایەنێت کە ئیمام مەهدی کۆتایی بە غائیببونەکەی دەهێنێت و بۆ ناو جیهان دەگەڕێتەوە. لەزۆر سەورەوە ئیشی ئەم نوێنەرەی ئیمام مەهدی، بریتییە لە دامەزراندن و بەرقەرارکردنی «حوکمڕانیی خودا» لەسەر زەوی و بڵاوکردنەوەی ئیسلام بە جیهاندا.
لە فیقهی سیاسیی شیعیی کلاسیکیدا، ئیمامی مەهدی لە کۆتایی مێژوو و بەر لە کۆتاییهاتنی ژیان لەسەر زەوی، دەگەرێتەوە. ئەو دێتەوە بۆ ئەوەی جیهان لە کۆی پۆخڵەوات و کێشە و نەهامەتییەکانی ناوی، پاکبکاتەوە. بەڵام تا گەراندنەوەکەی باشترین شتێک شیعەکان بیکەن درێژەدانە بە چاوەروانیی کردنەکەیان و وازهێنان لە سیاسەت و مەسەلەی حوکمڕانیی. لەم دیدگایەوە سەرجەمی حوکمڕانییەکانی سەرزەوی،  لە غیابی ئیمامی مەهدیدا، حوکمرانییەکی ناشەرعیی و نایاسایی و نەشیاون. ئەوانەی حوکمرانن تاغوت و ستەمگەر و لەدین لادەرن. حەرامیشە کەسێک ببێت بە خەلیفە و لە شوێنی ئیمامی غائیب حوکمران بێت. لای شیعەکان تەنها کەمینەیەکی کەم دەسەڵاتەکەیان رەوایە و شەرعیەتی دینیی هەیە، ئەوانیش کەسانی سەر بە «ئەهلی بەیتن»، بە ئیمامی عەلی دەستپێدەکات و لە ئیمامی دوازدەهەمیندا، ئیمام مەهدی، کۆتاییدەێت. لەدوای ئەوانەوە هیچ حوکمڕانییەک لەسەر زەوی رەوا نییە.
 بەم مانایە «فیقی سیاسیی» شیعەکان لە دوای غائیببوونی ئیمامی مەهدییەوە فیقێکی دژە سیاسەتە. باشترین کارێک شیعەکان بیکەن خۆ دورخستنەوەیە لە سیاسەت و لە مەسەلەکانی حوکمڕانیی. بەڵام ئەم دیدە شیعییە بۆ سیاسەت و حوکمڕانیی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە، دەگۆڕێت. کەسایەتییەکی دینیی شیعیی بەناوی المحقق الترافی، کە لە ساڵی ١٨٢٨دا کۆچی دوایی کردوە، بۆ یەکەمجار تێزەی «ویلایەتی فەقیه» دادەهێنێت. دواتر خومەینی لە ساڵانی شەستی سەدەی بیسەتەمدا، ئەم تێزە دەکاتە تیوریەکەی سیاسیی و لەژێر ناوی پێداویستیی دامەزراندنی «حکومەتی ئیسلامیی»دا گەشەی پێئەدات. 
زۆر بە کورتیی، تێزەکە باس لەوەدەکات بۆ خێرا گەڕاندنەوەی ئیمام مەهدی پێویستە هەلومەرجی گەڕاندنەوەکەی ئامادەبکرێت، ئەو هەلومەرجەش کاتێک ئامادەدەبێت کە حکومەتێکی ئیسلامیی لەژێر دەسەڵاتی وەلی و فەقیهێکی ئیسلامیدا دروستببێت. لەم رێگەیەوە خومەینی گۆڕانێکی گەورە بەسەر فیققی سیاسیی شیعیدا دەهێنێت و بەشەوەیەکی تەواو تازە دایدەرێژێتەوە. چەندان لێکۆڵینەوە باس لە کاریگەریی نووسینەکانی سەید قوتب و تێزەی «حاکمیەتی خودا» لای سەید قوتب، لەسەر خومەینی دەکەن. «حاکمیەتی خودا» لای خومەینی لەرێگای حاکمیەتی ئایەتوڵایەکەوە بەرجەستدەبێت. 
لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانیشەوە ئەم تێزی «ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیی»ە دەبرێتە ناو دەستوری ئێرانییەوە و لە ١٦ شوێنی ئەو دەستوردا باس لە مەسەلەی ویلایەتی فەقیهی ئیسلامی دەکرێت. دەستوری ئێرانی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە سەرکردایەتی وڵاتەکە دەبێت لە دەستی فەقیهێکی ئیسلامیدا بێت و ئەو رەهبەرە پارێزەری دەزگا جیاوازەکانی ناو سیستمە کۆمارییەکە و ئەرکە سەرەکییەکانی بێت، بۆ ئەوەی لە هەرشتێک بە لادانی بزانێت، بپارێزێت. بە رای زۆر کەس ئەو دەسەڵاتانەی دەستوری ئێرانی بە رەهبەر یان سەرۆکە ئیسلامییەکەی دەبەخشێت، زۆر زۆر زیاترە لەو دەسەڵاتانەی دەستوری ساڵی ١٩٠٦ لە ئێراندا بە شای ئێرانی دەبەخشیی. 
لە ناو کەلەپوری شیعەدا شتێک هەیە ناوی «ئیمامی مەعسوم»ە، ئیمامە شیعەکانی سەر بە ئەهلی بەیت، لە ئیمامی عەلییەوە تا ئیمامی مەهدی مەعسومن و بەهیچ جۆرێک هەڵە ناکەن. خەڵک نەک ناتوانن رەخنەیان بکەن و رای جیاوازیان لە رای ئەو ئیمامانە هەبێت، بەڵکو دەبێت گوێرایەڵیان بن و ئیتاعەتیان بکەن. هەندێک لە شیعە باوەرىان وایە پێگەی ئەم ئیمامانە وەک پێگەی پێغەمبەران وایە، خودا خۆی ئەوانی هەڵبژاردوە ببن بە ئیمام و پێشڕەوی موسڵمانان بکەن. ئەم کەلەپورە دینییە لەزۆر سەرەوە دزە دەکاتە ناو ئەو کەلەپورە سیاسییەی لەگەڵ تێزەی «ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیی»دا لەدایکدەبێت و دەبێت بە بەشێک لەو کولتورە سیاسییەی «ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیی» لەگەڵخۆیدا دروستیدەکات. خەڵک بەرامبەر بە بڕیارەکانی رەهبەرە حوکمرانەکە، پێویستە تەنها یەک کاردانەوە نیشانبدەن: گوێڕایەڵیی و ئیتاعەتکردن. نەک هەر خەڵکی ئاسایی وڵاتەکە، بەڵکو سەرجەمی ئەو پیاوە دینییانەی تریش کە سیستمی ویلایەتی فەقیهیان قبووڵە. ئەوانەیشی ئەم سیستمەیان قوبڵ نییە، ناتوانن وەڵامی فەقیهە ئیسلامییە حوکمرانەکە بدەنەوە، چونکە وەڵامدانەوەی ئەو وەک وەڵامدانەوە بە ئیمامی مەهدیی و لە ڕێگای ئیمامی مەهدیشەوە، بە خودا وایە. هەرچی رەهبەرە ئیسلامییە حوکمڕانەکەشە، پێویستە هەمیشە هەم شیعەبێت و هەم پیاو، کەسانی ناشیعە و ژنان، ناتوانن ئەو پێگەیەیان هەبێت. 
لە ئەزموونی ئێرانیدا «وەلی فەقیهی ئیسلامیی»، ئەو مەرجەعەیە کە دەبێت هەمووان بۆی بگەرێنەوە و بریار و دەسەڵاتەکانی قبووڵ بکەن، ئەو بارەگایەشی کە هەیەتی «بارەگای مورشیدی ئەعلا» بەهێزترین دەزگای ناو سەرجەمی حوکمڕانییەکەیە. دەسەڵاتەکانیشی دەسەڵاتی هەمەجۆر و بەرفراوانن و لە واقیعدا بێلێپرسینەوە و چاودێریکردنیشن. ئەم دەسەڵاتە زۆر لە دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری ئێران زیاترە کە لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەستنیشاندەکرێت. 
دەسەڵاتەکانی «ڕێبەری ئەعلا» لەیەککاتدا ئەم دەسەڵاتانە دەگرێتەوە: ١-  بەرپرسیارێتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان. ٢- توانای راگەیاندنی شەڕ ٣- دامەزراندن و دەرکردنی نیوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستور ( مجلس صيانة الدستور ). ٤- دانان و لابردنی سەرۆکی دەسەڵاتی داوەریی. ٥- دانان و لابردنی بەرپرسی پەخشی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران. ٦- دانان و لابردنی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. ٧- دانان و لابردنی فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان. 
لە رووی کردەیشەوە دەسەڵاتی رەهبەر زۆرجار ئەو دەسەلاتانەی تێپەڕاندوە. ڕەهبەر، بۆ نموونە، هەژمونی بەسەر پەرلەمانی ئێرانیدا هەبووە. هەژموونی بەسەر دەزگای سەرۆکایەتی کۆماردا هەبووە کە سەرۆک کۆمار خۆی بە هەڵبژاردن بووە بە سەرۆک کۆمار. خومەینی لە ساڵی ١٩٨١دا ئەبولحەسەن بەنی سەدری، یەکەمین سەرۆک کۆماری جمهوری ئیسلامی، لە کارەکەی دوورخستەوە کاتێک بەنی سەدر سەرپێچی لە هەندێک لە ڕێنماییەکانی ئەو کرد.هتد.. رەهبەریش  تا نەمرێت جێگەکەی ناگیرێتەوە، ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی هەتا مردنی هەیەتی، مەگەر نەخۆشیی وایلێبکات نەتوانێت حوکمڕانبێت. 
بەمجۆرە لەگەڵ تێزەی «ویلایەتی فەقیهی ئیسلامیی»دا فۆرمێک لە دیکتاتۆریەتی دینیی دروستدەبێت کە لە مێژوودا کەموێنەیە. دیکتاتۆریەتێک داپۆشراو بە موقەدەساتی دینیی و بە قسەکردن بەناوی خودا و پێعەمبەر و ئیمامی غائیب و ئیسلامەوە. 
پرسیاری ژمارەیەکی ئەمرۆکەی کۆمەڵگای ئێرانی ئەوەیە ئایا نەمانی خامەنەئی نەمانی ئەم تێزە و نەمانی ئەو سیستمەیە کە لەو تێزەوە دێتەدەرێ؟ نەمانی خامەنەئی هەنگاوێک نەبێت بەرەو لەگۆڕنانی تێزەی «ولایەتی فەقیهی ئیسلامیی» هیچ مانایەکی نابێت. پرسیارەکە ئەوەیە دوای نەمانی خامەنەئی چۆن رێگە لە دروستبوونی ستەمگەرێکی دینیی و نادینی بگیرێت کە نەتوانێت ئەو کارەسات و تراژیدیانە دووبارەبکاتەوە کە ستمەگەریی ئیسلامیی لە وڵاتەدا سەروەریکردبوو.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 5 کاتژمێر

ئەنجومەنی كاتی بەڕێوەبەردنی ئێران

null
٢٤ شوبات ٢٠٢٦

بۆردومان و جموجۆڵی سەربازی نوێ؛ پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیاو پەکەکە بنکۆڵ دەکات

null
٢٣ شوبات ٢٠٢٦

ستراتیژی ئیسرائیل لە "پلانی ئینۆن " (Yinon Plan)